مێ و مەلا

حەمەسەعید حەسەن

بەکتاشی: ڕێبازێکی سۆفیگەرییە، پێوەندیی پتەوی بە شیعەی دوازدە ئیمامییەوە هەیە، سوڵتان عەبداڵ کە شاعیرێکی ناوداریان بووە، لە ناوەڕاستی سەدەی شازدەیەمدا، عوسمانییەکان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ سەفەوییەکان لە سێدارەیان داوە. ڕێبەرەکەیان کە حاجی بەکتاشی ناوبوو، لە سەدەی سێزدەیەمدا لە خوراسانەوە هات و لە ئەنەدۆڵ جێپێی خۆی قایم کرد. بەکتاشییەکان باسی چوار دەرگایان دەکرد: دەرگای عابید کە شەریعەتە، دەرگای زاهید کە تەریقەتە، دەرگای عاریف کە مەعریفەتە و دەرگای موحیب کە حەقیقەتە. شێخی بەکتاشی (دەدە)ی پێ دەگوترێت کە بە مانای باوەگەورە دێت.

لایەنی سەرنجڕاکێشی بەکتاشییەکان ئەوەیە، ڕێزێکی زۆر لە ژن دەگرن، ژن لایان ئازادییەکی بەرفراوانی هەیە و هاوشانی پیاو بەشداریی سرووتە دینییەکان دەکات. هەر لەم سۆنگەیەشەوە ناحەزانیان تۆمەتی بەدڕەوشتییان وەپاڵ دەدەن، وەک چۆن لەبەر هەمان هۆکار، هەمان تۆمەت وەپاڵ کاکەیییەکان دەدرێت، ئاخر لای ئیسلامی سەلەفی، ژن بۆ کۆیلایەتی خوڵقاوە. بۆچی نزیکەی هەموو بانگخوازانی ئیسلام، پیێان وایە بەدڕەوشتی بە خۆرئاوادا بڵاو بووەتەوە؟ چونکە لە خۆرئاوا یەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا ڕەچاو دەکرێت.

سەنائی گوتوویەتی: (ژنێکی چاک لە سەد پیاوی خراپ باشترە،) بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە ژنێکی چاک یەکسانە بە پیاوێکی چاک، بەڵکوو ژنی چاک تەنیا بە بەراورد لەگەڵ پیاوی خراپدا، باشە. گەلەئەستێرەیەک هەیە، ورچی گەورەی ناوە، عەرەب کچانی تابووتی پێ دەڵێن، ئاخر کچان بۆ مەرگ باشن، نەک ژیان. لای ئیسلام بەدەگمەن نەبێت، ژن ئەگەر ناوبانگێکی هەبووبێت، ئەوا بە کۆمەکی پیاوەکەی بووە. جوانمەرد، بە مانای گەنجێک دێت کە نێر بێت، چونکە مەرد بە مانای پیاو دێت. جوامێر، لەو جوانمەردەوە هاتووە، کە هەم ناوێکی پیاوانەیە و هەم سیفەتێکیشە وەپاڵ پیاو دەدرێت.

شیعە کە ڕێزێکی زۆر لە فاتیمە دەگرن، لەبەر ئەوە نییە، ژنێکی لێهاتوو بووە، لەبەر ئەوەیە کیژی پەیامهێن و ژنی عەلی بووە. (زەینەب)یش بۆیە خۆشەویستە، چونکە هەم کچەزای پەیامهێن بووە و هەم کچی ئیمامی عەلی. تاقە ژنی ناوداری سۆفی لای ئیسلام ڕابیعەی عەدەوییە بووە، ئەویش بۆیە رێزی لێ گیراوە، چونکە پیاوانە هەڵسوکەوتی کردووە، ئاخر عەرەب پێیان وایە: (هەر ژنێک ڕێی بەرەو لای خوای گرتە پێش، بە پیاو هەژمار دەکرێت و حەیفە حیسابی ژنی بۆ بکرێت!) مەریەمی بەسری بۆیە لای عەرەب ئازیزە، چونکە لە خەوفی خوا ئەوەندە گریابوو، بیناییی لە دەست دابوو.

بایەزیدی بەستامی کە ناوبەناو لەگەڵ (فاتیمەی نیشابووری)دا گوتوبێژی دەکرد، جارێک نەخشی بە خەنە چێکراوی لەسەر دەستی بینیبوو، ئیدی کۆتایی بە دیالۆگ لەگەڵیدا هێنابوو، ئاخر نابێت ژن، وەک مێ خۆی نمایش بکات، هەرچەندە مێبوون ناسنامەی ژنە. (ژن بهێنە! ئەگەر ژنێکی چاکبوو، لەم دونیا بەهەشتت بۆ دێنێتە ئاراوە، ئەگەر نا دۆزەخت پیشان دەدات و هێندە بەڵات بەسەردا دەهێنێت، خوا وەک پاداشت، بەهەشتی ئەو دونیات پێ ڕەوا دەبینێت.)

دونیا ژنێکە نابێت جێی بایەخی زاهید بێت، بەڵکوو پێویستە سێبەسێ تەڵاقی بدات. نەفس لە عەرەبیدا مێیە، (نەفسی بەد، وەک ئەو ژنە وایە، پیاو فریو دەدات، خوای بیر دەباتەوە و بە خۆشییەکانی دنیاوە سەرقاڵی دەکات.) نەفس چونکە دەشێت ئینسان بۆ خراپە هان بدات، دایکە، بەڵام عەقڵ، باوکە! (ئەگەر کوڕنووشبردن بۆ غەیری خوا ڕەوا بووایە، فەرمانم بە ژن دەدا، کوڕنووش بۆ مێردەکەیشی ببات!) ئەوە گوتەی پەیامهێنە کە لای هێندۆسەکانیش هەیە: (دەبێت ژن، مێردەکەی بە نوێنەری خوا بزانێت.) ئەم بۆچوونانە هیچیان لەگەڵ ئەو گوتەیەدا یەک ناگرنەوە کە دەڵێت: (بەهەشت لەژێر پێی دایکاندایە.)

دوو سۆفی کە ناتوانین نکووڵی لەوە بکەین، ڕێزیان لە ژن گرتووە، ئیبن عەرەبی و مەولانا بوون، یەکەمیان ژنی بە شاکاری خوا لە قەڵەم داوە و پێی وابووە خوا لە ڕێی جوانییەکانی ژنەوە، جوانیی خۆی نمایش دەکات و دووەمیشیان ژنی هەر بە مەخلووق نا، بە خالیقیش زانیوە، چونکە خوا توانای منداڵبوونی پێ ڕەوا بینیوە. (جامی)یش جوانی بۆ هاتووە کە گوتوویەتی: (نە ئەوە بۆ خۆر شەرمەزارییە کە مێیە، نە ئەوەیش بۆ مانگی یەکشەوە شانازییە کە نێرە،) ئاخر لە عەرەبیدا، شەمس موئەننەسە و هیلال موزەککەر.

جیهان شا، ئەوی بۆ ڕێزلێنان لە ژنەکەی، (تاج مەحەل)ی ڕۆنا، کە یەکێکە لە حەوت عاجباتییەکانی دنیا، کوڕە گەورەکەی کە (دارا شکۆ)ی (١٦١٥ – ١٦٥٩) ناو بوو، کە سەر بە ڕێبازی قادری بوو، دەیگوت: (بەهەشت جێی عاریفانە، مەلا ڕێی ناکەوێتە ئەوێ. عاریف وەک شێر وایە، ئەوەی خۆی ڕاوی نەکات، نایخوات، بەڵام مەلا لە ڕێوی دەچێت، لەسەر بەرماوەی ئەوانی دیکە دەژی.) دەشێت ئەوەی مەلا، زوو زوو سۆفی بە زەندیق لە قەڵەم دەدات، پێوەندیی بەم جۆرە قسانەیشەوە هەبێت.

ھەواڵی زیاتر