ویژدان ناسنامەی ڕەسەنی مرۆڤە !

گۆهدار شكری ئاكرەیی

گومانی تێا نیە هێزێکی فرەوان و شاراوە لە دەروونی هەریەک لە ئێمەی مرۆڤدا هەیە، ئەم هێزەش لە ڕێگای کاریگەرییەکانەوە هەستی پێ دەکرێت؛ هەر تاکێک کاتێ ئەم هێزە بە دروستی دەخاتە بواری کردارەوە بە شێوەیەکی زۆر کاریگەر خزمەت بە مرۆڤایەتی دەکات و ڕێ لە پێشێلکردنی بەهای مرۆڤایەتی دەگرێت. بە پێچەوانەوە ئەم هێزە ڕەهایە، ئەگەر بە نادروستی بەکاری بهێنی ژیان پێی دەشێوێ و ژیانێک لە شێوەی هەڕەمەکی بەدی دێ. ئەم هێزە بە زمانی دەروونناسان پێی دەڵێن ویژدان کە هەموو مرۆڤێک هەلگری ئەم هێزەیە، بەڵام ئەوەی ئێمە ‌مەبەستمانە، بە داخەوە ئەم هێزە ویژدانییە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازیەکی زۆری تێا بەدی دەکرێت لە دەربڕینی، کەچی زۆر لە دەرونناسانی ئەم بوارە پشتڕاستیان کردۆتەوە لە سەرەتای تەمەنی هیچ مرۆڤێک ئەم هێزە ڕەهایە بە شێوەی ئەرێنی یا نەرێنی لە چارەنووسی هیچ مرۆڤێک دیار نەکراوە! بەڵکو سەرچاوەی ئەم هێزە لە هەنگاوەکانی سەرەتای ژیانی هەر تاکێک ڕاستەوخۆی لەسەر ناخ و دەروونی تاکەکە بە خێرایی کاریگەری دەنێتەوە. واتا پەیوەندی ڕاستەو خۆی بەکاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنیە کۆمەڵایەتیەکانی ئەو تاکە هەیە لەو ژینگەو پەروەردە دروست و نادروستەی تاکەکە خۆی تیا دەبینێتەوە، تاچەند پڕ لە ململانێ و ڕق و تەبایین، کە ئەمانە هەمووی پاڵنەری سەرەکین بۆ شێواندنی ئەم هێزە، تا چەند ئاڵۆزانە و قووڵتر لە پێویست لە ژیان بڕوانێ یا بە شێوەیەکی ساکار و سادە لەگەڵ هێزەکە گەشە بکات و شارەزایی و ئاگایی هەبێ بەرامبەر بە چۆنیەتیی ژیان و، پەیڕەوی هەست و سۆزی بەکوێرانە ئەنجام نەدات، بە پێچەوانەوە بەر لە ئەنجامدانی هەر کارێکی شیکاری دروست بکا و بیر و ڕا وەربگرێ تا چەند ئەو هەستە سوود بەخشە یان زیان بەخشە، دەرنجام ئەم کەسایەتیانە تا لە ژیاندان حەزیان لێ نیە بەهیچ شێوەیەک کەسێک ببێتە قوربانی هەستی ناخۆشی، لەهەمان کاتدا خۆی بە بەختەوەر دەزانێ کاتێ بەرامبەرەکەی بگاتە ئەو شتەی کە ئاواتخوازە لە ژیانیدا، چونکە هێزی ویژدان مایەی یارمەتی دەری مرۆڤایەتیە و بە بەختەوەرانە بژیت، کەچی ئەوانەی فەرامۆشی ویژدان دەکەن، خاوەن هەستێکی لاواز و خۆویست و ترسنۆکن. ڕۆژ بە دوای ڕۆژ هەستەکانی لاوازتر دەبن و بە هیچ شێوەیەک هەستەکانی ئازاری نادات! بە پێچەوانەوە چێژ لە ئازاردانی مرۆڤ وەردەگرێ و چێژوەرگرتن دەبەستێتەوە بە ئازاردانی خەلک، هەردەم هەڕەشەی مرۆڤایەتی دەکات هەرئەوەندەیە کەسێک خۆی بەدەستیەوە بدات لەناوی دەبات، بەڵام بەرامبەر بە کەسایەتیەکی خۆڕاگر و بەهێز گەورەترین لاوازی بۆی دەنوێنێ لە ترسی مەرگ و لەناوچوونی و مەرامە نادروستەکانی؛ ئەوەی زۆر گرنگە و ئاماژەی پێ بکرێت، ئەم کەسایەتیانە زۆر بەزەحمەت بتوانن زاڵ بن بەسەر ئەم هێزە دەرونیە نادروستەی کە هەموو ناخ و دەروونی داگیر کردووە، بە هیچ شێوەیەک ڕۆژێ لە ڕۆژان ناتوانێ وەک کەسێکی ئاسایی خاوەن‌ویژدان ڕەفتار بکا ئەگەر بیکاتیش کاتیە، کەواتە لە کۆتاییدا دەتوانین ئەوە بڵین، ویژدان ناسنامەی ڕەسەنی مڕۆڤە بە گشتی. تاکە هێزێکی یەکلاکەرەوەیە یان دژایەتی بەرامبەرمانی پێ بکەین یان یارمەتی دەربێ بۆ ئەوەی مرۆڤ بە بەختەوەری بژیێت.

ھەواڵی زیاتر