نەخۆشخانەی نانەکەلی و سەرنجێك!


کەیفی زیرەك کەمال

ئەڵقەی یەکەم
نەخۆشـخانەی نانەکەلی یەکێکە لە نەخۆشـخانە هەرە گرنگ و کاریگەرەکانی شاری هەولێر، رۆژانە چەندین نەخۆش چارەسەری پێویست بۆ نەخۆشیەکانە جۆراوجۆرەکانیان وەردەگرن، لەناویاندا چەندین نەخۆشی توند هەن وەك شێرپەنـجەی خوێن، نەخۆشیە بۆماوەییەکان، تالاسیمیای کامڵ (Thalassemia major) و هیتر. توشبووانی ئەو نەخۆشییانە چەندین جۆر چارەسەری قورس وەردەگرن وەک چارەسەرە کیمیاییەکان (Chemotherapy) کە چەندین کاریگەری لاوەکی هەیە، دیارترینیان قژ هەڵوەرین.
وەك قوتابی چەندین جار چوومەتە ئەو نەخۆشخانەیە، چەندین دیمەنی خەفەتبارم بینیوە، بەڵام دیمەنی ئەو منداڵە هەشت ساڵانەم هەرگیز لەیاد ناچێتەوە کە لەسەر جێخەوەکەی بە بێتاقەتی دانیشتبوو، دەموچاوێکی ڕەنگ سیس و قاچ و قولێكی لاوازی هەبوو، بوکەڵەکەی خستبووە باوەش و بۆ قەرەبوو کردنەوەی قژە هەڵوەریوەکەشی، کوڵاوێکی ڕەنگاوڕەنگی لەسەر کردبوو، خۆزگە ئەو دیمەنەم هەر نەدیتبا. ئەوە یەکێکە لە چەندەها دیمەنی تراژیدی کە لەو نەخۆشخانەیە ڕۆژانە دەبینرێت، بۆیە ئەگەر هیچ نەخۆشێکی هاوشێوە نییە لەناو کەسە نزیك و ئازیزەکانت، وەك کوردەواری دەڵێت “نانێك بخۆ، دە نان بکە خێر!”
وەبیرمە کە قوتابی بووم لە قۆناغی شەشەم، رۆژێکیان کە دەواممان لەم نەخۆشخانەیە بوو، دوای تەواوبوونی وانەکەمان، پرسیارێکم لە دکتۆرەکە کرد:
من: دکتۆر زۆرترین هۆکاری مردنی نەخۆش لەم نەخۆشخانەیە چییە؟
دکتۆر: نەخۆشییە هەوکردنەکان (وەك هەوکردنە بەکتریاییەکان)
من: واتا چۆن؟! ئەدی شێرپەنجە و نەخۆشییە بۆماوەییەکان؟
دکتۆر: هەوکردنەکان زۆر زۆر زیاتر لەوانە رۆژانە نەخۆشەکانمان لێدەستێنن!
من: هۆکار چییە؟ خۆ ناکرێ بڵێین ئەم نەخۆشخانەیە وەك پێویست پاك ناکرێتەوە!
دکتۆر: هۆکارەکە پاك نەکردنەوەی نەخۆشخانە نییە، هۆکارەکە ئەوانەن کە سەردانی نەخۆشەکان دەکەن!
وەك باسکرا لە سەرەوە، نەخۆشانی ئەم نەخۆشخانەیە چارەسەری زۆر قورس وەردەگرن، ئەمەش وادەکات بەرگری جەستەیان نزیك ببێتەوە لە سفر، واتا هیچ پێشمەرگەیەك نامێنێت بەرگری لە خاك و نیشتیمانی جەستەی ئەو کەسە بکات، هەر بۆیە سادەترین نەخۆشی وەك هەڵامەت (پەسیو) دەکرێ کۆتایی بە ژیانی نەخۆشەکە بهێنین، هەر کەسێکیش کە دەچێت بۆ ئەم خەستەخانەیە ئەگەری گواستنەوەی چەندین نەخۆشی بۆ نەخۆشەکەی خۆی و نەخۆشانی دیكەش زیاد دەکات. بۆیە با هەموومان بەیەکەوە سەردانی نەخۆشخانەی نانەکەلی نەکەین.

تێبینی: ئەو نوسینە بۆ نەخۆشـخانەکانی دیکەش ڕاستە!

ھەواڵی زیاتر