حەرفێکی خودایی

حەمەسەعید حەسەن

ئەو زمانەی سۆفییەکان پێی دەنووسن، زمانێکی ڕەمزییە، شارەزای ئەو زمانە و هونەری نووسینی سۆفییانە نەبین، لە تێکستیان تێناگەین، ئاخر لە دەقەکانیاندا، نەک هەر وشەکانیان، تەنانەت حەرفەکانیشیان ڕەمزن. بەگوێرەی دەقی قورئان، ئەگەر زەریا: مەرەکەب بێت، هێشتا بەشی نووسینەوەی پەیڤە جوان و هێژاکانی خودا ناکات. ناکرێت ئیسلام پەسەند بکەین و حەرفەکانی زمانی عەرەبی نەناسینەوە، چونکە وەحی لەڕێی ئەلفوبێی عەرەبییەوە هاتووە و لە غەیری عەرەبی، ناتوانین بە هیچ زمانێکی دیکە، بە تەواوی ناوەکانی خودا بدرکێنین و باسی سیفەتەکانی بکەین.
بیست و نۆ سوورەتی قورئان بە حەرف نەک بە وشە دەست پێ دەکەن، لەوانە: سوورەتی بەقەرە بە ئەلف لام میم دەست پێ دەکات، سوورەتی غافر بە حاء میم و سوورەتی قەڵەم بە نوون. سوورەت هەیە هەم ناوی حەرفێكی لێ نراوە و هەم بەو حەرفەیش دەست پێ دەکات، وەک سوورەتی قاف و سوورەتی صاد. سوورەتیش هەیە، ناوەکەی دوو حەرفە و بەو دوو حەرفەیش دەست پێ دەکات، وەک سوورەتی یاء سین و سوورەتی تا ها (طە). سوورەتی مەریەم تاقە سوورەتە کە بە پێنج حەرف دەست پێ دەکات: کاف، ها، یاء، عەین و صاد: کهیعص.
هەر زوو سۆفییەکان کەوتنە لێکدانەوەی مانای ئەو حەرفانە کە هەر یەکەیان ڕەمزێکە، مەبەستێکی لە خۆیدا حەشار داوە و ئەگەر لە مەبەستی ئەو حەرفانە حاڵیی نەبین، زەحمەتە بە دروستی لە نهێنییەکانی دەقەکانی قورئان تێبگەین. حەرفەکان هەر یەکەیان بەهایەکی بە ژمارە هەیە، حەرفی ئەلف کە یەکەمین حەرفی ئەلفوبێیە و بە ژمارە بەهاکەی یەکە، وێڕای قەدی مەعشووق، ڕەمزە بۆ زاتی خودایش. (هو) کە بەهاکەی (٥+٦) (١١) یازدەیە، بێجگە لە خوا، دەشێت ئاماژەیش بێت بۆ مێژووی کۆچی دواییی پەیامهێن کە ڕێکەوتی ساڵی یازدەی هیجرییە. ئەوانەی ئیشیان لەسەر حەرف دەکرد، (حەرف)ییەکانیان پێ دەگوترا، ئەستەرئابادی کە بە حەللاج سەرسام بوو، هەمان چارەنووسی ئەویشی هەبوو، یەکێک بوو لەوانە.
سیمات دەڵێی مەسحەفێکە
بێ هەڵە بە خامەی قەدەر
بە میسک نووسرابێتەوە
شاعیرانی سۆفی ڕوخساری مەعشووقیان بە ئایەتی قورئانی جوان نووسراوە دەچوواند. دەمی بچووکیان بە میم دەشوبهاند، بەژنی زراڤ بە ئەلف، چاویش بە صاد کە مەبەستیان ئەوەبوو لە بادام دەچێت و قژی لوولیش بە لام. شەش سوورەت بە ئەلف لام میم دەست پێ دەکەن، بۆیە شاعیری سۆفی دەیگوت: قەدت ئەلف و قژت لام و دەمت میم.(١)
حافیز گوتوویەتی:
پەڕەی دڵم تەنیا ئەلفی قەدی یاری لێ نووسراوە
مامۆستاکەم حەرفی دیکەی فێر نەکردووم.
مەولانا گوتوویەتی:
کە یار سەیری مەسحەفی دڵی منی کرد
سەر و بۆری حەرفەکانی کەوتنە سەما.
جامی دەڵێت:
ئاوی فرمێسک
مەرەکەبی گوناهی ڕەش دەسڕێتەوە
ئاخر خودا
ئەشکی ئینسانی خۆش دەوێ
قەڵەم ڕەمزە بۆ شاعیری سۆفی و نهێنییەکانی خاوەنەکەی نادرکێنێت. لای عەتتار، قەڵەم بە زمانی بڕدراوەوە، لەسەر لەوحی عەدەم دەبزوێت. (ئەگەر سەرم ببڕیت، وەک قەڵەم لەسەر سەر دەڕۆم.) لەکن عەتتار قەڵەم پێوەندیی بە نوونەوە هەیە، (نون والقلم وما یسطرون..) نوون بە مانای نەهەنگیش دێت، مەولانا دەڵێت:
لە حاڵی یونسم پرسی
کە لە ڕۆخی زەریای ئەڤین ڕۆنیشتبوو
گوتی: خۆراکی نەهەنگ بووم
بۆیە چەماوەم وەکوو نوون
شاعیرانی سۆفی بە کاریگەریی ئەو حەرفانەی کە دەستپێکی بیست و نۆ سوورەتن، بیرۆکەی سەرنجڕاکێشیان بۆ هاتووە. (ألم)ی سەرەتای سوورەتی بەقەرە، ئەگەر (ئازار) بێت، زادەی ئەوەیە کە شاعیر، لە ئەلفی قەدی یار، لە لامی زوڵفی و لە میمی دەمی، دوورە. (ألم) لێکدانەوەی تریش هەڵدەگرێت، ئەلف: خودایە، میم: موحەممەدە و لامیش دوا حەرفی (جوبراییل)ە، کە لای خواوە، قورئانی بۆ پەیامبەر هێناوە. مەولانا گوتوویەتی: (ألم) و (حم) کە یەکەمیان دەستپێکی شەش سوورەتە و دووەمیان سەرەتای حەوت سوورەت، وەک عەسا ئەفسووناوییەکەی مووسا وان، پڕن لە نهێنی. دەڵێن ناوی کتێبی (گواسین)ی حەللاج، لە (طس)ی دەستپێکی سوورەتی مێروولەوە هاتووە. بەشێک لە کتێبی جاویدنامەی موحەممەد ئیقبال، ناوی ((طاسینی پەپامهێن)ە، تێیدا باسی گەشتە ڕۆحییەکەی پەیامهێن بۆ ئاسمان دەکات و ئەوەیشی تێدا دەدرکێنێت کە (ماڵی جنۆکە لە هەمان فەلەکی مانگدایە.)
هەندێک لە سۆفییەکان، ئیشی ئینسانیان بە ئیشی قەڵەم دەچوواند. هەندێکی تریان پێیان وابوو، حەرف بە حیبر دەنووسرێت، بۆیە ئەگەر حیبر نەبێت، حەرفیش نابێت، حەرف هیچ ئیشی نییە، ئەوە نەبێت، هەبوونی حیبر دەسەلمێنێت. حیبر سەرچاوەی حەرفە، حەرف هیچ مانای نییە، ئیللا ئەو وەختە نەبێت، کە لە وشە، یان ڕستەدا بەکار دەهێنرێت. لای حافیز، حەرفی ئەلف کە بەها ژمارەیییەکەی یەکە، حەرفێکە خودایی، ئاخر تاکوتەنیاییی خودا دەسەلمێنێت. ئەلف ڕەمزی خودایە، چونکە هەم تەنیایە و لە هەموو شتێک جودایە، هەم پێوەندیی لە نێوان هەموواندا، بە زیندەوەر و بێگیانیشەوە، خوڵقاندووە، ئاخر (ألف)ە، (ئولفەت) بە مانای هۆگربوون و تەنانەت خۆشویستنیش دێت.
*
(*) أنا ماري شیمل، ألأبعاد الصوفیة في ألإسلام و تأریخ التصوف، ترجمة: محمد إسماعیل السید و رضا حامد قطب، منشورات الجمل، الطبعة ألأولی ٢٠٠٦ بغداد.
(١) (نالی)یش گوتوویەتی:
لەبت میم و قەدت ئەلف و زوڵف چیم
دەزانی بەم سییانە تالیبی چیم؟

ھەواڵی زیاتر