ئەم موڵکە نەظمى نابێ بە بێ ضبطى وارثى

عومەر چنگیانی

(٢-٥)
لەکۆتایی بەشی یەکەمی ئەم زنجیرەدا گوتم: هه‌ندێك له‌و كه‌سانه‌ی، كه‌ پله‌ و پایه‌یان لێ بووه‌ته‌ نیگار و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، (كوڕی خانی قولی خان)ن(2)، كاریان پێ دراوه‌، نه‌ك له‌به‌ر لێهاتوویی و كارایی خۆیان. كه‌ من لێره‌وه‌ روو به‌و خاوه‌ن قه‌ڵه‌مه‌ به‌ڕێزه‌ ره‌خنه‌گرانه‌ ده‌ڵێم:
له ‌ره‌خنه‌گرتن كۆڵ مه‌ده‌ن!
به‌ڵام له‌وه‌ ئاگاداربن، كه‌ ئێره‌ رۆژهه‌ڵاته‌ و، كوردستان، شتێكی زۆر ئاساییه‌، چاوه‌ڕوانی قسه‌ی ناسۆر و بگره‌ راپێچ كردن و چاولێ سووركردنه‌وه‌ و گوێچكه‌ راكێشان ببنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و حاڵه‌تی ره‌خنه‌گرتنه‌ له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی ئاغا سالاری و خود په‌سه‌ندیدا، شتێكی گرانه‌، له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا، كه‌ له‌به‌ر خاتری خاتران، خه‌ڵكی تێدا بكرێته‌ وه‌زیر و ئه‌ندام په‌رله‌مان! ئه‌سته‌مه‌ ره‌خنه‌گرتن، به‌ڵام بزانن، كه‌ شتێكی هه‌رزۆر ئاساییه‌، له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی هه‌رشۆڕشێكی فیكری، یان زانستیشدا، بۆماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن مرۆڤ رووبه‌ڕووی چه‌ندین ئاسته‌نگی سه‌خت و لێگوتن و درۆ به‌ده‌مه‌وه‌ هه‌ڵبه‌ستن و تۆمه‌تباركردن به‌وه‌ی كه‌ ده‌ستی بیانی له‌پشته‌ ببێته‌وه‌، تا به‌ده‌ربه‌ده‌ركردنی ئه‌ندامه‌كان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و شیر و تیر لێ هه‌ڵكێشانیانه‌وه‌ ده‌گات، دووباره‌ شتێكی ئاسایی و چاوه‌ڕوان كراوه‌ ده‌زگاكانیشمان پێ دابخرێت و وه‌به‌ر ره‌حمه‌تی تازه‌ پیاكه‌وتوویه‌ك بكه‌وین، كه‌ من نامه‌وێ له‌ڕێگه‌ی ئه‌م نووسینه‌مه‌وه‌، راتانكێشم بۆهه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو، كه‌ پڕن له‌ كاری سه‌یر و سه‌مه‌ره‌، به‌ڵام ده‌مه‌وێت بانگتان بكه‌م بۆگه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ گرنگه‌ی ژیانی مرۆڤ، كه‌ گه‌وره‌كردنیه‌تی له‌وه‌دا، كه‌ له‌باتی ئه‌وه‌ی به‌نده‌ی به‌نده‌ بێت، ببێته‌ به‌نده‌ی خوای به‌نده‌، سه‌رنجتان رابكێشم بۆ ئه‌ولایه‌نه‌ی، كه‌ پێی ده‌گوترێت: دروستكردنی مرۆڤ و داڕشتنی كه‌سایه‌تی له‌سه‌ربنه‌مای ئه‌وه‌ی، كه‌ ته‌نانه‌ت تێڕوانینیشی بۆ گه‌وره‌ترین كه‌سایه‌تی نێو ئیسلام، تێڕوانینێكی نیسبی بێت!، به‌مانا له‌وه‌ زیاتری پێنه‌درێت، كه‌ وه‌ك مرۆڤێكی پێغه‌مبه‌ر، ده‌یكه‌وێت، بانگتان بكه‌م بۆ خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند ره‌خنه‌یه‌كی نموونه‌یی، بتانبه‌م بۆ نێو قورئان و بۆ مێژووی خۆمان، بتانبه‌م بۆ لای قورئان، كه‌ ره‌خنه‌ له‌ محمد(دروود و سڵاوی خوای لێبێت)ده‌گرێت، بانگتان بكه‌م بۆ سه‌رده‌می شێخی نه‌مر، كه‌ ده‌كه‌وته‌ هه‌ڵه‌ی دانه‌نانی كه‌سی نه‌شیاو بۆ شوێنه‌كان و ده‌یكردن به ‌وه‌زیر و به ‌گزیر و به‌ راوێژ پێكراو چۆن چۆناهی، ده‌یانی وه‌ك (ئه‌حمه‌د موختار به‌گی جاف) و شێخ (محمه‌د خالیس)ی و (حه‌مدی ساحێب قران) ده‌كه‌وتنه‌ جه‌نگ و پڕ به‌خامه‌كه‌یان هاواریان لێهه‌ڵده‌ستا و ئه‌و واقیعه‌یان له‌دووتوێی دیوانه‌ كانیاندا تۆمار ده‌كرد، كه‌ بۆ ئێمه‌ی نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ و دوای ئێمه‌ش بوونه‌ نموونه‌ی جورئه‌ت وبوێری و ره‌خنه‌ی دروستكار.
ره‌خنه‌ی توندی نێو قورئان
دایكی مسڵمانان عائیشه‌ (خوای لێ رأزی بیت)ده‌فه‌رموێت: (ئه‌گه‌ر پێغه‌مبه‌ر(دروود و سڵاوی خوای لێبێت) شتێكی له‌م قورئانه‌ حه‌شار بدایه‌، فڵان ئایه‌تی ده‌شارده‌وه‌،!)(3).به‌ڵام ئه‌وه‌ئیسلامه‌ و مرۆڤ به‌رزده‌كاته‌وه‌ تائه‌و ئه‌ندازه‌ی پێی شایانه‌ و قه‌بووڵیشی نییه‌، نه‌ له‌ سنووری خۆی تێپه‌ڕێت و نه‌ له‌هه‌قیدا زیاده‌ڕه‌وی بكرێت، سه‌رجه‌م ئه‌وزانایانه‌ی، كه‌ مانای قوڕئانیان لێكداوه‌ته‌وه‌، رایان له‌سه‌رئه‌وه‌ یه‌كه‌، كه‌ رۆژێك پێغه‌مبه‌ر(دروود و سڵاوی خوای لێبێت) سه‌رقاڵی بانگكردنی هه‌ندێك له ‌گه‌وره‌كانی قوڕه‌یش ده‌بێت بۆئیسلام، له‌وكاته‌دا، عه‌بدوڵڵای كوڕی ئومومه‌كتوم، كه‌ كابرایه‌كی نابینا بووه‌، بانگی پێغه‌مبه‌ر(دروود و سڵاوی خوای لێبێت) ده‌كات: قوڕئانم بۆبخوێنه‌، له‌وشتانه‌ی، كه‌ خوا تۆی فێركردووه‌، شتێكیم فێركه‌، به‌ڵام پێغه‌مبه‌ر(دروود و سڵاوی خوای لێبێت)وه‌ڵامی ناداته‌وه‌ و دواجار له‌لای خوا ئه‌مه‌ی له‌سه‌رگه‌وره‌ ده‌كرێت و به‌رله‌وه‌ی كابرا دووربكه‌وێته‌وه‌ و شته‌كه‌ كۆن ببێت، په‌روه‌ردگارسه‌ره‌تای سوڕه‌تی (عه‌به‌سه‌) ده‌نێرێته‌ خواره‌وه‌(4)، ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ بیڵێم، به‌ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌یه‌، كه‌ قورئان له‌وه‌تی هه‌یه ‌و تا ئه‌مڕۆو تا دنیایش به‌رده‌وام بێت ده‌خوێندرێته‌وه‌، كه‌چی بڕواداران زۆر به ‌ئاسایی باسی ره‌خنه‌ی خوایی له ‌محه‌مه‌دی تێدا ده‌خوێنه‌وه‌، كه ‌قورئان خۆی له‌خۆیدا زمانحاڵێتی‌!، بگره‌ خوێندنه‌وه‌كه‌یشی عیباده‌ته‌، ده‌با گه‌وره‌كانمان ره‌خنه‌گرتن به‌ كارێكی زۆر ئاسایی سه‌یربكه‌ن و رێگه‌ی پێبده‌ن، به‌ڵام نه‌ك بۆ (ته‌نفیس)وهه‌وا ده‌ركردن له‌هاووڵاتی، به‌ڵكو چاره‌ سه‌ر پێشكه‌شكه‌ش بكه‌ن، چاره‌سه‌ر، چونكه‌ خه‌ڵك چاوه‌ڕێی گۆڕانكارییه‌.
ئازادكردنی دیله‌كانی به‌در
له‌باره‌ی ئه‌و دیلانه‌ی قوڕه‌یش، كه‌ له‌ جه‌نگی به‌دردا گیرابوون، پێغه‌مبه‌ر(دروود و سڵاوی خوای لێبێت)راوێژی به‌یاره‌كانی كرد، به‌ڵام راكه‌ی ئه‌وانی په‌سه‌ند نه‌كرد، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ قورئان سه‌ركۆنه‌ی كرد و تا ئه‌مڕۆیش هه‌ر ده‌یخوێنینه‌وه‌(5).
نه‌رمی له‌گه‌ڵ دووڕووه‌كان
سه‌رجه‌م زانایانی ته‌فسیرو سیره‌ ئه‌وه‌مان بۆ باسده‌كه‌ن، كه‌ ئایه‌تی(43) سوڕه‌تی به‌ڕائه‌.، كاتێك هاته‌ خواره‌وه‌، كه‌ هه‌ندێك له‌وانه‌ی خۆیان وه‌ك بڕوادار نیشان ده‌دا، داوایان كرد له‌ پێغه‌مبه‌ر(دروود و سڵاوی خوای لێبێت)، كه‌ ڕێگه‌یان پێبدات نه‌چن بۆجه‌نگه‌كه‌، ئیمامی قورتوبی خاوه‌نی ته‌فسیری(الجامع لاحكام القران)له‌ته‌فسیری ئه‌م ئایه‌ته‌دا ده‌ڵێ: (قه‌تاده‌ و عه‌مری كوڕی مه‌یمون ده‌ڵێن: پێغه‌مبه‌ر(دروود و سڵاوی خوای لێبێت) دووكرداری هه‌یه‌ كه‌ له‌ژیانیدا ئه‌نجامی داون و خوای گه‌وره‌ فه‌رمانی پێنه‌دابوو كه‌ ئه‌نجامیان بدات، له‌ئاكامیاندا، خوای گه‌وره‌ گازانده‌ی لێكرد له‌سه‌ریان، یه‌كه‌م، رێگه‌پێدانی بۆهه‌ندێك له‌دوو رووه‌كان، كه‌ هاوبه‌شی نه‌كه‌ن له‌جه‌نگی ته‌بوكدا. دووهه‌م، فیدیه‌وه‌رگرتنه‌كه‌ی له‌ دیله‌كانی به‌در)(6)ماوێتی.