هەولێر بۆ ئەوانەیە کە خۆیان نەچەماند

شێرکۆ حەبیب

هەولێر شارێکی دێرینی کوردستانە، شارێکی شارستانی و مێژوویی جیهانە، شاری تەبایی و پێکەوە ژیانی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی، ئاینی و نەتەوەیی، و شاری میوان دۆست و هاوکاری لێقەوماوانە.
هەولێر کە ئەمڕۆ پایتەختی کوردستانە، شاری هەموو کورستانێکی دڵسۆز و جوامێرە، کەس بۆی نییە موزایدە لەسەر هەولێر بکات تەنیا خودی هەولێرییەکان و ئەوانەی هەولێریان گەیاندە ئەمڕۆ لە ئاوەدانی و ئارامی و هێوری و خزمەتگوزاری، ئەوانەی بەرگریان لە هەولێر کرد و ئەبرامز و چەکی پۆڵاینیان تێکشاند ئەوانەی هەولێریان لە شارۆچکەیەک کردە شارێکی مودێرینی جیهانی لە ڕیزی پایتەختە پێشکەتووەکانی جیهان.
ئەگەر یەکێک بەراوردێک لە نێوان ئەمڕۆی هەولێر و دوێنێی بکات، بەڵام بەراوردێکی ویژدانی دوور لە هەموو ئینتمای سیاسی و حزبی تەنیا لە ڕووی ئینتمای نیشتمانی بێت، جیاوازیەکان دەبینێ، پێشکەوتنەکان دەبینێ. ڕۆژ بە ڕۆژ هەولێر ڕوو لە فراوانی و کاری خزمەتگوزاری زێدە تر دەکات، هەولێر بۆتە ئارامگا بۆ سەرجەم کوردان و ئەوانەی بەرگریان لە شار و دانشتوانەکەی کرد و بەردەوامن لە خزمەت. هەولێر ئەمڕۆ بووە بە سیمای جوانی و پێکەوە ژیان، بە هەندێ قسەی هەلەق و مەلەق هەولێریەکان ناڕوخێن هەولێریەکان ئازادن ، هەولێریەکان دوێنیان لە یاد ناچێتەوە بەراوردی ئەمڕۆ و دوێنێ دەکەن کە ئێستاکە ئازادانە و سەربەرزانە تیایدا دەژین.
بێگومان کەموکوڕی هەیە، هەولێر ئەمڕۆ ملیۆنەها هاووڵاتی تێدا دەژێت هەولێر ئەمڕۆ سەدان شار و گەڕەکی نوێی بەخۆوە بینیوە، هەولێر ئەمڕۆ پایتەختە، دەیان بارەگای دیپلۆماتکارانی لێیە، هەولێری دوێنی سیی و چلی و شەست مەتری بوو ئەمڕۆ سەد و بیستی و سەد و پەنجا مەتری یە هەولێر دوێنێ رووبەری چەند کیلۆمەترێک بوو، ئەمرۆ سەدان کیلۆمەترە، بەڵێ ئێمەش دەڵێین زیاتر پێویستی بە خزمەتگوزاری هەیە سەرەڕای ئەو نەهامەتیەی دووچاری میللەتەکەمان بوو هەر لە تیرۆریستانی داعش و پەتای کرۆنا و گرفتەکانی بەغدا لەگەڵ هەرێم بەڵام ئاوەدانی و ئارامی و ئازادی بەردەوامە بەهەوڵی حکوومەتی هەرێم و ئاسایش و پۆلیس و سەرجەم دامو دەزگاکانی تر کە شەو و ڕۆژ هەولێریان وەک چاوی خۆیان پاراستووە.
ڕاستە کارەبا گرفتی هەیە، بەڵام ئەوە گرفتی هەموو کوردستانە لە زۆری دانیشتوانی و بوونی زۆری مۆڵ و ئوتێل کە ئەمەش سروشتیە لە بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان، وڵاتێکی وەک میسر تەمەنی ٧٠٠٠ ساڵە گرفتی کارەبای هەیە، بەڵام بوونی ئینتمای نیشتمانی ئەو گرفتە هتچ کاریگەری لەسەر هاووڵاتیان نییە، کوەیت لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەولەتە، گرفتی کارەبای هەیە لوبنان بەهەمان شێوە، لافاو زریان هەموو ساڵێک لە وڵاتی بەریتانیا ڕوو دەدات کە زیاتر لە چوار سەدەیە وڵاتی دیموکراتییان دامەزراندووە.
موزایەدە لەسەر هەولێر مەکەن، هەولێریەکان دڵسۆزانی خۆیان دەناسن، هەولێریەکان کە وەفاداری و بە دڵسۆزی ناسراون و دوێنیان لە یاد ناچێت.