پارتی و ئەوانی تر گەل و نوێنەرایەتیی ڕاست

سالار عوسمان

بەشی دووەم

پرسی گەل و نوێنەرایەتیکردنی گەل، پرس و مژارێکی گرنگ و گەورە و کاریگەرە، گەل دابەشبۆتە سەر پارتە سیاسییەکان و بەشێکیشی لە دەرەوەی پارتەکان، خودان ڕا و ڕوانگە و ڕوانینی خۆیانن.
بەو پێییەی کە گەل، بەشێکی دابەشبۆتە سەر پارتە سیاسییەکان، کەواتە گەل بەشێکی پارتییە، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت. بەپێی ئەنجامی فەرمیی هەڵبژاردنەکان لە یەکەم هەڵبژاردنەوە لە 19ی 5ی 1992، تا هەنووکە، پارتی خاوەنی زۆرترین دەنگی گەلە و، زۆرترین دەنگی گەلی کوردستانی لە ململانێی دیموکراسییدا، کە هەڵبژاردن سەرەکیترینیانە وەدەستهێناوە، تەنانەت لەم هەڵبژاردنەیش، کە هەموومان چاوەڕێی دەکەین و بڕیارە لە 20ی 10ی 2024 ئەنجام بدرێت، هەر پارتی یەکەم دەبێت، لەبەرئەوەی پارتی شایستەترینە بۆ کوردایەتی، بۆ حوکمڕانی، بۆ خزمەتی خەڵک و بۆ ئاییندەسازی.
زۆرجار لێرە و لەوێ، لەم هەڵچوون و لەو هەڵمەت، لەم نووسین و لەو نۆڕین، گوێمان لەوە دەبێت، حزبگەلێک بەنێوی گەلەوە قسە دەکەن و دەئاخڤن، کە گوایە ئەوان نوێنەرایەتیی گەل دەکەن، پێموایە قسەکردن بەنێوی گەلەوە بەرپرسیاریەتییەکی گەورەیە، ئەمە جگە لەوەی لە هەندێ بڕگە و دەرەتان و دەرفەتدا هەڵەیەکی گەورەشە، لێ ئەگەر، دوای پەرلەمان، حزبێک بتوانێ بەنێوی گەلەوە قسە بکات، دەبێ ئەو حزبە قسە بکات، کە زۆرینەی دەنگەکانی مسۆگەر کردووە، کە دیارە پارتی ئەو حزبەیە، کەواتە پارتی شیانی و شیاوی ئەوەی هەیە بە نێوی گەلەوە قسە بکات و ئەو نوێنەرایەتییە بکات، کە لە چەمکی سیاسییدا پێی یەژن:( نوێنەرایەتیی گەل).
پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گەل و خواستەکانی گەل دامەزراوە، لە کوێ گەل شەڕی ویستبێ پارتی شەڕی کردووە و، لە کوێش ئاشتی، ئەوا ئاشتیخوازانە دەستی دۆستایەتیی هێناوەتە پێش و، لە کوێش خزمەت و ئاوەدانی، ئەوا لەژێر ڕۆشنایی ئەم وتەیەی بارزانیی نەمر: “شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت”. خزمەتکارانە لە نێو خەڵک بووەو، خۆ زۆررین بەرد و خشت و خەمی ئاوەدانیش، وا لەبەرچاوانە، کە بەرد و خشت و خەمی دەستی ماندوونەبووی پارتییە.
پارتی لەگەڵ ئەوانی تردا گەلویستانە و کۆکەرەوە بەرخوردی کردووە و هەرواش دەبێت، چونکە ڕوانگەی ستراتیژیی پارتی بۆ ئاییندەیە نەک بۆ هەڵچوونەکانی ڕۆژ، کە هەر ئەوەشە پارتی لە ئەوانی تر جیا دەکاتەوە، هەندێک بۆ دەسکەوتێکی ئانی و کاتیی ڕۆژ هەڵە دەکەن و پارتیش بۆ ئاییندە، ڕاستبینانە ئارام دەگرێت.
ــــــــــــــــــــ
درێژەی هەیە

ھەواڵی زیاتر