ئەو هەموو فشارانە لەپای چی ؟

وەیسی سەعید وەیسی

گەر چی زیاتر لە 30 ڕۆژدەبێت، لیستی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ مانگی تەمموز بە سەرجەم زانیارییە داواکراوەکانەوە ڕەوانەی بەغدا کراوە، بەڵام بە بیانووی بێ مانا مووچەیان نەناردووە، دیارە ئەمەش جاری یەکەم نیە بە شێوازی جۆراو جۆر فشار لە سەرھەرێمی کوردستان دروست دەکرێت و گرفت ولە مپەر دەخرێتە بەردەم مووچە و شایستەداراییەکانی فەرمانبەران، مەبەستی سەرەکی لەو فشارانە زۆر بەڕوونی دیارە، تەنھا بۆ لاواز کردن و شکاندنی ئیرادەی خەلکی کوردستانە، مووچە و شایستە داراییەکانی خەلکی کوردستان مافێکی ڕەوا و دەستووری ھەموو فەرمانبەرێکە، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی ناکرێت تێکەلی ھیچ کێشەیەکی دیکە بکرێت، زۆر ھەوڵدران تا بەھۆی ئەم فشارانە ئیرادەی خەلکی کوردستان لاواز بکرێت، بەلام سەرکەوتوو نەبوون، بەلکو ئەمە بووە ھۆکارێکی تر بۆ زیاتر سوور بوونی خەلکی کوردستان لەسەر داواکردنی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان، خەلکی کوردستان جگە لە کێشەی مووچە کێشەی نەتەوەیی و ناسنامە و خاکی ھەیە. ئەوەی بەدەست ھاتووە لەخۆڕا نەھاتووە، بەڵکو دەرەنجامی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستانە، بۆیە ناکرێت بەم شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، لە ڕابردوودا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەت جەنابی کاک مەسرور بارزانی وەک سەرۆکی حکوومەت سەرجەم پابەندییەکانی لە بەرانبەر حکوومەتی فیدراڵ جێبەجێ کردووە، تا ئەم بابەتە چارەسەربکرێت، بەبێ ئەوەی سازش لەسەرمافەکانی خەلکی کوردستان بکات، چونکە بابەتی مووچە پەیوەستە بەژیانی خەڵک، بەلام لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا ھەر مانگە و بیانووێک دروست دەکرێت، قەوارەی دەستووریی ھەرێمی کوردستان، لەدەستووردا چەسپێنراوە، بۆیە بەپێی یاسا دەبێت هاوشێوەی ھەر پارێزگاێکی دیکەی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لە وادەی خۆیدا بنێرێت، کەچی بەداخەوە ڕۆژ بە ڕۆژ بیانووە بێ ماناکان زیاتردەبن، ئیدی کاتی ھاتووە زۆر بەجیددی بپرسین، ئەوھەموو فشارانە لەپای چی و بۆچی؟ گرنگە بە پێی دەستوور چارەسەرێکی یەکلاکەرەوەی ئەم بابەتەیە بکرێت، تا چیتر بە ھەوەسی شەخسی و دەستی دەرەکی مامەلە لەگەل ھەرێمی کوردستان نەکرێت، ئەوەی ئێستا لە عێراقدا دەگوزەرێت بەئاشکرا پشتکردنە لە دەستوور.

ھەواڵی زیاتر