پاراستنی سەقامگیری و پێکەوه ژیان ئەرکێکی ئایینیه

عومەر چنگیانی

گوتاری هەینی ڕابردوو١٦ی٨ی٢٠٢٤ی زۆرینەی مزگەوتەکانی کوردستان هەماهەنگییەکی زۆری پێوە دیاربوو کە لقی هەڵەبجەی بۆردی گوتار ئامادەکردن بە هەماهەنگی لەگەڵ بۆردی باڵا ئامادەمان کردبوو وەک پابەند بوونیش، لە دوانگەی مزگەوتی خەدیجە کوبرا کردمانە توێشووی گوتاری ژمارە٢٥٧مان و لێرەدا پوختەیەکی دەخەمەبەردیدی خوێنەرە بەڕێزەکانی گۆشەی لە هەر خەرمانەی گوڵێک، کە تیایدا هاتبوو: (خوای گەورە لە ئایەتی ٦١ ی سورەتی (هود)دا وەبیر بڕوادارانی دەهێنێتەوە و دەفەرمێت:
(خوای گەورە ئێوەی دروستکردووە و ئافراندووە و کردوونیەتە ئاوەدانکەرەوەی زەوی)،
هەموومان دەزانین کە خودای گەورە پێغەمبەر محمدی (دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت) وەکو کۆتا پێغەمبەر ڕەوانە کردووە وەک ڕەحمەتێک بۆ تەواوی جیهانیان، مەنهەج و ڕێبازێکی تەواوی پێداوە بۆ ژیان لە هەموو کات و سات و شوێنێک بەڵکو ڕێبازێکە ڕەحمەتە بۆ تەواوی دروستکراوەکانی خودای گەورە، دینی ئیسلام چەند بنەمایەکی گشتی و جیهانیی داناوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی سەرزەمین و پاراستنی سەقامگیری ژیانی خەڵک.
تێڕوانینی ئیسلام بۆ پێکەوەژیان .
لەبەرئەوەی ئایینی ئیسلام ئایینێکی جیهانیە و ڕێنمونیە بۆ هەموو جیهان بایەخێکی زۆریداوە بە پێکەوەژیان و لەیەکگەیشتنی پێکهاتە ئایینی و نەژادیەکان، پێغەمبەرمان (دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت)هەموانی لەژێر ئاڵاو بەیداخی ئیسلام کۆکردۆتەوە، ئیسلام بڕیاریداوە هەموو مرۆڤەکان یەک سەرچاوەو یەک ئەصلیان هەیە. وە سنوربەزاندنی بۆ سەر یەکتری و سەر باوەڕی یەکتری حەرام کردوە، بڕیاری ڕاجیایی وەک سونەتی خوا لە ژیان دا داناوە . بەزۆرکردنە مسوڵمان و گۆڕینی ئایین بەزۆرەملێی قەدەغە کردوە.
لەدوای ئەوەی ڕاجیایی کردۆتە بنەمای یەکترناسی، تەقوای کردۆتە پێوەری باشترینەکان لای خودا خۆی. جیا لەمە پێشێلکردنی مافەکانی ئەوانی دیکەی قەدەغە کرد، تاوەکو سەرپێچیکار لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت و سەرکۆنە کرێت لە سەرپێچیەکانی،ئەمەش مسوڵمان و غەیرە مسوڵمان دەگرێتەوە بێ جیاوازی، بۆیە هەمووان لەژێر چەتری ئەم ئازادی و مافانە ژیانیان بردۆتە سەر، سەرو ماڵ و ئایین و خانەوادەو ناموسیان پاڕێزراوبوە تا ئەوکاتەی ئیسلام هێزی هەبوە .
پاراستنی سەقامگیری .
لەدوای ئەوەی ئایینی ئیسلام بڕیاری پێکەوەژیانی دا چەند بنەماو خوڕەوشتێکی گشتی دانا بۆ پاراستنی سەقامگیری تەواوی لایەنەکانی ژینی هەموان، لەو بنەمایانە:
1/ چاکەکاربین لەگەڵیان و کار بە بنەمای دادپەروەری بکرێت.
2/ بانگەوازی ئاین بەشێوەی دانایی و لێهاتووی و مامەڵەکردن بە شێوازی چاکترین.
3/ گاڵتە نەکردن بە پیرۆزیەکانیان .
4/ وازهێنان لە ووشەی نەشیاو و جوێن .
5/ دورکەوتنەوە لە گشتگیریکردنی تۆمەت بەخشینەوە بۆ تەواوی ئایین یان نەتەوەیەک بە بێڕێزی کەسێکەوە بەرانبەر بە ئیسلام، چونکە هەرکەسێک لەسەر تاوانی خۆی دادگایی دەکرێت، ناکرێت هەمووان تۆمەتبار بکرێن .
دواوشە: وەک خۆم بەپێویستم زانی لە گوتاری دووهەم دا تیشک بخەمە بابەتی ئەوەی کە هیچ کات زەوی خاڵی نابێ لە چاکساز و تێیداگوتم: کاتێ مرۆف سەیری دوو ئایەتەی ١١٦و١١٧ی سورەتی هود دەکات لەوەتێدەگات کە چۆن باس لە چاخ و سەردەمەکانی کۆن دەکات کە چاکسازییان لێ نەدەبڕا و هیوایان تێدا بووە کە هۆشدارییان دەدا لەسەر فەساد و گەندەڵی و چەوساندنەوەکانی ستەمکاران، کە دەرەنجامەکەیشی ئەوە بووە هەرگیز خوای گەورە خەڵکانێک لەناو نابات کە چاکسازیان لەناودا بووبێت. بەگەڕانەوەیەک بۆ ژیاننامەی پێغەمبەر- دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت – راستیەکمان بۆدەردەکەوێت کە لە (حلف الفضول) و لەوکاتەدا تەمەنی موبارەکی ٢٥ساڵان بووە و هاوبەشی کردووە، بەندەکانی ئەو پەیماننامەیەش تەنها دوور خستنەوەی ستەم بووە لەستەم لێکراو و لەوکاتەدا ئەو هاوبەشیکارانە هەموو بێ بڕوایش بوون کەچی لەدوای بوونی بە پێغەمبەر- دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت – دەفەرمویت: لەگەل چەند بن عامێکمدا هاوبەشیم کردووە لە پەیمانامەیەکدا ئەو هاوبەشیەم ناگۆڕمەوە بە ڕەوگە وشتر و گەر ئێستا بانگ بکرێم بۆ هاوپەیمانی وەها هاوبەشی دەکەم.

ھەواڵی زیاتر