به‌شداریی ئافره‌تانی كوردستان له ‌كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تیی ئاسیا(ICAPP)

زیــــــبا تـەهـــــــــــا*

باسكردن و گرنگیگدان به‌ پرسی ئافره‌تان له‌ئه‌مرۆدا بۆته‌ پرسێكی جیهانی و یه‌كێكه‌ له‌وپرسانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی ده‌سه‌ڵاته‌ باڵاكانی حكومه‌ته‌ جیاوازه‌كاندا به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێت و له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان، كۆنفرانس و دیدار و كۆبونه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی و جیهانی بۆ ده‌به‌سترێت. ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی هه‌وڵدانێكی دوورمه‌وداییه‌ بۆنه‌هێشتنی ئه‌و ئاریش و كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی له‌ناو خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ رووده‌ده‌ن، چونكه‌ ئاشتی و به‌رجه‌سته‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئارام و دوور له‌ئاریشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان فاكته‌ری سه‌ره‌كیه‌ بۆ پێشكه‌وتنی هه‌روڵاتێك.
هه‌ر له‌و روانگه‌وه‌یه‌ ساڵانه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیاواز بۆ پێشخستنی توانا و هاتنه‌پێشی ئافره‌ت له‌بواره‌ هه‌مه‌جۆره‌كاندا كۆنگره‌ی جیاواز له‌سه‌ر بابه‌ت و ته‌وه‌ری هه‌مه‌چه‌شن به‌رێوه‌ده‌چن. یه‌كێك له‌و كۆنگرانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ئاستی به‌شداری پارته‌ سیاسییه‌كانی ئاسیا ئه‌نجام ده‌درێت، كۆنگره‌ ئای كه‌په‌
(ICAPP)
لە ڕێکەوتی 17 بۆ 20ی ئابی 2024، شاندی ئافره‌تانی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ پێكهاتبوون له (زیبا ته‌ها) سكرتێری یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان و (شاناز محمد) ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سكرتارییه‌ت، لە شاری ئۆلانباتاری پایتەختی مەنگۆلیا، بەشداریمان لە هەشتەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی باڵی ئافرەتانی پارتە سیاسییەکانی ئاسیا (ICAPP) کرد.
لە چوارچێوەی دیدگای پارتیمان بۆ ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت و گرنگی بەشداری ئافرەت لە سەرجەم بوارەکان، هاوشانی ئافرەتانی پارتە سیاسییەکانی دیکەی ئاسیا کە ئەمساڵ (١٤) پارتی سیاسی کە لە (١١) وڵاتەوە هاتبوون، بەشداری کۆنفرانسەکەمان کرد.
کۆبوونەوەکە لە ژێر تەوەری” بەھێزکردنی ئافرەتانی ئاسیا” بوو، كه‌ تیایدا گرنگی به‌ زیادکردنی بەشداری ئافرەتان لە سیاسەت و ئەگەرەکانی پاڵپشتی ئابووری بۆ ئافرەتان تاوتوێ كرا. سه‌رجه‌م ئه‌و میكانیزم و پێوه‌رانه‌ خرانه‌روو پێویسته‌ له‌سه‌ر ئاستی پارته‌ سیاسیه‌كان و حكومه‌ته‌كاندا كاریان له‌سه‌ر بكرێت، و پاڵپشتی زیاتر بۆ ئافره‌تان بكرێت بۆئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان بێنه‌ پێش و رۆڵێكی كاریگه‌رترو به‌رچاوتریان له‌ناو ده‌سه‌ڵاته‌ جیاوازه‌كانی حكومڕانیدا هه‌بێت.
لە کۆبوونەوەکە وتارێکمان پێشکەشکرد و تیشکمان خستە سەر تایبەتمەندییەکانی پێکەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی و کولتووری یەکتر قبوڵکردن و سەقامگیری هەرێمی کوردستان، هاوکات ئەو پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونانەی کە لە سایەی حکومەتی هەرێم و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان، و بزووتنەوەی ئافرەتان لە بارودۆخی ئافرەت و پرسی ئافرەت بەدەستهاتوون، هاوکات ڕۆڵی پارتی وەکو لایەنی سەرەکی پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان لەو بەرەوپێشچوونانە.
شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان، تاكه‌ شاند بووله‌سه‌ر ئاستی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌شداربوون، و ئه‌مه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌و روانینه‌ مه‌زنه‌ی پارتیمان بۆ پرسی ئافره‌تان هه‌یه‌تی و هه‌میشه‌ ده‌یه‌وێت ئافره‌تانی كوردستان ببنه‌ پێشه‌نگ و سه‌رمه‌شق بن له‌ناوچه‌كه‌دا. ئه‌م جۆره‌ به‌شداریكردنه‌ هۆكارێكه‌ بۆ بینادنانی په‌یوه‌ندی له‌نێوان رێكخراوه‌كانی هاوشێوه‌ و گۆرینه‌وه‌ی بیروبۆچونی جیاواز، هاوكات وه‌رگرتنی ئه‌زموونی وڵاتانی دیكه‌ كه‌ چۆن كاریان له‌سه‌ر مژاری ئافره‌تان كردووه‌ و توانیویانه‌ به‌سه‌ر گرفت و قه‌یرانه‌ ناوخۆییه‌كان زاڵ بن، و به‌پێی كات و ئه‌جێندای نوێ جیاوازی ره‌گه‌زی له‌ناو ده‌سه‌ڵاتی حكومرانی و كۆمه‌ڵگه‌دا به‌ره‌و نه‌مان به‌رن و هه‌نگاوی نوێ بۆ خزمه‌تی ئافره‌تانین بگه‌رنه‌ به‌ر و سه‌ركه‌وتووبن.
ئافره‌تانی كوردستان له‌م كۆنفرانسه‌دا، توانیان نوێنه‌رایه‌تیه‌كی سه‌ركه‌وتویی ئافره‌تانی كوردستان پیشانی نوێنه‌ری وڵاتانی دیكه‌ بده‌ن، و ئاماژه‌ به‌و ده‌ستكه‌وت وكارانه‌ بكه‌ن كه‌له‌دوای راپه‌رینه‌وه‌ به‌ده‌ست هاتوون. هاوكات ئه‌و یاسا و رێنماییه‌ گرنگانه‌ بخه‌نه‌روو كه‌ بۆ پاراستنی ژیانی ئافره‌تان و سه‌لامه‌تی كاركردنیان ده‌ركراون. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ هه‌بوونی ئه‌و به‌ره‌وپێشچونه‌ به‌رچاوه‌ی له‌رێژه‌ی به‌شداری ئافره‌تان له‌كۆی كاری حزبی و سیاسی و حكومیدا هه‌یه‌، بووه‌ جێگه‌ی سه‌رنجی ئاماده‌بووان ئه‌مه‌ له‌كاتێدا ئێمه‌ خاوه‌نی ئه‌و ده‌ستكه‌وت و پێشكه‌وتنانه‌ین كه‌ هێشتا خاوه‌ن ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ نین، به‌ڵام توانراوه‌ ببینه‌ خاوه‌ن ژماره‌یه‌ك یاسای گرنگ كه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ش بوونی نیه‌. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌و به‌هه‌ند وه‌رگرتنه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ پرسی ئافره‌تان هه‌یه‌تی بۆته‌ هۆكارێك بۆ پێشكه‌وتنی ئافره‌تان و به‌شداری كارایان له‌سه‌رجه‌م بواره‌ جیاوازه‌كاندا،و هه‌روه‌ها خاڵێكی سه‌ركه‌وتووی شێوازی حوكمرانی له‌هه‌رێمی كوردستان پیشان ده‌دات.
له‌م روئیایه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین ئه‌م جۆره‌ كۆبوونه‌وه‌ و كۆنفرانسانه‌ نیشانه‌ی زیندوویه‌تی و پێشكه‌وتنی ئافره‌تانی كوردستان ده‌رده‌خات به‌تایبه‌ت پاڵپشتیكردنیان له‌لایه‌ن پارتێكی سیاسی خاوه‌ن جه‌ماوه‌ر ده‌بێته‌ ره‌مزێكی گه‌وره‌ بۆ ئافره‌تانی كورد، و وه‌ك به‌شێك له‌مێژووی خه‌باتی ئافره‌تانی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی جیهان هه‌ژمار ده‌كرێت. هاوكات ئافره‌تانی كوردستانیش رۆڵ و بوونیان له‌و رێكه‌وتننامه‌ و یاسا جیهانیانه‌ ده‌بێت كه‌ له‌پێناو مافی ئافره‌تان و باشتركردنی دۆزی ئافره‌تان داده‌نرێن، دواجار ئافره‌تی كوردیش له‌هه‌ر شوێنێكی جیهان بێت سوودمه‌ند ده‌بێت له‌و بیرۆكه‌ و پرۆژه‌ یاسایانه‌ی بۆ ئافره‌تانی جیهان دێنه‌بوون.