دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن

خۆی بە تیشکی خۆر دەشوات

جامی (١٤١٤ – ١٤٩٢) پێی وایە: سۆفی دوو چەشنە، یان لە دونیا دادەبڕێت و بەرەو لای خودا بەڕێ دەکەوێت، بێ ئەوەی بگەڕێتەوە ناو خەڵک، یان دەگەڕێتەوە و ڕێگەی حەق پیشانی ئەوانی دیکە دەدات. وەک مەحاڵ وایە، ئەزموونی سۆفیگەری لە هەندێک وشەدا چڕ بکرێتەوە، ئاخر سۆفیگەری زەریایە و گوتەکان لە کەناریدا گیر دەخۆن. دەشێت باسکارێک هەموو ژیانی بۆ توێژینەوە لە دونیای گەورە سۆفییەک تەرخان بکات، وەک لویس ماسنیۆن کە ژیانی بۆ لێکۆڵینەوە لە دونیای حەللاجی شەهیدی ئەڤینی خودا تەرخان کرد.
ئی ئەیچ پاڵمەر (١٨٤٠ – ١٨٨٢) پێی وایە: سۆفیگەری زادەی گەشەسەندنی یەکەمین ئایینی ئارییەکانە. ئاگناس گۆڵدزایەر دەڵێت: (چونکە پێش سەرهەڵدانی ئیسلام، داستانە هیندییەکان، تەرجەمەی زمانە خۆرهەڵاتییەکان کراون، ئەوە بۆیە لایەنی هاوبەش لە نێوان سۆفیزمی بوودایی و سۆفیگەریی ئیسلامیدا هەیە. (ت. ئیزوتسۆ)یش وای بۆ دەچێت، بڕێک لە تێزەکانی ئیبن عەرەبی، هەر لە باوەڕی تاویزم دەچن.
جونەید گوتوویەتی: (سۆفیگەری ئەوەیە، نە هیچ موڵکێکت هەبێت و نە موڵکی کەسیش بیت، سۆفیگەری بەرلەوەی زانست بێت، ئاکارە،) ئاخر سۆفی (کەسێکە، زاهید و خۆنەویست، کەسێکە لاف لێ نادات، قوربانی دەدات، کەسێکە کە خوێنی حەڵاڵ دەکرێت، خەیاڵی تەنیا لای خوای دلۆڤانە.) نەوەوی پێی وایە: (ئەوی ڕەوشتی لە هی تۆ جوانتربێت، لە تۆ سۆفیترە.) سۆفیگەری ئەوەیە، شەریعەت و تەریقەت و حەقیقەت، دەقاودەق لە یەکدی بچن، ناتوانین بە ڕۆحێکی پۆخڵەوە خۆمان بە سۆفی بزانین، سۆفی وەها لە ئەڤینی خودادا دەتوێتەوە، خەرقانی گوتەنی: هەست بە بوونی خۆی ناکات.
سۆفی کەسێکە بە تەواوی لە ئەڤینی خودادا بتوێتەوە و لە غەیری خودا بیر لە هیچی دیکە نەکاتەوە. خاقانی دەڵێت: (سۆفی کەسێکە وەک خدری زیندە، ئاوی ژیانی خۆی، لەو کاسەیەدا هەڵگرتووە کە پێیەتی و دارعەساکەیشی وەک ئەوەی مووسا، ئەفسووناوییە.)
نە ئەبوو حەنیفە مامۆستای عیشق بوو
نە شافیعی چیرۆکی ئەڤینی دەگێڕایەوە
وەک چۆن سۆفیی ڕاستەقینە هەیە، کەسانی وایش هەن سۆفی نین، ڕۆڵی سۆفی نمایش دەکەن. ئەوە ئاسان نییە، ڕێگەی سۆفیگەری بگرینە بەر، ئیللا مەگەر هەموو ژیانی خۆمان بۆ خۆشویستنی خودا تەرخان کردبێت و لە زەریای ئەو ئەڤینەدا وەها توابینەوە، بزر بووبین. سۆفی (پیر)ێک یان (شێخ)ێک نییە، بەد سوودی لە دەسەڵاتی ئایین وەرگرتبێت و ستەمی لە شوێنکەتووانی کردبێت.
شیعری سۆفییانە هێندە پاکژ و جوانە، لەو لوتکە بڵندە دەچێت، بەیانیان زوو، لەگەڵ هەڵاتنی خۆردا، خۆی بە تیشکی ڕۆژ دەشوات. شیعری سۆفییانە، چونکە تژییە لە نهێنی، وەک شیعری دیکە نییە، تەنیا بەوەی بە هەردوو چاومان لێی ورد ببینەوە لێی تیناگەین، بۆ نزیکبوونەوە لە مانای قووڵی، حەوجەمان بە دوو چاوی دیکە هەیە، چاوی دڵ و چاوی ڕۆحیش. خۆ ئەوە لە خۆڕا نییە، کە میستیسیزم، هەم بە مانای سۆفیگەری دێت و هەمیش بە مانای بیرکردنەوە لە شتگەلی شاراوە و نادیار و نەزانراویش.
تێکستی سۆفییەکان، چونکە لێکدانەوەی جیاواز هەڵدەگرێت، ئەوە بۆیە وەرگێڕانی دەقی سۆفییانە، کارێکی دژوارە. لە شیعری سۆفییەکاندا، پێوەندییەکی ئەفسووناوی لەنێوان گوتە و ماناکەیدا هەیە، کە ئەگەری ئەوە بەهێزە، بەدەم وەرگێڕانەوە زۆرێک لە ماناکەی زایە ببن. تەنانەت وەرگێڕانی گوتەی (سۆفی)یش ئاسان نییە، ئاخر ساغ نەبووەتوە لە (صەوف)ەوە هاتووە، یان لە (صەفاء)ەوە، گرنگ ئەوەیە سۆفیگەری زیاتر پێوەندیی بەوەوە هەیە، وەک ڕۆح وابەستەی خودا بین، نەک تەنیا وەک جەستە، خەریکی نوێژ و ڕۆژوو بین.

ھەواڵی زیاتر