پارتی و ئەوانی تر

سالار عوسمان

به‌شی یه‌كه‌م

78 ساڵە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک بوونێکی سیاسی، نەتەوەیی، نیشتمانی، کولتووری و کۆمەڵایەتی بەرخورد لەگەڵ خۆی و ئەوانی تردا دەکات، سەبارەت بە خۆی ـ واتە پارتییەکان ـ، کە لەم وتارەدا ناپرژێینە سەر قسەلێکردنی، تەنێ هێندە دەڵێم:
یەک: دەبێ پارتییەکان بە قووڵی بچنە نێو مێژوو، چونکە مێژووی پارتی هەر ئەو 78 ساڵە نییە، بەڵکوو ڕەگوڕیشەی تری پێوەندیداری قووڵی دە نێو مێژوودا هەیە و گەرەگە پارتییەکان لێی زانا و شارەزا بن.
دوو: پێویستە پارتییەکان شانازیی بەخۆیانەوە بکەن و خاوەن سایکۆلۆژیای شانازیی بن، کە پارتیین، ئەمەیشیان باسێکی لق و چڵدارە و گرنگترینیان ئەوەیە، کە خاوەنی دۆز و دیموکراسی و دەسکەوتن.

ئێستا دێینە سەر قسەکردن سەبارەت بە ئەوانی تر، دیارە مەبەستمان لە ئەوانی تر، هەموو ئەوانەن، کە پارتی نیین.
پێش هەر شتێک، پێش هەر وشە و واژە و وێژەیەک، دەمەوێ ئەوە بڵێم، کە پارتی بەڕێزەوە لە ئەوانی تر دەڕوانێت، ئارمانجی ئەم وتارەش هەر ئەوەیە گفتوگۆ لەگەڵ ئەوانی تردا بکات چونکە هەم ڕێزگرتن لە جیاوازی، هەم گفتوگۆ، دوو خەسڵەتی گەشیی ئەم سەردەمەن و، پارتی بە شانازییەوە دەرگەکانی کراوەیە بۆ دیبەیتێکی دایالۆگسازی ـ لۆژیکی ـ نیشتیمانی، کە هەمووان کۆبکاتەوە.
پارتی لەوە نیگەرانە، کە ئەم بیاڤ و گۆڕەپانە :ـ گۆڕەپانی دایالۆگی ـ لۆژیکی ـ نیشتمانی نەماوە، یان خاستر بێژین، زۆر کەم و کز و بێسەواد بووە، ئەوەی هەیە جاڵجاڵۆکەی بە جنێو چنراوی پۆپۆلیستییانەی شکێنەرە، کە دیارە کێ دایهێنا و کێی لە پشتە و ئێستایش کێ لە ئاوی لیخنیدا ئیشی بە عەکسی قەمەرە، بەداخەوە کەشێکیان دروست کرد، لە کوێ ڕاستییەک بڵێی، بەردت تێبگرن و ناشکرێ بۆ هەر بەردێک بەرقێک حازر بکەیت، چونکە لە کێشمەکێشی نێوان ئەم هەموو بەرد و بەرقەدا، جێ بۆ گۆڕەپانی گفتوگۆی دایالۆگی لۆژیکیی نیشتمانی نامێنێتەوە، کە ئەمەش بە زیانی بژاردەی بیرکەرەوە و قادەی ڕا تەواو دەبێت !..
دەکرێ بپرسیین: چۆن گفتوگۆ بکەین، تایبەت تێکۆشەر و ڕووناکبیران و نەوەی ئێستا، کە خەممان دروستکردنی ژیانێکی باشترە؟..
ڕێک منیش مەبەستم ئەوەیە، گفتوگۆ تا هەموومان پێکەوە بیربکەینەوە، گفتوگۆ تا لەسەر خاڵە هاوبەشەکان ڕێککەوتن بکەین، گفتوگۆ تا بە باش بڵێین باش و بە شاش بڵێین شاش، گفتوگۆ تا نیشتمان ببینیین و بپەڕینەوە بۆ هاووڵاتی، گفتوگۆ تا ژیانێکی باشتر بۆ هاووڵاتیان دابین بکەین.
پارتی ئاوا بیر دەکاتەوە، سەرۆک بارزانی ئاوا ئێمەی ڕاهێناوە، کە دیموکراسییانە بژین و هەموومان پێکەوەبین و، ( نیشتمان) و (هاووڵاتی) سەنتەری بیرکردنەوەکانمان بێت.
دوای ئەم دەرازینک و پێشەکییە کورتە، ئێستا کاتی ئەوەیە باسی پارتی و ئەوانی تر بکەین.

ھەواڵی زیاتر