نامه‌ عاشقانه‌كانی غولامحسێن ساعدی

خالید فاتیحی

نامه‌ی 26
تاهیره‌ی ئازیزم سڵاو
كه‌ ئه‌و نامه‌یه‌ت بۆ ده‌نووسم هه‌ست به‌ ئارامییه‌كی چێژبه‌خش ده‌كه‌م وه‌كو ‌ده‌ورانی ئاشتی و خۆشه‌ویستیمان هه‌ستده‌كه‌م كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتری میهره‌بانین و له‌ یه‌كتری بووراوین بێئه‌وه‌ی گوێ بده‌ینه‌كه‌س ته‌نیا باسی خۆمان ده‌كه‌ین. من ئاوام زۆر پێخۆشه‌. ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجارنه‌بوو كه‌ به‌ میهره‌بانییه‌وه‌ ماڵئاواییت لێكردم، به‌ڵام یه‌كه‌مجاربوو كه‌ هه‌ستم پێده‌كرد. ئاسووده‌م، چێژ له‌و ئاسووده‌ییه‌ی وه‌رده‌گرم. ئه‌و چه‌ند رۆژ دووریه‌ كه‌مێك شڵه‌ژانی له‌گه‌ڵ بوو. به‌هه‌رحاڵ به‌ڵام ئه‌وساته‌ی كه‌ ئه‌و وشانه‌ت بۆ ده‌نووسم هه‌ست به‌ ئاسووده‌یی ده‌كه‌م. بۆم ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ هه‌ردووكمان له‌گه‌ڵ هه‌موو پێشهاته‌ ناخۆشه‌كان پێكه‌وه‌ ده‌مێنینه‌وه‌. ئه‌تۆش ئه‌وه‌ت له‌لا روون بۆته‌وه‌؟
هه‌وای تاران زۆرگه‌رمه‌. كه‌ له‌ فڕۆكه‌ دابه‌زیم وام هه‌ستكرد چوومه‌ته‌ ناو كوره‌یه‌كی خشتان. تا چل و هه‌شت سه‌عات نه‌متوانی بخه‌وم. گه‌رمایه‌كی تاقه‌ت پرووكێن بوو، زۆر ناخۆشبوو. رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ له‌ ماڵ ده‌ركه‌وتم و به‌حاڵێكی خراپتره‌وه‌ گه‌ڕامه‌وه‌. پانكه‌ و موبه‌ریده‌و سه‌للاجه‌ ناتوانن حاڵی بنیاده‌م هێوربكه‌نه‌وه‌. سه‌رت نه‌یه‌شێنم، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ هه‌رخه‌ریكی كاره‌ تایبه‌تییه‌كانم بووم. راكه‌ڕاكی بێتام. كتێبه‌كه‌م دا به‌ بڵاوكه‌ره‌وه‌كه‌م و قبوڵی كرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی قه‌رارومه‌دارم له‌گه‌ڵ نه‌به‌ستووه‌ ئاگاداریه‌كه‌یان بڵاوكردۆته‌وه‌.
شانۆنامه‌كه‌م له‌ حاڵی پڕۆڤه‌دایه‌. چه‌نده‌ حه‌زمده‌كرد لێره‌بای و ئه‌وكاره‌ت دیتبا. ئه‌و وێنانه‌ی بۆت په‌یداكردبووم هه‌موویان به‌كه‌ڵك هاتن. دیكۆرێكی جوانیان هه‌بوو. شانۆكاره‌كان تا ئه‌ندازه‌یه‌ك باشن.
شانۆنامه‌یه‌كی كورتم بۆ هونه‌ره‌جوانه‌كانی وڵات نووسیوه‌ كه‌ ئه‌ویشیان قبوڵ كردووه‌.
به‌هه‌رحاڵ ئه‌و هه‌فته‌یه‌ به‌و گه‌رمایه‌و راكه‌ڕاكه‌م به‌سه‌ربردو ئێستا كه‌ چوارشه‌ممه‌یه‌ له‌ نۆرینگه‌كه‌م دانیشتووم و ئه‌و نامه‌یه‌ت بۆ ده‌نووسم. ئه‌و نامانه‌ی كه‌ قه‌راربوو بۆت بنێرم ده‌مه‌وێ به‌سته‌به‌ندییان بكه‌م و به‌یه‌ك پۆست بۆت بنێرم.
كتێبێكی دیكه‌شم (ئه‌مریكا ئه‌مریكا) ئه‌م هه‌فته‌یه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌. له‌گه‌ڵ دوو كتێبی دیكه‌ بۆت ده‌نێرم.
ئێستا برا به‌ڕێزه‌كه‌م هه‌ندێك قه‌رزداره‌و له‌و دۆخه‌ بێ پاره‌یه‌شدا ده‌بێ خه‌می ئه‌ویشم هه‌بێ.
هیوادارم حاڵت باشبێ و ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ باسیبكه‌م تكات لێده‌كه‌م هه‌رچۆنێك بێ حه‌تمه‌ن نامه‌م بۆ بنووسه‌. من بڕیاری كۆتایم داوه‌ واز له‌ نامه‌نووسین ناهێنم.
ماچتده‌كه‌م.
غ- س
تكایه‌ هه‌رچی ویستت پێمبڵێ دیاری زۆرت پێ قه‌رزدارم.‌
29/4/1343 هه‌تاوی
نامه‌ عاشقانه‌كانی نووسه‌ری ناوداری ئێران، غولامحسێن ساعدی (1935-1985) كه‌ بۆ تاهیره‌ی كوزه‌گه‌رانی نووسیون.