نامه‌ عاشقانه‌كانی غولامحسێن ساعدی

خالید فاتیحی

نامه‌ی 23
تاهیره‌ی ئازیزم

رۆژگارێكی تازه‌ هاتۆته‌پێش به‌ هه‌موو كۆنه‌خوازی و نیگه‌رانییه‌كانیه‌وه‌. روحی ماندووم كه‌ ده‌ڵێی بۆ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵمدایه‌. دۆخێك دروستبووه‌ كه‌ له‌ هه‌مووشتێك بێزارو وه‌ڕه‌زم. ده‌ورانی كۆنه‌خوازی ده‌ستیپێكردووه‌ من هه‌ستده‌كه‌م كه‌ روحی ماندووم له‌و هه‌موو دیمه‌نه‌ قێزه‌ونانه‌ بێزاربووه‌.
دوای یه‌كه‌م سه‌فه‌رم بۆ تاران گه‌ڕامه‌وه‌ چه‌ند رۆژێك ئاسووده‌ بووم، پاشان ده‌تگوت بۆ راكه‌ڕاك خوڵقاوم له‌گه‌ڵ هاوكاران به‌ خێوه‌تی سه‌ربازی بۆ كارێكی تازه‌ ره‌وانه‌كراین. چه‌ندان سه‌عات بێكاری و دانیشتن له‌ ژێر هه‌تاو ته‌ماشاكردنی بیابان. ئه‌گه‌ر حه‌وسه‌له‌م هه‌بوایه‌ ماڵی نووسین بوو. وه‌سسه‌لام.
له‌ناو ئه‌و هه‌موو هه‌راوهۆریایه‌ هه‌میشه‌ خه‌یاڵم له‌لای تۆبوو. به‌هه‌مان خه‌رمانی خه‌م و ئه‌و خه‌ندانه‌ی ته‌واوی جه‌سته‌یان داگرتووم و پێی ئاشنان.
كاتێك گه‌ڕامه‌وه‌، ماوه‌یه‌ك سه‌رقاڵ بووم. سه‌رقاڵی راكه‌ڕاك بۆ چاپخانه‌ و هه‌زاركاری بێمانای دیكه‌ بۆ په‌یداكردنی پاره‌ی نان و كرێی خانوو. له‌و بگره‌وبه‌رده‌یه‌دا بوو كه‌ پێیان راگه‌یاندم باپیرم تووشی شێرپه‌نجه‌ بووه‌. ئێستا له‌ دۆخی روحی من تێده‌گه‌ی چۆنم. خه‌مبار و نیگه‌ران. هێشتا مه‌رگی پڕئازاری نه‌نكم ته‌واو نه‌بووه‌، له‌بیرته‌ كاتێك باسی په‌یوه‌ندی روحی نێوانمان ده‌كرد هه‌میشه‌ باسی ئه‌وم بۆ ده‌كردی كه‌ وه‌كو دڵۆپه‌ئاوێكی زوڵاڵ بزربوو بێئه‌وه‌ی قورسایی و بارگراناییه‌ك له‌دوای خۆی به‌جێبێڵێ. چه‌ند رۆژێك له‌ دۆخێكی خراپدابووم. تا ئه‌وه‌ی گوتیان گۆیا باپیرم نه‌خۆشی جه‌ڵته‌ی مێشك بووه‌. هێشتا هه‌واڵێكی دروستم له‌ ئه‌حواڵی ئه‌و نییه‌. له‌وناوه‌دا ناچاربووین بگوازینه‌وه‌. براكه‌م ده‌رمانخانه‌یه‌كی شه‌وانه‌رۆژی كڕیوه‌. (بێگومان دیاره‌ ئه‌ویش چۆن) له‌ ئه‌نجامدا گواستمانه‌وه‌ ئێستا كه‌ ئه‌ونامه‌یه‌ت له‌ هه‌واری تازه‌ بۆ ده‌نووسم. ده‌نووسم تا پێتبڵێم په‌نجا رۆژی زیاتر له‌و هه‌ژده‌ مانگه‌ نه‌فره‌تییه‌ نه‌ماوه‌. ده‌مه‌وێ پێتبڵێم دڵم بۆ دیدارت باڵی گرتووه‌ وه‌كو جاران به‌ یادی تۆوه‌ ده‌ژیم.
ئه‌گه‌ر له‌ونێوه‌دا سروشێكی وابێته‌پێش و له‌ ئیراده‌ی من به‌ده‌ره‌. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌ نامه‌وێ بۆساتێكیش له‌بیرو خه‌یاڵی تۆ دووربم، ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌ودایانه‌ بێنه‌پێش چه‌نده‌ به‌ ئازارن.
له ‌چه‌ند ژماره‌ی ئه‌و دوایانه‌ی كتێبی هه‌فته چه‌ند چیرۆكێكم بڵاوكراونه‌وه‌ یان هه‌موویانت بۆ دێنم یان بۆت ده‌نێرم. به‌دوای هه‌لێكدا ده‌گه‌ڕێم. له‌لایه‌ك سه‌ربازگه‌و له‌لایه‌كی دیكه‌ش ئه‌و كۆتوبه‌نده‌ی برا گه‌مژه‌كه‌م بۆی سازكردووم هه‌موو ئازادییه‌كیان لێ زه‌وت كردووم.
ماچتده‌كه‌م چاوه‌ڕوانی نامه‌ی دیكه‌مبه‌.
ناونیشانی ماڵی تازه‌م ئاوایه‌:
دڵشا- پێش فه‌رمانگه‌ی پۆلیس- ده‌رمانخانه‌ی شه‌وانه‌ رۆژی موڕشید. ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ئێره‌ 303787
ماچتده‌كه‌م.
غ- س
4/7/1342 هه‌تاوی

نامه‌ عاشقانه‌كانی نووسه‌ری ناوداری ئێران، غولامحسێن ساعدی (1935-1985) كه‌ بۆ تاهیره‌ی كوزه‌گه‌رانی نووسیون.