دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن

حاجی لەقلەق

ئەوی حەرفی ئەلف لەبەر بکات، ئیدی پێویستی بە حەرف و وشەی دیکە نابێت، چونکە هەر چی خوڵقێندراو هەیە، لەو حەرفە مەزنەدا جێی بووەتەوە. موحاسیبی دەبیژێت: (کە خودا حەرفەکانی خوڵقاند، لە سەرەتاوە هەموویان لە ئەلف دەچوون، کە داوای گوێڕایەڵیی لێ کردن، هەموویان شێوەیان گۆڕدرا، تەنیا ئەلف وەک خۆی مایەوە.) عەتتار پێی وایە: (کە ئەلف نوشتایەوە، بوو بە دال، بە نوشتانەوەیەکی دیکە، ڕاء پەیدابوو، کە هەردوو جەمسەری ئەلف چەمانەوە، باء دروست بوو، نوونیش هەروەها، ئیدی هەموو حەرفەکان لە ئەلفی خوداییەوە پەیدابوون.) ئەم لێکدانەوەیە پشت بە یەکێتیی بوون دەبەستێت کە کرۆکی سۆفیگەرییە. ئەلف هەم ڕەمزی زاتی خودای تاک و تەنیایە، هەم سیمبۆڵیشە بۆ ڕۆحی ئازاد و پاکژی ئەو سۆفییانەی بە (حاڵ)ی لە زەریای عیشقی خودادا توانەوە گەییشتوون.
لێکدانەوەی تریش بۆ ئەلف هەیە، وەک ئەوەی یەکێکە لە حەرفەکانی شەیتان و کڕنووشی بۆ خودا نەبردووە. مەولانا دەڵێت:
کەلـلەڕەق مەبە وەک ئەلف
دووڕوو مەبە وەک حەرفی بێ
وەکوو جیم بە!
لای (نەففەری)یش ئەلف یەکێکە لە حەرفەکانی ئیبلیس و نوونیش نەفسی ئینسان بۆ خراپەکاری هان دەدات، ئەوە بۆیە لە ئەلف و نوون، (أنا) پەیدا دەبێت کە ڕەمزی خراپەکاری و خۆپەرستییە.
ألف کە خۆی حەرفێکە لە سێ حەرف پێک هاتووە: ئەلف و لام و فاء، کەواتە لە هەمان کاتدا، هەم یەکێکە و هەم (سێ)یانیش. ئەم بە سێکردنی یەکە، وەهایش ڕاست دەکەوێتەوە: ئەلفی ألـلە، بەهاکەی بە ژمارە، یەکە، میمی موحەممەد، چلە و عەینی عەلی، حەفتایە کە دەکاتە ١١١ و جەخت لەسەر یەکبوونی خودا دەکاتەوە. بەهای ئەڵڵا (الـلە) بە ژمارە شەست و شەشە. ئەلف: یەک، لام: سی، (دوو لام: شەست) و هاء: پێنج. لالە و هلال کە یەکەمیان گوڵێکە و دووەمیان مانگی یەکشەوەیە، هەردووکیان لەو حەرفانە پێک دێن کە (الـلە)یان لێ پێک هاتووە و بەهایان بە ژمارە وەک الـلە شەست و شەشە.
گوتم ئایا بە زاری خۆت، دەپرسی حاڵی زاری من
برۆی هێنایە یەک، وەک شکڵی لا، یەعنی کە بێزارم
نالی
لا کە یەکەمین وشەی شایەتوومانە: (لا إلە إلا الـلە..) هەرچەندە دوو حەرفە، بەڵام سۆفییەکان ئەو دوو حەرفە کە عاشقانە لێک ئاڵاون، بە یەک حەرف، یان بە دوو حەرفی بەیەکبوو دەبینن، ئەمەیش کرۆکێکی سۆفییانەی هەیە و دەچێتەوە سەر یەکێتیی بوون. ئەو (لا)یە، لای شیعە، لە شمشێرە دوودەمەکەی ئیمامی عەلی دەچێت. (لا) لەو مەقەستەیش دەچێت، کە زمانی ئاخاوتن دەبڕێت، ئەو زمانەی بێجگە لە الـلە، بڕوای بە خوداوەندێکی دیکە هەیە، (لا إلە إلا الـلە.) لە شیعری سۆفییانەدا، گەمەکردن لەگەڵ حەرف و وشەدا هەیە، وەک: میم بخە نێو دڵتەوە، بەڵام با پێشەکی دڵت ئەلفی تێدابێت. میم موحەممەدە و ئەلفیش ئەڵڵا. أحمد بە مانای محمد دێت، خودای گەورەیش أحمدێکی بێ میمە کە دەبێتە: أحد. میم بەهاکەی بە ژمارە چلە، سۆفییش چل ڕۆژ لە خەڵوەتدا دەمێنێتەوە.
قورئان بە بەسمەلە دەست پێ دەکات و دەستپێکی بەسمەلەیش حەرفی (بێ)یە کە دووەم حەرفی ئەلفوبێیە. لە (بسم)ی بەسمەلەدا، ئەلف لەناو (بێ)دا تا ئاستی توانەوە یەکی گرتووە، ئەوە نییە ئەلفی (بإسم) نە دەگوترێت و نە دەبینرێت. (ب) بە شێوەکەیدا دیارە کە کڕنووشی بۆ خوا بردووە و ڕەمزیشە بۆ ئیمامی عەلی کە گوتوویەتی، (من نوقتەی ژێر حەرفی بێم.)(٢) بایەخی حەرفی واویش کە ئازیزترین حەرف بووە لای خۆشنووسەکانی تورک، بەوەوە بەندە، ڕەمزە بۆ پێکهێنانی پێوەندیی لە نێوان خودا و خوڵقێندراوەکانیدا.
دەستم لەم دونیا و لەو دونیاش بەردا
وەک ها دانیشتم لە تەنیشت لامی
زاتی الـلەوە. (مەولانا)
ئیبن عەرەبی ناسنامەی خودا لە حەرفی (هاء)دا کە دوا حەرفی الـلەیە دەبینێت و پێی وایە، شێوەی حەرفی هاء، هەر لە کڵپە و بڵێسەی نوورێک دەچێت لەسەر مافوورێکی سوور دانرابێت و ڕووناکی بە هەموو لایەکدا بڵاو بکاتەوە. حەرف کە خودا خۆی خوڵقاندوویەتی، لای فیکری ئیسلام، یەکێکە لە تەجەللا هەرە جوان و باڵاکانی خوا و هەموو سۆفییەکیش خەون بەوەوە دەبینێت، بە نووری حەرفی هاء ئابڵووقە بدرێت. حەرفی قاف کە سوورەتێکیشی بە ناوەوەیە، ئاماژەیە بۆ کێوی قاف کە کۆتاییی دونیایە و سیمرغ سۆفییانە لەسەر لوتکەکەی دەژی، نزیکبوونەوە لەو کێوە، ڕێگەیەکە بەرەو نزیکبوونەوە لە خوا. حاجی لەقلەقیش مەلێکە پیرۆز، بە بەڵگەی ئەوەی هەم سەر لە مەککە دەدات و هەم لەسەر منارەی مزگەوت هێلانە چێ دەکات، ئەوە بۆیە خۆشنووسەکان بەسمەلەیان لە شێوەی ئەو تەیرەدا دەنووسی.

ھەواڵی زیاتر