مەشخەڵ كەوڵۆسی
لەم چەند ڕۆژەدا هەڵمەتەكانی سەر مەسرور بارزانی چڕتربوونەتەوە، دیارە بەهۆی نزیكبوونەوەی وادەی هەڵمەتی هەڵبژاردن و لێكەوتەكانییەوە ئەم بابەتە چاوەڕوانكراوە. بەڵام ئەوەی جیای دەكاتەوە لەهەر بابەتێكی تر، ئەوەیە كە نەیارەكانی مەسرور بارزانی، دەیانەوێت سەرجەم كێشەكان بە مەسرور بارزانیدا هەڵبواسن.
ئەوەی ئەوان لە دەیانەوێت بیكەنە كەرەستەی هەڵبژاردن، لە ئەدەبیاتی سیاسیدا، پێی دەگوترێت شەخسەنەكردن، یاخود بەشەخسیكردن. واتە تۆبێیت هەموو كێشە و گرفت و ناتەواوییەكان ببەستیتەوە بەكەسێكەوە. ئەمە ڕەوتە پۆپۆلیست و هەڵاكارەكان پێی هەڵدەستن و، لەهەر چركەیەكیشدا پێویستە چاوەڕوانی ئەو هەڵمەتە بكرێت.
بەندە وەك هاووڵاتییەكی ئەم كوردستانە و، هەروەها وەك نوسەرێكی سادەش، ئەگەر بمەوێت ئەو ڕەوتە بخەمە بەردەم دادگاییكردنێك و داوای فاكت و بەڵگە و پێوەر و جەوهەریان لێ بكەم، هەست دەكەم غەدریان لێدەكەم، چونكە ئەوانیش وەك ئێمە دەزانن كە بانگەشە و پڕوپاگەندەكەیان، زیادەڕەوییەكی كوشندە و ناهەقییەكی ئاشكرای تێدایە. بەڵام چی بكەین لەگەڵ ئەوەدا كە هەمیشە لەناو ڕەوتە پۆپۆلیستەكاندا، لۆژیك و پێوەر و ویژدان هیچ بەهاو پێگەیەكیان نیەو، سایكۆلۆژیای سادەی زۆرینە زاڵە و هەموو دەنگێكی پێچەوانەی ئەوە دەپلیشێنێتەوە.
بەشەخسیكردنی كێشەكان، ڕۆح و ناوكرۆك و جەوهەری پۆپۆلیزم و، خراپترین جۆری گوتاری سیاسییە.چونكە نەبنەڕەت و نەئەنجامی واقیعی و لۆژیكی نابن و، چارەسەری هیچ گرفتێكیش ناكەن. تەنها وەهمێك بۆ خەڵكی دروست دەكەن و، سەرئەنجام جگە لە نیقاشی بێزەنتی بێزاركەر و بەفیڕۆدانی كات، هیچ بۆ جەماوەر نامێنێتەوە.
ئێوەبوون هەر لەسەرەتاوە كێشەی بڕینی مووچەتان كردە كێشەیەكی شەخسی، چارەسەرەكەیشیتان كردە شەخسی. هەر سەرۆكوەزیرانێكی عێراق هات، هەر وەزیرێكی دارایی عێراق هاتە پێشەوە، ئێوە دەستتان كرد بە هەڵپەڕین و گوتتان: ئەمە كێشەكە چارەسەر دەكات. تاوێك عەبادی و تاوێ كازمی و دواتاویش سودانی. یەك سەرۆكوەزیران نیە ئێوە ڕیكلامی بەلاشتان بۆ نەكردبێت و چارەسەری كێشەی مووچەتان بەوەوە نەبەستبێتەوە. كەچی دواجار جەماوەری كوردستان هیچی دەستنەكەوت.
بەشەخسیكردنی كێشەكان، زیانەكەی ئەوەندە زۆر و بێزاركەرە، هەرخۆی كەفیلە بە هەڵوەشاندنەوەی خۆی. ئێستا بە هێمنی دەكرێت بپرسین: چۆن و بەچ پێوەرێك دەرئەنجامی كۆمەڵێك كێشەی كەڵەكەبووی دەیان ساڵ، دەخرێتە ئەستۆی تاكە كەسێك؟ ئایا ئەم خیتابە ترۆپكی گاڵتەكردن نیە بە خەڵك و ئازارەكانی خەڵك؟ ئایا لەجەوهەردا پێش ئەوەی دژایەتی مەسرور بارزانی بێت، دژایەتی خەڵك نیە؟ مەگەر خەڵك تاوانیان چییە بەوجۆرە گاڵتە بە ئەقڵیان بكرێت؟.
بەشەخسیكردنی كێشەكان، مەبەست سادەكردنەوەی كێشەكانە بۆ ئاستێكی تەواو نزم و ڕووتكردنەوەی لەجەوهەر، تاكو خەڵك بخەڵەتێن و پێیان وابێت ئەگەر مەسرور بارزانی لەپۆستەكەی نەبێت، ئیتر كێشەكان چارەسەر دەبن!. ئەمە لەكاتێكدایە خودی ئەوانەی گوتارەكە بڵاودەكەنەوە، لەهەمووان باشتر دەزانن كە بانگەشەكەیان ناڕاستە و، مەلەسەكان زۆر لەوە قووڵتر و كۆنتر و دوورترن كە ئەوان بانگەشەی بۆ دەكەن.
ئیدارە و سیاسەت و دیپلۆماسیەت، بریتین لە خیبرەی كەڵەكەبوو، لەگەڵ مەعریفەی قووڵ و تیۆری و نەریتی دەستاودەستپێكراو. كورد لەمێژووی دوور و درێژیدا، هێشتا خاوەنی دەوڵەت و ئیدارەی خۆی نەبووە، چۆن و بەچ شێوازێك هەموو كێشەكان وابەستە دەبن بە هەبوون و نەبوونی كەسێك لە پۆستیكدا؟ دەبێ كێ ڕێگە بگرێت لەو شاڵاوی دیماگۆژیەت و عەوام فریودانە مەترسیدارە؟.