‎٧٨ ساڵ‎ پڕۆژەیەك لە حزب گەورەتر

‎هاودەنگ فارووق

‎ پارتی لەرووی دیدگەی ستراتیژی و پێگەی مێژوویی و قوڕسایی جەماوەری و، سەنگی دیپلۆماتی و هەژموونی ڕووحییەوە، زۆر گەورەترە لەحزب. بەجۆرێك دەتوانین بڵێین: پارتی لەسەرووی حزب و لە نزیك دەوڵەتەوەیە.
‎پارتی تاكە پرۆژەی بەرفراوانی سیاسیی كوردە، كە توانیویەتی جیاوازییەك لەنێوان ئەقڵی سیاسیی كورددا دروست بکات. یەكەم پرۆژەیە، كە ئەو هەموو ساڵە توانیویەتی بژی و بەردەوام گەشە بكات و، ساڵ لەدوای ساڵ خۆی ئەپدەیت بكاتەوە. ئاخر هیچ پڕۆژەیەكی كوردی، پێش پارتی و دوای پارتی، نەیانتوانیوە ئەوەندە درێژە بەبوون و هەرمان و گەشەی خۆیان بدەن.
‎پارتی بۆ دۆست و دوژمن سەلماندوویەتی كە كوردیش دەتوانێت پرۆژەی دەوڵەتداریی درێژخایەن ئیدارە بدات. نوێی بكاتەوەو، هەمیشە ئامادەی بكات بۆ گۆڕانكاریی و پێشهاتەكان. ‎ كورد لەو ڕووەوە نەك هیچی كەمتر نییە لە گەلانی دنیا، بەڵكوو لەپێش زۆرینەیانەوەیە.
‎لەتەمەنی پارتیدا، دێرینترین و بەهێزترین حزبەكانی ناوچەكە كۆتاییان هات، یان لێكترازان و مایەپوچبوون، بەڵام پارتی بەردەوام خۆی نوێ دەكاتەوەو عەقڵی پارتی لەپێش گۆڕانكاریی و پێشهاتەكانە .. هەم لایەنگرانی زیاتر دەبن و، هەمیش ڕۆژ بەڕۆژ جەماوەری زیاتر لەدەوری پارتی كۆدەبنەوە.
‎سەرباری ئەوەی هەمیشە دەوری پارتی بەدوژمن و خائین گیراوە، بەڵام پارتی لەسەرجەم تاقیكردنەوەكان، لەبەردەم قورسترین فشارەكان، لە هەناوی دووكەڵی گەورەترین نوشوستەكان هاتووەتە دەرێ و دیسان سەركەوتنی تۆماركردووە.
‎پارتی حزبی هەموو گەلی كورد و كوردستانە. حزبی ناوچەیەكی سنووردارو ئایدۆلۆژیایەكی دیاریكراو نییە، هەموو كوردێكی باش پارتییەكی باشە، هەموو كوردستانییەكی نیشتمانپەروەر پارتییەكی دڵسۆزە، ئەوەیە ڕوانگەی حزبە ڕەسەنەكەی كوردایەتی، ئەوەش یەكێك لەنهێنییە گەورەكانی هەمیشە گەنجبوونی پارتییە. لەهەركوێیەك كوردێك هەبێت، پارتی هەیە و، پارتی هۆشیاری سیاسی بۆ نەتەوەی كورد دروست كرد. پارتی پەیامی كوردایەتی نووسیەوەو، هەمووانی تێگەیاند لەوەی دۆزی كورد لە ناوچەكەدا خاوەنێكی هەیە. پارتی خاوەندارێتی ڕاستەقینەی قەزیەی كوردی لەئەستۆگرت و، پەیامی نەتەوەكەی گەیاندە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای دنیا.
‎پارتی پرۆژەیەكی، مێژوویی، فیكری، شارستانییە. ڕێنیسانسێكی نەتەوەیی سەرتاپاییە و، تەنها حزبێكی سادە نییە. كاردانەوەی داگیركاریی خاكی كوردستانە. پارتی كاردانەوەی كوردە بەرانبەر قەدەری ژێردەستەیی، نەك تەنها حیزبێك بێت و لەڕقی حیزبێكی دی دروست بووبێت، وەك شیر هەڵبچێت و دابمركێتەوە. پارتی قەدەری كورد و، ئایندەی خەونی نەتەوەیەكی ژێردەستە، بۆیە لە كاروانی خەباتی پارتیدا مەبدەئی( یان كوردستان یا نەمان) چارەنووسەو هەر زیندوو دەمێنێتەوە.