نامه‌ عاشقانه‌كانی غولامحسێن ساعدی

خالید فاتیحی

نامه‌ی 27
تاهیره‌ی ئازیز و نازه‌نینم

به‌یانی زووه‌ هێشتا له‌ناو جێگادام، كه‌ ئه‌و نامه‌یه‌ت بۆ ده‌نووسم. ئه‌و ماوه‌یه‌ چاوه‌ڕوانی نامه‌ی تۆ بووم ده‌مزانی كه‌ ناینووسی، به‌ڵام هه‌ر چاوه‌ڕوانبووم.
دوای پینج شه‌ش رۆژی دیكه‌ شانۆگه‌ریه‌كه‌م له‌ ته‌له‌ڤزیۆن بڵاوده‌كرێته‌وه‌، هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ پرۆڤه‌یه‌كی جددی ده‌كه‌ن و منیش به‌یانی و ئێواران بۆ ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێك له‌لایان ده‌بم. خۆزگه‌م ده‌خواست لێره‌بای لانیكه‌م ئه‌نجامی ئه‌و ئه‌زیه‌ته‌ی بۆ وێنه‌كانت كێشا، به‌ چاوی خۆت دیتبات. به‌ڵام پێموایه‌ كه‌ ئه‌و رۆژانه‌مان زۆر له‌ پێشن تا ئه‌و رۆژه‌ی شانۆگه‌ریه‌كه‌مان ده‌كه‌وێته‌سه‌رپێ.
گرێبه‌ستی كتێبه‌كه‌یان جێبه‌جێ كردووه‌. هه‌قی چاپی یه‌كه‌م دوو هه‌زار تمه‌نه‌ و بۆ چاپه‌كانی دواتریش بۆ هه‌ر هه‌زار به‌رگ پێنج سه‌د تمه‌ن نووسراوه‌. ئه‌مریكا ئه‌مریكا چاپكراوه‌ هه‌روه‌ها (خۆناسین) كه‌ له‌ ته‌ورێز وه‌رمگێڕاوه‌، هه‌ر هه‌موانت بۆ ده‌نێرم.
هێشتا بێكارم. هیچ كارێكم په‌یدانه‌كردووه‌ و نازانم چیبكه‌م. بێ به‌رنامه‌ ماومه‌وه‌.
مێشكم پڕه‌، ئه‌گه‌ر ئارامی و كونجێكم هه‌با ره‌نگه‌ هه‌موو رۆژێك چیرۆكێكم نووسیبا. دیسانه‌وه‌ ده‌ستیپێده‌كه‌م و ئه‌وه‌ی دیكه‌ش له‌و جه‌نجاڵیه‌دا به‌جێدێڵم. ده‌كرێ به‌وه‌ش بڵێن به‌دبه‌ختی و بێ شانسی. ده‌زانی خه‌تا له‌ من و له‌ تۆ نییه‌. خه‌تای جه‌نجاڵییه‌. ده‌زانم كه‌ ئاخیری ئه‌و هه‌موو سه‌رگێژی و سه‌رگه‌ردانییه‌ سڵاو و خۆشه‌ویستی چییه‌. هه‌رچۆنیكبێ راده‌كه‌م و په‌نا دێنمه‌وه‌ به‌رتۆ. باوه‌شی تۆ ئارامترین په‌ناگامه‌.
تۆ په‌ناگای منی.
1/7/1343 هه‌تاوی
غ- س
نامه‌ عاشقانه‌كانی نووسه‌ری ناوداری ئێران، غولامحسێن ساعدی (1935-1985) كه‌ بۆ تاهیره‌ی كوزه‌گه‌رانی نووسیون.