پارتی پارێزەرێكی بەهێزی پێكەوەژیانە

وەیسی سەعید وەیسی

پارتی دیموکراتی کوردستان، ھەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە بڕوای بە فرەیی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی ھەبووە، لەم پێناوەدا کاری کردووە و برەوی بە کولتوری بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان سەرجەم پێکھاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزھەبیەکانی کوردستان داوە، بۆیەش ھەرزوو ناوی خۆی لە (پارتی دیموکراتی کورد)کردە(پارتی دیموکراتی کوردستان )تاحزبی ھەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزایەکی کوردستان بێت، هیچ كات له‌ سنوورێكی جیۆگرافی و هزریی دیاریكراودا كورت نه‌كرایه‌وه‌، بەلکو توانی به‌ ڕابه‌رایه‌تیی بارزانیی نه‌مر لە ساتی دامەزراندنییەوە ھەموو سنوورێک تێپەرێنێت و ببێتە حزبی ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان. پارێزەرێکی بەھێزی بەھاکانی ئازادی و دیموکراسی و بەیەکەوەژیان بێت، ئه‌وه‌ خۆی له‌ خۆیدا ده‌ستكه‌وتێكی بێوێنه‌ و سه‌رده‌میانه‌ بوو له‌ پێشكه‌وتنی هزری سیاسی له‌ كوردستاندا، کۆمەلێک سەرکردە و کادیری پێشکەوتوو لەنەتەوە و ئایین و مەزھەبی جیا لەنێوپارتیدا ھەبوون و تا ئێستاش ھەن، تەنانەت لەگەل ھەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولدا بارزانیی نەمر گەلی کوردستانی بەھەموو پێکھاتەکانییەوە لەیەک سەنگەردا دژی داگیرکەرانی کوردستان کۆکردنەوە و چەندین پێشمەرگە لەنەتەوە و ئایینی جیا بە قارەمانیەتی خۆیان ناوبانگیان بە ھەموو لایەکی کوردستان بڵاو ببووەوە، لەزۆربەی ناوچەکاندا پەرستگەی ئایینەکان بە تەنیشت یەکەوە بوون، باوەڕدارانی هەموو ئەو ئایینانەش بە خۆشەویستییەکی زۆرەوە بەیە کەوە دەژیان، بۆیەش پارتی بەردەوامی داوە بەکولتووری بەیەکەوە ژیان و دژی ھەر ھەولێکی نەزۆک وەستاوەتەوە کە ھەوڵی تێکدانی ڕەوشی بەیەکەوەژیان لەھەرێمی کوردستان بدات، کەدواھەمینیان پرسی نەمانی کۆتای پێھاتەکان بوو لەپەرلەمانی کوردستان، کەلایەنی وا ھەبوو شانازی دەکرد ڕۆڵی ھەبووە لە نەھێشتنی کورسی کۆتای پێھاتەکان، کاتێکش دادگای فیدراڵیی عیراق بڕیاری دژی کورسی کۆتاکان دەرکرد، تەنھا سەرۆک مسعود بارزانی و پارتی دژی وەستانەوە و ڕێگەیان نەدا بەبێ نوێنەرایەتیی پێکھاتەکان ھەڵبژاردن بەرێوەبچێت، ئەمە تێڕوانینێكی مرۆڤدۆستانە و پەرۆشی و وەفایە بۆ پێكەوەژیان و تەبایی لە هەرێمی كوردستان، بێبەشكردنی پێكهاتەكان لەکایەی یاسایی لێدانە لە بەها مێژووییەكانی گەلەكەمان، بەمەش پێکھاتەکان ھەستیان بە دڵنیایی کرد و بۆیان دەرکەوت کە پارتی و سەرۆک مسعود بارزانی قەڵغانی پاراستنی پێکەوەژیانی نێوان پێکھاتەکانن، ئەم پشتیوانییه‌ش بۆھیچ بەرژەوەندی و مەبەستێک نەبوو، بەلکو بڕوا و پرەنسیپە پەیوەستە بە مێژووی درێژی باوه‌ڕ و کولتووری بەیەکەوەژیان لە کوردستاندا، ئەمڕۆش دوای حەفتا و ھەشت سال لە ژیانی سیاسیدا پارتی بەردەوامی دەدا بە قووڵکردنەوەی بەھا بەرز و مروییەکان و کولتووری بەیەکەوەژیان لە کوردستان، بۆ ئاوەدانکردنەوەی کۆمەڵگەیەکی مرۆڤدۆستانە، لەپێناو داھاتوویەکی باشتر بۆ ڕۆلەکانمان کە کوردستان وەک ھەمیشە وڵاتی ھەمووان پێکەوە دەبێت.

ھەواڵی زیاتر