چۆن رێگا سه‌خته‌كانمان بڕی؟

ئەسعەد عەدۆ

ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ ناونیشانی ئه‌و كتێبیه‌ كه‌ له‌ نووسین وئاماده‌كردنی كاكه‌مین نه‌جاره‌ كه‌ له‌سه‌ر حسن نه‌جاری برای و خانه‌واده‌كه‌یه‌تی،
كاتێ وه‌سفی روخساری ده‌ره‌وه‌ی حسن نه‌جاڕ ده‌كه‌م و ده‌ڵێم : به‌جلوبه‌رگێكی ناڕێك …. لاپه‌ڕه‌(122) ئه‌وه‌ دووندی گه‌وره‌یی ئه‌و تێكۆشه‌ره‌ نیشان ده‌ده‌م، ئه‌گه‌ر وانه‌ڵێم كه‌س قاره‌مانی نووسینه‌كه‌م ناناسێته‌وه‌ !
كاتێ ده‌ڵێم : خۆشه‌ویستی و زێده‌رێزگرتنی نێوان كاك مسعود بارزانی و حسن نه‌جاڕ ئه‌و براده‌ره‌ی ده‌گه‌یانده‌ حاڵه‌تی نه‌ك له‌رزین به‌ڵكو هه‌ژاندن ! دڵنیام خه‌ڵكانێك هه‌ن له‌ مه‌غزای قسه‌كانم ناگه‌ن ! به‌داخه‌وه‌ هه‌ڵگیراوه‌ !
بۆ خودی خۆم له‌بیره‌وه‌ری خۆمدا (گه‌شتێك به‌نێو ته‌مه‌ندا )نووسیومه‌ : له‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كیم بۆ كوردستان له‌ 3/10/2005 به‌دیداری كاك مسعود بارزانی شادبوم به‌ڵام له‌سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌ له‌ رووی ده‌روونیه‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك نوتقمگیرا ! به‌ڵام جه‌نابی زۆر هاوكارم بوو تا هاتمه‌وه‌ سه‌رخۆ !
ئه‌مجۆره‌ حاڵه‌تانه‌ له‌نێو ئه‌لقه‌ی زكری موریداندا پێی ده‌گوترێ(حاڵ !)بۆیه‌ مه‌رج نیه‌ هه‌موو كه‌سێك به‌م قۆناغه‌دا تێپه‌ڕیبێ، بۆیه‌ نابه‌ڵه‌ده‌ !
جه‌معی ئه‌و حاڵه‌تانه‌ له‌نێو پارتیه‌كاندا هه‌یه‌، له‌به‌رهێندێ هه‌ر پارتیه‌كی چاك له‌تووڕه‌ییدا بگاته‌ لووتكه‌ له‌ حزووری هێژادا وه‌ك قه‌قنه‌س خۆی ده‌سوتێنێ ! له‌وه‌یش دڵنیام هه‌موو كه‌سێك سه‌ربرده‌ی قه‌قنه‌س سووتان نازانێ !
كاتێ كتێبی سه‌ربرده‌ی ژیانی چه‌رمه‌سه‌ری حسن نه‌جاڕی قاره‌مان گه‌یشته‌ ده‌ستم به‌خه‌مێكی قووڵه‌وه‌ به‌نێو لاپه‌ڕه‌كانیدا گووزه‌رمكرد، له‌گه‌ڵ رێزم بۆ ووشه‌و په‌یڤی به‌شداربوان به‌ڵام سوكنای دڵم نه‌هات ! سه‌ره‌تا خۆم لۆمه‌باران ده‌كه‌م كه‌ نه‌متوانیوه‌ هه‌موو شتێك بدركێنم نه‌ك له‌ ترسان به‌ڵكو له‌به‌ر لۆمه‌ی سه‌ردونیایێ، ده‌بوایه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ بۆ مێژوو ریسوا بكه‌م كه‌ هۆكاری ماڵوێرانی ئه‌و خانه‌واده‌یه‌ بوون
ده‌بوایه‌ باس له‌ هه‌ڵوێست و ئازایه‌ له‌ئه‌قڵبه‌ده‌ره‌كانی حسن نه‌جاڕ بكه‌م، باس له‌و كه‌سانه‌ بكه‌م كه‌ به‌ نێوهێنانی ئه‌و براده‌ره‌م هه‌ترشیان ده‌چوو ! باسی چیتر بكه‌م ؟ ته‌مه‌نی براده‌رایه‌تیمان زۆر كوورت بوو به‌ڵام هه‌كبه‌ زۆری تێدا ماوه‌
له‌كۆتاییدا ده‌ڵێم : بخه‌وه‌ برا ده‌ست كورته‌كه‌م، برا قاره‌مانه‌كه‌م، ئه‌وه‌ی من دێشێنێ ئه‌وه‌یه‌ : نه‌كه‌س توانی شوێنی شه‌وكه‌تی پڕ له‌ حورمه‌تم بگرێته‌وه‌ نه‌كه‌سیش ده‌توانێ په‌ی به‌تۆ ببات ! بۆیه‌ لێره‌دا ناچارم ئه‌و قسه‌ نه‌سته‌قه‌ی هێژا بارزانی بۆ خودی تۆ دووباره‌ بكه‌مه‌وه‌ :
به‌قه‌د چیاكانی كوردستان جه‌وهه‌رت لێده‌بارێ