هۆشداری لە چاولێكه‌ریی كۆێرانه‌

عومەر چنگیانی

گوتاری هەینی ڕابردوو٢ی٨ی٢٠٢٤ی زۆرینەی مزگەوتەکانی کوردستان هەماهەنگییەکی زۆری پێوە دیاربوو کە لقی سلێمانی بۆردی گوتار ئامادەکردن بە هەماهەنگی لەگەڵ بۆردی باڵا ئامادەیان کردبوو ئێمەیش لە دوانگەی مزگەوتی خەدیجە کوبرا کردمانە توێشووی گوتاری ژمارە٢٥٥مان و لێرەدا پوختەیەکی دەخەمەبەردیدی خوێنەرە بەڕێزەکانی گۆشەی لە هەر خەرمانەی گوڵێک، کە تیایدا هاتبوو: (خوای گەورە لە لێخوێندن لەو کەسانەی تەفرەدەر و تەفرەخواردۆکانیش، لە ئایەتی ١٦٦ی سورەتی (ئەلبەقەرە)دا دەفەرمێت: (لە ڕۆژی سەڵادا ئەوانەی کە خەڵکیان تەفرەخواردوو کردبوو حاشا لە خەڵکە تەفرەخواردو و شوێنکەوتۆکانیان دەکەن، نەخاسمە کە سزا دەبیینن و هەموو هۆکارەکانی نێوانیان دەپسێ و دەزانن هیچ شت فریایان ناکەوێت).
شوێنکەوتنی چاکەکاران وەک حاڵەتێکی ئەرێنی و، لاسایی کردنەوە وچاولێکەریی کوێرانە وەک حاڵەتێکی نەرێنی لە ژیانی مرۆڤەکاندا بوونی هەیە، هه‌ر بۆیه‌ ئیسلام ئه‌م باسه‌ی پشت گوێ نه‌خستوه‌ و فه‌رمانی پێكردووین بە یەکەمیان و، نەهی کردووە لە دووەمیان، فەرمانی پێ کردوین کە شوێن کەوتەی پێغه‌مبه‌ران و نموونە چاکەكان بین و بیانکەین بە‌ پێشه‌نگ و چاو له‌وان بكه‌ین و شوێن پێیان هەلبگرین.
ئیسلام قه‌ده‌غه‌ی كردوه‌ مرۆڤ به‌ چاولێكه‌ریی كوێرانه‌ كردارو گوفتار ئه‌نجام بدات:
خوای گەورە لە ١٣٨هەمین ئایەتی سورەتی(ئەلئەعراف)دا، باسمان لەوە بۆ دەکات کە چۆن پێغه‌مبه‌ر موسا(سەلامی خوای لە سەر بێت)سه‌رزه‌نشتی گه‌لەكه‌ی كرد، كاتێك به‌ چاولێكه‌ری كوێرانه‌ داوایان ده‌كرد، بتیان بۆ دەستنیشان بکات تا بی پەرستن و دەفەرمێت: (وتیان ئەی موسا وەک بتپەرستان تۆیش بتێکمان بۆدیاری بکە تا بیپەرستین و لەوەڵامیاندا فەرمووی: بەڕاستی ئێوە قەومێکن نەفامن و ڕأستیەکانتان لێ تیکچووە و بەرەو چەواشەیی و نەفامی هەنگاو دەنێن). وەکچۆن خوای گه‌وره‌ ده‌رباره‌ی بتپه‌رسته‌كانی سەردەمی پێش هاتنی ئیسلام و دوای دەرکەوتنی نووری ئیسلام كه‌ چاولێكه‌ری خراپ پیشه‌ و کاریان بوو، لە ئایەتی ١٧٠ی سورەتی(ئەلبەقەرە)دا، دەفه‌رمێ: (گەر پێیان بگوترایە شوێن ئەم قورئانە بکەون کە لەلای خوا نێردراوەتە خوارەوە، لەوەڵامدا دەیانگوت نەخێر ئێمە شوێنکەوتەی بابو باپیرانی خۆمانین و لەوانەوە چیمان بۆ جێما بێت لەسەری دەڕۆین، مەگەر باوانیان ئەوانە نەبوون کە عەقڵیان بە شت نە دەشکا و ڕێنماییەکانیشیان قەبووڵنەبوو)پێغه‌مبه‌ری خوشه‌ویستیشمان( صلی الله علیه وسلم) ئاگاداری كردووینه‌وه‌ له‌ خراپی ئه‌م كاره‌ و هۆشداری داوینێ کە ڕۆژگارێک دێتە پێشەوە هێندە دەبنە خولیای لاسایی کردنەوە، تەنانەت ئەگەر خەڵکی خۆ لە کونی بزنمژگەیەکدا ڕۆبکەن لەدوویان دەڕۆن و پێتان وا دەبێت ئیشیان بێ حیکمەت نییە) رواه أحمد .
زیانه‌كانی چاولێكەر‌یی كوێرانه:
1-دور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ بنه‌ما جوانه‌كانی ئیسلام كه‌ فه‌رمانمان پێ ئه‌كات خۆمان به‌ ڕه‌وشتی جوان بڕازێنینه‌وه‌، هەروەها لە ده‌قه‌ جوانه‌كانی ئایینەکەمان.
2-به‌هۆی چاولێكه‌ریی كوێرانه‌وه‌ چه‌ندین دابونه‌ریت و شێوه‌ی ژیانی نه‌شیاو دێته‌ نێو كۆمه‌ڵگاوه‌ كه‌ زیانیان له‌ سوودیان زیاتره‌ یاخود هه‌ر سوودیان نیه‌.
3- له‌ ڕوی سیاسی و نه‌ته‌وایه‌تیه‌وه‌ كاریگه‌ی خراپی له‌ سه‌ر نه‌وه‌ی داهاتوو هه‌یه‌، به‌ شێوازێك ڕوحی به‌رگری و خۆشه‌ویستی نیشتمان كاڵ ده‌بێته‌وه‌ لایان یاخود هه‌ر نامێنی، چونكه‌ جاری وایه‌ كه‌سانێك ئه‌كرێن به‌ پێشه‌نگ دوژمنی كلتور و گه‌ل و زمانیشمانه‌.
وریا ببین چاو له‌ كه‌سانێك نه‌كه‌ین كه‌ بێڕێزی ده‌كه‌ن به‌ ڕه‌مزه‌كانی ئیسلام، ئه‌وه‌ی ئه‌وان بیڵێن بیڵێینه‌وه‌:
به‌ داخه‌وه‌ به‌ هۆی نه‌زانین یاخود لاسای كردنه‌وه‌ی خه‌ڵكانی خراپ ئه‌مڕۆ كه‌سانێك بێڕێزی به‌رانبه‌ر هاوه‌ڵانی پیغه‌مبه‌ر( صلی الله علیه وسلم) ده‌كه‌ن كه‌ خودا هه‌ڵیبژاردوون بۆ گه‌یاندنی ئاینی پیرۆزی ئیسلام، بۆیه‌ بێڕێزی كردن به‌رانبه‌ر هاوه‌ڵان ته‌نها چاولێكه‌ی كوێرانه‌ی كه‌سانێكه‌ ڕێزی خانه‌واده‌و هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر ناگرن! یاخود كه‌سانێك بێڕێزی به‌رانبه‌ر زانا گه‌وره‌كانی ئیسلام ده‌كه‌ن كه‌ چه‌ندین چه‌رخه‌ مسوڵمانان ئه‌وانیان كردۆته‌ پێشه‌نگی خۆیان.
تێبینی: چونکە ئەوەی مەبەست بوو لە دوو خەلەکی گوڵخەرمانی ڕابردووماندا لەژێر سەردێڕی(ئەم موڵکە نەظمی نابێ بە بێ ضبطی وارثی)، سوپاس بۆ خوا گەیاندمان، بە پێویستمان نەزانی سێ بەشەکەی دیکەی بڵاو بکەینەوە، جگە لە نموونە شیعرێکی شێخ موحه‌مه‌دی خالیسی ڕەخنە ئامێزی بنیاتنەر، کە کاتی خۆی لەسەردەمی حکوومەتەکەی شێخ مەحمودی مەلیکدا نووسراوە و لە نێو دوو توێی کتێبی (له‌خه‌وما)ی جه‌میل صائیب، لاپه‌ڕه‌ 18-22چاپی، كۆڕی زانیاری كورد 1975، بڵاوکراوەتەوە و تیایدا دەڵی:
بۆچی ده‌رت كردم، ئه‌گه‌ر پاست نه‌كه‌م به‌خوا
هه‌موو (چه‌ڵتووك)ـه‌ كه‌ت ده‌خوا، (به‌رازی قوتبی ره‌بانی)
(یه‌كانه‌) و (په‌ڵخ) و (مالۆس)ــی قه‌وی قوڵی گه‌لێ زۆره‌
به‌ری ملیان له‌كوێ ده‌گرێ (پشیله‌)ی كانی ئاسكانی
……….
(كه‌ر)و (گا) خه‌رجی بار و جووته‌، (ئێستر) ماڵی كاروانه‌
ئه‌مانه‌ نابنه‌ (كوێخا) و (ره‌ئیس) و (میر)ی دیوانی
……..
دوعات بابۆبكه‌ن ئه‌مجا، به‌ته‌دبیریان نه‌كه‌ی زینهار
(مه‌لا) و (ده‌روێش) و (سۆفی) و (شێخه‌كان)ـی لوقمه‌ باتمانی

ھەواڵی زیاتر