نەگوتن پێویستی بە ئازایەتییە

بەکر کەریم حەسەن

كورد دەڵێ ” پەشیمانی لە نەگوتن باشترە لە پەشیمانی لە گوتن “.
شك لەوە دانییە نە گوتنی نهێنی یان ئاشكرا نەكردنی پلان و هەنگاوەكان یارمەتیدەری سەرەكین لە سەركەوتنی كارەكاندا و گەیشتن بە ئامانجەكان، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر پاڕاستنی ڕێگاكانی گەیشتنە و ئاسودەیی ویژدانە و پاڕاستنی ئەمانەتە. چونكە هەركاتێك بتەوێ پلانێكت هەبێت لە هەر ڕوویەكەوە پێویست بەوە ناكات بە هەموو لایەكدا بانگەوازی بۆ بكەیت و، پێویستە بەوپەڕی متمانە و ئاگاییەوە هەڵسوكەوتی لەگەڵدا بكەیت تا بتوانیت ئامانجێكی باشت هەبێت بێ ئەوەی كەسیش نیگەران بێت و ژیان و پاشەڕۆژ و پلانەكەشت بخەیتە مەترسییەوە، چونكە هیچ سوود و قازانجێك لە گوتن و ئاشكرا كردن و ڕاگەیاندنی پلانەكانت دانییە تا نەبنە ڕاستی و دروستی و بوون، بۆیە سەركەوتن و شانازی لە هەبوونی ئەنجامەكانە بێ گوتن، نەك گوتنی بێ ئەنجام، دواتر ئەنجامەكانی ئەو گرنگییەو بایەخ و دڵخۆشەیەیان نابێت. بۆیە گرنگە هەنگاوەكان، پلانەكان بەرەو ئامانج و سەركەوتن نهێنی بن تا ئەنجام و ئامانجەكان خۆیان دەبنە ڕاستی بوون و دەرخەری هەوڵ و هەنگاوەكان. دەگێڕنەوە جارێك منداڵێكی بچووك پرسیار لە باوكی دەكات دەڵێ باوكە من كارێكی باش دەكەم، ئەگەر خەون و ئاواتەكانم بۆ هاوڕێ و خەڵكی باس بكەم؟ باوكەكە بۆ ساتێك بێ دەنگ دەبێت دواتر وەڵامی كوڕەكەی دایەوە و گوتی” بۆچی ئەو پرسیارە دەكەی؟ كوڕەكە گوتی ” لە بەر ئەوەی خەونەكانم زۆر گەورەن دەمەوێ ببم بە كەسایەتیەكی كاریگەری جیهان، وە بتوانم بە بیرۆكەكانم هەمووان سەرسام بكەم، بەڵام نازانم بە هاوڕێیەكانم بلێم یاخود نا؟ باوكەكە زەردەخەنەیەكی كرد و گوتی با بڕۆین كەمێك ڕاوە ماسی بكەین و لەوێ وەڵامت دەدەمەوە بەم جۆرە باوك و كوڕەكە بەرەو ڕووبارەكە بەڕێكەوتن قوڵابەكەیان هەڵدایە ناو ئاوەكە و كەمێك چاوەڕێیان كرد، دوایی كاتژمێرێك ژمارەیەكی زۆر ماسیان ڕاوكرد باوكەكە دەستی بۆ سەبەتەكە ڕاكێشا و بە كوڕەكەی گوت سەیرێكی ئەو سەبەتە پڕ ماسیە بكە چارەنووسیان جیاوازە لە چارەنووسی ماسییەكانی ناو ڕووبارەكە، ئەو ماسییانە هەموو شتێكیان لە دەستداوە خێزانەكانیان و ماڵەكانیان، هەروەها دەبێ بكوژرێن و بخورێن. دەزانی بۆچی ئەو ماسییانە دەبێ بەو هەمووە ناخۆشییانە تێبپەڕن؟ لە بەر ئەوەی دەمیان كراوە بوو دانەخرابوو لە كاتێكدا ماسیە دەم داخراوەكان كەسێك ناتوانێت ڕاویان بكات، چونكە دەمییان داخراوە بووە و قوڵابەكە نایان گرێت، ئەوانەشی كە دەمییان كراوە بووە قوڵابەكە ڕاوی كردن باوكەكە دەستی كردە سەر شانی كوڕەكەی و بەردەوام بوو لە قسەكانی و گوتی” ئەوانەی دەمیان دادەخەن و باسی پلانەكانی خۆیان ناكەن هەرگیز تووشی كێشە نابن، بۆیە هەوڵ بدە هەنگاوەكانت پلانەكانت بەرەو سەركەوتن نهێنی بن و بەرگە بگرە بە بێ دەنگی هەوڵ بدە و دواتر بە ئەنجامەكان خەڵكی و دۆست و هاوڕێیەكانت سەرسام دەبن. هەمیشە كەسە باوەڕ بە خۆبووەكان هەردەم بە ئەنجامەكان خەڵك سەرسام دەكەن، نەك بە ئاشكرا كردن و بانگەواز كردن بۆ پلان و هەنگاوەكان ئەو كات ئەنجامەكانیش كاریگەرییان زیاتر دەبێت و ڕەگ دا كوتاو تر دەبن و، هەمیشە نەگوتن پێویستی بە ئازایەتی زیاترە لە گوتن.

ھەواڵی زیاتر