پارتی ئاڵاهەڵگری خزمەتکردن و ئارامییە


بێستون ساڵەیی
ئاشکرایە کە بۆچی تیری نەیاران ڕوو لە پارتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵێ ڕوونە چونکە پارتی بەرپرسیاریەتی گەل و نیشتیمانێکی لەسەر شانە، خەڵکیتر لە بەرهەمی دەستکەوتەکانی پارتی دەخۆن و دەبن بە شەریک لە خۆشیەکاندا لەهەمانکاتدا لە نەیاریدا سەرسەختانە دژی دەستەکەوتەکان دەوەستنەوە .
چونکە رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەوڵەتداریی دەکات و رێگە بە زێدەڕۆیی و کاری مافیایی و چەتەیی نادات.
پارتی وەکو حزبێکی ڕەگداکوتراوی ناو کۆمەڵگەی کوردیی بە سەرجەم ئەو وێستگانەی کە لەتەمەنی کاری سیاسی خۆیدا پێیدا تێپەڕیوە هەمیشە بە بیروباوەڕ و بە بیرکردنەوەی قوڵ و بەرپرسیاریەتیەوە کاری بۆ پارستنی بەرژەوندییەکان و بەها باڵاکانی نیشتیمان کردووە و هەمیشە خۆی بە پارێزەر و خزمەتکارێک بۆ نیشتیمانەکەی زانیوە. رێبازێک کە هەوێنی کوردایەتی و نیشتیمانپەروەرییە ڕەگی هێندە پتەو و کاریگەرە خۆشەویستی خۆی لەناو دڵی کوردانی هەر چوارپارچە داکوتیوە و ڕێبازی بارزانی بە قوتابخانە و وانەی کوردپەروەری و نیشتیمانپەروەریی بۆ خۆیان دەزانن.
پارتی لەسەر چەند بنەمایەکی گرنگ کاردەکات و بەردەوام کاری بۆ دەکات ئەویش خزمەتکردن و پاراستنی ئارامی و ئاشتی و پێکەوە ژیانە، کە ئەمانەش کۆڵەکەن بۆ بنیادنان و بەهێزهێشتنەوەی پایەکانی نیشتیمان.
لەسەر ڕێگەی گەیشتن بەو ئامانجانە بێ شک کۆسپ و تەگەرە و پیلانگێڕی زۆری لە بەرامبەردا دروست کراوە، بەشێک لە تەگەرە و کۆسپەکان لە لایەن هەندێک لایەنی ناوخۆییەوە سەرسەختانە کاری بۆ کراوە. تەنیا هۆکاریش ئەوەیە کە پارتی بە درێژایی مێژووەکەی لە ناوخۆ و لە ناوچەکەدا بە گشتی خاوەن پێگە و قورسایی خۆی بووە و کاریگەریی هەبووە لە ڕووی کاریزمایی و دانایی ڕێبەرەکانی و دواتر بەرنامە و ئامانجە ستراتیژییەکانی.
بێگومان ئەم پێگەو قورساییەی پارتی بە دڵی ئەوانە نابێت کە خاوەن مێژوو و دەستکەوت نین بۆ نیشتیمانەکەیان..
پارتی خاوەن پرسە گەورەکەیە، هەوڵی پێشکەوتن و بەهێزکردنی دەدات، ئارامی فەراهەم دەکات و ئاشتی دێنێتە کایەوە، لە ناشتنی نەمامێکەوە تاکو پەروەردەی منداڵێک و تیمارکردنی پێشمەرگەیەکی بریندار و خزمەتکردنی سەرجەم چین وتوێژەکانی کۆمەڵگە خۆی بە خاوەنیان دەزانێت. لە کارە باش و سەرکەوتووکان بەردەوامی دەبێت و لە کەموکورتیەکانیش بەرپرسیاریەتی دەگرێتە ئەستۆ و چارسەری گونجاویان بۆ دەدۆزێتەوە.
بەرنامە و ئامانجەکانی پارتی لە کار و پرۆژەکانی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی دەرخەری ئەو ڕاستیانەن.
نەیارەکان بە هەزاران بیرۆکە و پێشنیار و پیلان و بەرنامەی کورت خایەن و درێژ خایەنیان لە ڕابردوو داڕشت، لە ئێستاشدا ئەو جۆرە پیلانانە بەردەوامن و بە شێوازی جۆراوجۆر کاری لە سەر دەکرێت، تەنانەت نەیارەکان هەر بەوەش نەوەستاون بۆ رێگەگرتن لە بەهێزبوونی پارتی، سوود لە هێز و توانای دوژمنەکانی کوردیش وەردەگرن تاکو پارتی لاواز و بێهێز بکەن..
کێشەی هەرەگەورەی نەیارانی پارتی لەوەدایە خۆیان بچووکن و خاوەن مێژوویەکی ڕەشن یاخود هەندێکیان خاوەنی هیچ مێژوویەک نین کە بووبنە جێی متمانە و بڕوای هاووڵاتیان، بۆیە بۆ گەورەکردنی خۆیان ناچارن پەنا دەبەنە بەر دوژمنەکانی کورد و پەلاماری پارتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەدەن کە پارتی پایەی سەرەکی قەوارەی هەرێمی کوردستانە..
سەرەکیترین کارەکانی پارتی پاراستنی دەستکەوتی نەتەوایەتی و ئەو قەوارەیەیە کە بە درێژایی مێژوو لە پێناویدا شوڕش و خەباتی بۆ کردووە، کە بێجگە لە پاراستنی هاوکات بەهێزکردن و پێشخستنیەتی لە هەموو بوارەکاندا.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای فشارە یەک لەدوای یەکەکان و هێرشی ناڕەوای بەردەوام و قەیرانە ئابووری و سیاسیەکان، کابینەکانی لە کارکردن و خزمەتکردن بە هاونیشتیمانیان نەوەستا و توانی زۆرترین پرۆژە خزمەتگوزارییەکان هەر لە زاخۆ تاکو گەرمیان لە سێکتەرە جیاوازەکاندا پێشکەش بە هاوڵاتیانی خۆی بکات.
حکوومەتی هەرێم لە بنیادنانی ژێرخانەکانەوە دەستی پێ کرد. رێگاوبانەکان، کشتوکاڵ، بەنداو و پۆندەکان و هەناردەکردن و بایەخدان بە کارگەی بەروبومە خۆماڵیەکان و پرۆژەی هەژماری من کە سیستەمێکی بانکیی سەردمە، هەموو ئەمانە دەرفەتی کاری بۆ هەزاران گەنجی ئەم نیشتیمانە ڕەخساندووە.
ئەم خزمەتانە بە چاوپرووکان و هەر وا بە سادەیی بەدەست نایەن ئەگەر کەشێکی ئارام و ئاسایش بەرقەرار نەکرێت، ئەم ئارامی و ئاسایشە وای کردووە کە کۆمپانیا و گروپە بازرگانییە جیهانییەکان بتوانن لە کوردستان سەرمایەکانیان بخەنە کار و خەڵکێکیش بەوهۆیەوە دەرفەتی کارکردنی بۆ بدۆزرێتەوە.
کاتێک خزمەتکردنی هاووڵاتی پیرۆزتر و گرنگتر بێت لە بەرژەوەندیی حزبی و زویربوونی دڵی سیاسیەکان، پێشکەوتن و دەستکەوتەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبن، هەر بۆیە ناحەز و نەیار دڵگران و بێتاقەتن.
نەیاران هەموو ڕێگایەکیان تاقی کردووەتەوە و بە ئەنجامیش نەگەیشتن، پارتی لە خزمەتکردن ماندوو نابێت و دەست هەڵناگرێت، بۆیە وەڵام بۆ هەر تیرێکی ناحەز و نەیار دانانی بەردی بناغەی پرۆژەیەکی خزمەتگوزارییە.

ھەواڵی زیاتر