خۆویستی ڕەوشتێکی ناپەسندە

عومەر چنگیانی

گوتاری هەینی ڕابردوو٢٣ی٨ی٢٠٢٤ی زۆرینەی مزگەوتەکانی کوردستان هەماهەنگییەکی زۆری پێوە دیاربوو کە لقی گەرمیانی بۆردی گوتار ئامادەکردن بە هەماهەنگی لەگەڵ بۆردی باڵا ئامادەمان کردبوو وەک پابەند بوونیش، لە دوانگەی مزگەوتی خەدیجە کوبرا کردمانە توێشووی گوتاری ژمارە٢٥٨مان و لێرەدا پوختەیەکی دەخەمەبەردیدی خوێنەرە بەڕێزەکانی گۆشەی لە هەر خەرمانەی گوڵێک، کە تیایدا هاتبوو: (خوای گەورە لە ئایەتی ٩ ی سورەتی (حەشر)دا لەپێدا گوتن و هاندان و بیرهێنانەوەی بڕواداران دا دەفەرمێت: (بڕوادارانی ڕاست خەڵک وەپێش خۆیان دەخەن با بۆخۆیشیان زۆر خاوەن پێداویستی بن، خۆ گەر کەسێک خوا یارمەتی دابێت دەربازی کردبێت لە بەخیلی و ڕدژی ئەوە لەبەختەوەرانە). دینی ئیسلام هانی مسوڵمانان دەدا لەسەر خۆنەویستی و هاوکاری یەکتری بۆ ئەوەی هەمووان بەشێوازێکی دادپەروەرانە بژیەن و موسڵمانانی ئاگادار کردۆتەوە لە خۆویستی، چونکە ئەنانیەت پێچەوانەی بەها بەرزەکانەو دەبێتە مایەی ڕق و قینەی نێوان خەڵکی . هەندێ خەڵک لە ژیاندا تەنها بۆخۆی بەرژەوەندیەکانی دەژیێ بێ گوێدانە بەرژەوەندی خەڵکانیتر، ئەمە ڕەوشتێکی ناپەسندەو شەرعی ئیسلام موسڵمانانی لێ ئاگادارکردۆتەوە .
مانای خۆویستی لە قورئان و فەرموودەدا .
الأنانیە : وشەیەکە وەرگیراوە لە ( أنا ) بەواتای : خۆویستیەکی لەڕادەبەدەر بێ گوێدانە خەڵکانی دیکە . بەم شێوازە پێچەوانەی ڕەوشتی هاریکاری و خۆنەویستییە، کەواتە مرۆڤی خۆویست تەنها ووشەی ( من )ی لەسەر زوبانەو هەموو کارێک بۆ بەرژەوەندی خۆی دەشکێنتەوە بێ لایی کردنەوە لە بەرژەوەندی خەڵکان بەگشتی، نەخۆشی خۆویستی هێندە مەترسیدارە هەندێجار دەگاتە ڕاددەی کوشتنی بەرانبەرەکەی وەکو ڕووداوی دوو کوڕەکەی ئادەم ( علیە السلام )
خۆویستی لە قورئانی پیرۆزدا :
خودای گەورە هەندێ نمونەی خۆویستی باسکردوە لە قورئانی پیرۆزدا کە سەرەنجامیان چی بوەو موسڵمانیشی لێ ئاگادارکردۆتەوە کە وەکو ئەوان نەبن :
یەکەمین و سەرکردەی خۆویستان، ئیبلیسی نەفرینی کە دامەزرێنەریووشەی (من)ـە.
پاشان فیرعەون و دواتر قاڕونی خۆبەزلزان …
ب- خۆویستی لە فەرمودەی سەروەرمان .
زیانەکانی خۆویستی لەسەر تاک و کۆمەڵگا .
أ- بڵاوبوونەوەی حەسودی و ڕق لەنێوان خەڵکی .
ب- پێچەوانەی ڕەوشتە بەرزەکانە .
ج- چاندای تۆوی ڕقەبەرایەتی لەنێوان خەڵکی .
د- ترس لە ناوزەدکردن بە خۆبەزلزان و مەغرور .
ه- سووک سەیرکردنی خەڵک و خۆشەویستی پلەو پۆست .
و- خەشموقینی خوا ئەگەر تەوبە نەکا .
جۆرەکانی خۆویستی و لایەنەکانی .
بەداخەوە لە ئێستادا جۆرەکانی خۆویستی بڵاوەی کردوە لە نێوان خەڵکیدا، بە ئاشکرا لە ڕێگاوبان و شوێنی کار و تەنانەت لە هەندێ مزگەوتیشدا دەبیندرێ، لەوانە :
فێڵکردن لە کێشانەو پێوانەدا، خۆشویستنی پارەوپول و نەبەخشینی لە ڕێگای خێر و سەرەڕۆیی کردن لە هاژوانی بارهەڵگر و گوێنەدانە بەرژەوەندی خەڵکی و سەرەبڕین لەشوێنە گشتیەکان و یان پازدان بەسەر نوێژخوێنان بۆ گەیشتن بە ڕیزی یەکەم … هتد .
ڕێگاکانی دوورکەوتنەوە لە خۆویستی .
بۆ ڕزگاربوون لە نەخۆشی خۆپەرستی، دەبێت موسڵمان دەرئەنجامی خراپی خۆپەرستی بزانێت، هەروها دەرەنجامەباشەکانی خۆنەویستیش بزانێ . پێویستە کۆشش بکا لەپێناو بەشین و خۆشویستنی خەڵکانیتر و خۆی بێنێتە جێگای کەسانی بەرانبەر، دەبێ ئەوەش بزانێ کە خەزێنەی خودای گەورە پڕەو هەرگیز کەم ناکا ئەگەر خەڵکی هەمویشیان بە ئاواتەکانیان بگەن بێ کەموکوڕی.

ھەواڵی زیاتر