كاكەڕەش پاشای شەو

مه‌حموود هۆمه‌ر

رۆمانێك باس لە عەشق و خۆشەویستی، پەیوەندی كۆمەڵایەتی، هونەر و خەبات و تێكۆشان، چەوساندنەوە بەهەموو جۆرەكانیەوە و هاریكاریی نێو كۆمەڵگەی نەریتیی كوردستان دەكات. رۆمانی كاكەڕەش پاشای شەو، نووسینی هاوڕێ(حازمی عەلی كوتك) بە نیگایەكی قووڵ و سەرنجێكی ئەوەندە وردەوە رۆدەچێتە نێو وردەكاری و زەمینەكانی كێبەركێ و دەبەریەكڕاچوونی چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردی، پێموایە لەجۆری خۆی دەگمەن و تاقانەیە.
كاتێك رۆمانی كاكەڕەش دەخوێنیتەوە یەكسەر دەتباتە نێو رووداوەكانی ساڵانی ناوەڕاستی سەدەی رابردوو، بەڵام كاتێك زیاتر رۆدەچیتە نێو بابەتەكانەوە وەك رابردوو خۆت لەنێو رووداوەكانی ئێستا و پێشبینی داهاتووشدا دەدۆزیتەوە.
ـ كاتێك كاكەڕەش دەخوێنیتەوە وەك شوانی ئاشقی شەنگەبێرییەك، دەتباتە كێو و بەندەن و چركە ژمێری دەكەی تا لەكاتی هاوێرێ مەڕ و بەرخان یان لە سەر بەردەبێرێ، رامووسانێكی لە بێری نازدار حەیرانی بستێنی، دەتباتە نێو پەرێز و بەری دروێنێ و لەنێو باقەبێن و سواڵە و باقەی گەنم و جۆیدا مەست و حەیران لەبەرانبەر نیونیگا بەدزییەكانی گراوی دەسگیرانت پەندی(قوربانی كوڕی باخەڵ بەسێو بم)ت پێدراوە.
ـ چەندە بەجوانی و تاسووفەوە باسی لەنجەی رێی مەڕدۆشینێ و نیگا و ئاماژە دوور بەدوورەكانی كابانێكی زەند و باسك بە بازنی بەزۆر بەشوودراوی شەیدای عەشق و ئازادی دەكات.
چەندە بەكوڵ و سفت و سۆیە خۆنواندن و خۆبادانی ئاغا هیچ لەباردا نەبووەكان، شەیتانی و شۆفاریی فاتە گەڕۆكەكان و قۆڵبڕی و دووڕوویی شێخ سیراجەدینەكان و دەبەنگی و سادەیی ئایشە بێوەژنە بۆنخۆشەكان.
لەنێو رۆمانی كاكەڕەشدا نەك هەر بەش و پەرەگرافێكی بگرە هەر دێڕ و ڕستەیەكی تابلۆیەكی ئەوەندە جوان و نەخشینە، لەخوێندنەوەی تێرنابی و تاو لە دوای تاو دڵی تامەزرۆی خوێنەر تامەزرۆتر دەكا.
حازم بە لێوەشاوەیی و توانایەكی ئەوتۆوە خوێنەر بۆ چیرۆكەكانی نێو رۆمانەكەی رادەكێشێ یەكسەر خۆی لەشوێنی یەكێك لە پاڵەوان و كاراكتەرەكانی دەبینێتەوە و هەنگاو بەهەنگاو لەگەڵی دەڕوا. باس لە فەزای نامرۆڤانەی قۆناغی دەربەگایەتی دەكا، دەچێتە ناو وردەكارییەكانیەوە و وا دەیگێڕێتەوە یەكسەر بۆت دەردەكەوێ كە پاشماوەی قۆناغی دەربەگایەتی هێشتا بنبڕ نەبووە و لەو سەردەمەدا خۆت و دەوروبەرتی
لەناودا دەبینیتەوە.
حازم لەو رۆمانەدا لایەنە جیاوازەكانی چیرۆكەی بەشێوەیەك گەڵاڵە و لەلداون و بەیەكیەوە گرێداونەوە، پێموانییە هیچ تەونكارێكی كارامە و دەست رەنگین بتوانێ ئاوای بتەنێ. زۆر بەئاسانی دەتكاتە هاوڕاو هاوسەفەری خۆی، بەشێوەیەكی هونەرمەندانە بابەتە ئاینی و كۆمەڵایەتی، چینایەتی و سیاسییەكانی بەدوای یەكدا ریز كردوون و جوانترین جۆری تێوەدانی لە رایەڵی سەرشوان دواوە.
خاڵێكی بەهێزی رۆمانەكە ئەوەیە كە لەبەرانبەر هەر كەسایەتییەكی بەزیوی بوودەڵە و دەبەنگی سینگ لەپێشی خۆهەڵكێش، كەسایەتییەكی ژیر، بەهێز و بوێری داناوە.
لەو رۆمانەدا رۆڵی ژن و ئەو زوڵم نابەرانبەرییەی بە ناوی جیاجیاجیاوە بەرانبەری دەكرێ، هەقەخوێن و پشكەگۆڕك(ژن بەژن) و مارەبڕینی بەساوایی … هتد بە جوانی و وەستایانە قەتماغەی سەربرینەكان هەڵدەاتەوە.
ماوەتەوە بڵێم: حازم دەستی بە رووداوەكانەوە نەگرتووە، هەر لەگەڵ خوێندنەوەی بەشی یەكەمی هەست بەچڕیی بابەتەكە و پڕیی نووسەرەكەی دەكەی. دەتوانم بڵێم لەهەر بەشێك لە بەشەكانی رۆمانەكەدا بەشی رۆمانێك كەرەستە بەكار هاتووە، ئەمەش بۆ ئەو پاشخانە بەهێزە دەگەڕێتەوە كە نووسەر هەیەتی.
زمانی رۆمانەكە زمانی شیرین و سادە و بێگرێ و گۆڵی دەشتی هەولێرێیە، هەر كاراكتەرە بەزمانی خۆی و شێوازی خۆی دەدوێ. لە هەمووی گرینگتر بۆ هەر وشەو دەستەواژەیەك كە پێیوابووە بۆ خوێنەری ناوچەكانی دیكە دەبێتە پرسیار پەراوێزی كردووە و روونی كردۆتەوە، ئەمە بەدەگمەن لەنێو رۆمانی دیكەدا دەبینرێ.

ھەواڵی زیاتر