ئەڵقەی دووەم نەفت و خوێن

کەیفی زیرەك کەمال*

لە دنیای پیشەسازی، نەفت گرنگیەکی زۆری هەیە، هەر وڵاتێکیش خاوەن نەفت بێت دەبێتە خاوەن سەرچاوەیەکی زۆری وزە کە دەکرێ لە چەندین کایەی ژیان سوودی لێ ببینێت.
نەفتی خاو (Petroleum) کاتێ دەردەهێنرێت بە پڕۆسەیەکی زۆر ورد و ئاڵۆزدا دەڕوات و چەندین بەرهەمی دیکەی لێدروست دەکرێت کە ئەمانەن:
بەنزین (Gasoline): کە بە گشتی بەکاردێ بۆ ئۆتۆمۆبیل و ماتۆرسکیل.
گاز (Diesel): ئەمەشیان زیاتر لە ئۆتۆمۆبیلە زۆر گەورەکان و کەشتی و شەمەندەفەر.
نەفتی سپی (Kerosene): ئەوەشیان زیاتر بۆ فرۆکە و گەرمکەرەوەکانی ناو ماڵ بەکاردێت.
جگە لەمانەش چەندین بەرهەمی دیکەشی لێ دروست دەکرێت کە سوودی زۆریان هەیە لە بوارە جیاجیاکانی ژیان.
بە هەمان شێوەی نەفتی خاو، لە جیهانی پزیشکیدا خوێن گرنگیەکی زۆری هەیە و بەرپرسە لە چەندین فەرمانی زۆر گرنگ لە جەستەدا، وەك گواستنەوەی ئۆکسجین بۆ جەستە، دروستکردنی قەتماغەی خوێن لە کاتی خوێنبەربوون، هەروەها خرۆکە سپیەکانی خوێنیشی تێدایە کە پێشمەرگە ئاسا بەرگری لە خاکی جەستە دەکەن.
ئەگەر کەسێك بتڵێك خوێن ببەخشێت، بە هەمان شێوەی نەفتی خاو، ئەم بتڵە خوێنە بەناو پڕۆسەیەکی زۆر ورد دەڕوات و شێدەکرێتەوە بۆ چەندین بەرهەمی زۆر گرنگ، کە ئەمانەن:
خرۆکە سورەکانی خوێن (Packed RBC)
پلازما (Plasma)
پەڕەکانی خوێن (Platelets)
پێکهاتەیەکی دیکە* (Cryoprecipitate)
هەریەکێك لەو بەرهەمانە کاری زۆر گرنگ لە جەستە ئەنجام دەدەن، هەر کامێکیان بە هەر هۆکارێك لە خوێندا کەم بکەن، دەکرێت بە مردنی کەسەکە کۆتایی بێت!
بە شێوەیەکی دیکە، بەخشینی یەك بتڵ خوێن دەکرێت ژیانی زیاتر لە یەك کەس لە مردن ڕزگار بکات، ئەمەش گرنگی خوێن و گەورەیی خوێن بەخشین نیشان دەدات.
بۆیە بە هەموومان قۆڵی لێ هەڵـماڵین و لەو بەخششە گەورەیەی کە هەمووکاتێك بە ناو جەستەماندا هاتوچۆ دەکات، بەشی ئەو کەسانە بدەین کە پێویستیان پێیە و ژیانیان ڕزگار بکەین.
*بەداخەوە لە زمانی کوردی هیچ وشەیەكم شك نەبرد بۆ ئەو دەستەواژە پزیشکیە.

*پزیشکی گشتی

ھەواڵی زیاتر