لە کەرکووک سەرکەوتین!

شێرکۆ حەبیب

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو سەرقاڵی خوێندنەوەی پەرتوکێک بووم و لەگەڵیشیدا خەریکی گۆڕینی کەناڵەکانی تەلەفزیۆن بووم، هەر ئەوەندەم زانی کەناڵێک کردی بە هەرا و وتی؛ سەرکەوتنی کەرکووک بۆ سەرجەم پێکهاتەکانیەتی و ڕۆژێکی مێژووییە، لە ڕاستیدا زۆر دڵخۆش بووم وتم داخوا بڕگەی ١٤٠ ی دەستووری هەمیشەیی عێراق جێبەجێ کراوە و کەرکووک گەڕاوەتەوە باوەشی کوردستانی دایک، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دوودڵ بووم لەو سەرکەوتنە لەگەڵ خۆمدا وتم معقولە سەرکەوتنێک لە کەرکووک تۆمار کرابێت بێ پارتی! چونکە مەحاڵە هیچ سەرکەوتێک بە بێ بەشداری پارتی یا خودی خۆی پارتی بەتەنها تۆمار بکرێت، بۆیە لە کەناڵەکانی پارتی گەڕام هیچ باس و خواس نەبوو، تا دوای لە کەناڵەکانی دیکە زانیم کەوا ئەو سەرکەوتنە مێژوویەی لای هەندێ لایەن ئەوەیە پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک دانراوە، هەوەرک بڵێی ئەمە یەکەم جارە کورد لەو شارە کوردستانیە ئەو پۆستە وەربگرێت وا دیار بوو دوو پارێزگاری پێشوو تر کە کورد بوون لە یادیان چوو بوو، بەڵێ گرنگە پارێزگار کورد بێ، بەڵام دوایی کە لە کەناڵە عەرەبیەکان بینیم ئەو پارێزگارە بۆ ماوەی ساڵێک و چەند مانگێکە، و چۆن دراوە بە کورد بەرامبەر سەدان پۆستی دیکە کە ئیستحقاقی کورد بوون! لێرە گرنگە بپرسین ئایا پارێزگار کورد بێ بەڵام دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس و شارەوانی …..هتد لە دەست کورد نەبێ کە ئیستحقاقی هەڵبژاردنە تۆ بڵێی بتوانێت کارەکانی سەرکەوتوو بێت؟ تۆ بڵێی بتوانێت مافی جووتیارە کوردەکان دابین بکات و لە هێرشی عەرەبە هاوردەکان بیانپارێزێ ئۆمێدەوارین بتوانێ.(مەبەستم خودی بەرێز ڕێبوار تەها نییە بەڵکو مەبەستم پۆستەکەیە) هەروەک شێخ عاصی ناوێک دەڵێ سەرجەم پۆستە گرنگەکان لای عەرەبە چ پێویستمان بە پۆستی پارێزگارە، ئەو شێخە وەک دەڵێن لە بنی هەمانەکەیدا هەموو شتێکی ئاشکرا کرد، و تەنانەت نابێ ئاڵای کوردستان و ئاسایش و پێشمەرگە بوونی هەبێ لە کەرکووک.
ئەوەی سەیرو سەمەرەیە هەندێ لایەنی عەرەبی ئەندام پەرلەمان دەڵێن لە دوای ٢٠٠٣ عەرەب یەکەم جارە ئەو دەسکەوتانە بەدەست بهێنێ بەرامبەر پۆستی پارێزگار کە بۆ ماوەی ساڵێکە دوای دەدرێت بە تورکمان و عەرەب و پۆستەکانی دیکەش وەک خۆی دمێننەوە، هەروەها دەڵێن لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک بارزانی رێکەوتبووین بەڵام ئۆفەرەکەی یەکێتی بۆ ئێمەی عەرەب باشتر بوو، هەڵبەتە ئەوان دەزانن چۆن بەرژەوەندی خۆیان دەپارێزن.
سەرۆک بارزانی قەبووڵی نەکرد ماوەی یەکەمی پارێزگار بۆ هیچ لایەنێک بێت لە غەیری کورد، و سەرجەم پۆستەکانی دیکەش وەک خۆی بمێننەوە وەک ئیستحقاقی هەڵبژاردن واتە کورد زۆرینەی پۆستەکانی لەدەست دەماویەوە.
بێگومان هەڵوێستی سەرۆک بارزانی لە دڵسۆزی و وەفاداری بۆ کەرکووک و کەرکووکیەکان سەرچاوە دەگرێت، کە هیچ کاتێک سازش لە مافی کورد بەگشتی و کەرکووک بەتایبەتی نەکردووە لەگەڵ رێز گرتن لە مافی پێکهاتەکانی دیکە عەرەبە ڕەسەنەکان و تورکمانەکان، لە یادمە لە کۆتای نەوەتەکان لەگەڵ خوالێخۆشبێت هەڤاڵ فەوزی ئەتروشی چووینە خزمەتی بەمەبەستی دامەزراندنی دەزگایەکی ڕاگەیاند لە دەرەوە، چەندین ڕێنمایی و ئامۆژگاریکردین یەک لەوانە کەرکووک بوو کە بایەخ بە کێشەی کەرکووک بدەین و سازش لەسەر کوردستانیەتی نەکەین لەگەڵ ڕێزگرتن لە پێکهاتە ڕەسەنەکانی، ئەمە دید و بۆچوونی سەرۆک بارزانی یە.
نازانین ئەو دەهۆڵ و زوڕنایە کاتییە بۆ کام سەرکەوتن بوو بۆ لە دەستدانی سەدان پۆست یا لاوازکردنی پێگەی کورد لەو شارە کوردستانییە.
پارتی هەر لە ساتە وەختی دامەزراندنی کە لەم ڕۆژانە مۆمی تەمەنی ژمارە ٧٨ی داگیرساند خەباتی لە پێناو دابینکردنی مافەکانی کورد کردووە و لەگەڵ ڕێزگرتن و دابینکردنی نەتەوەکانی دیکەی لە کوردستان دەژیەن، دەبینین مستەفا بارزانیی نەمر سازشی لەسەر ماف و کوردستانی بوونی کەرکووک نەکرد و شۆڕشێکی کردە قوربانی، نەک بستێک خاکی کەرکووک جیا ببێەوە لە کوردستان.
‎ئەمڕۆش دەبینین بە ناوی کوردایەتی کەرکووک هەراج دەکرێت، بەڵام ئەمە کاتییە و کەرکووک دەگەرێتەوە باوەشی کوردستان چونکە کەرکووک دڵی کوردستانە و بێ دڵ ژیان مەحالە.

ھەواڵی زیاتر