حەمەسەعید حەسەن
زەریای عیشق
ئەگەر بە کولتووری سۆفییەکان ئاشنا نەبین، ئەگەری ئەوە بەهێزە، ژەنگ لە ئاوەز و لە ڕۆحیشمان بدات.
چونکە سۆفی مردن بە کۆتایی نازانێت، بۆیە ئەوەی نیگەرانی دەکات، مردن نییە، ئەوەیە بمرێت و کولتوورێکی جوانی لەدوای خۆیەوە بەجێ نەهێشتبێت. شەمسی تەورێزی دەیگوت: هۆ خوایە گیان! کۆمەکم بکە تا حیکمەتی تۆ بۆ کەسێکی شیاو بگوێزمەوە، دوای ئەوە چیت پێ باشە، وام لێ بکە!
چونکە لە ئاییندا زۆرەملێ نییە، بۆیە مافی ئەوەمان نییە، شێوازی ژیانی خۆمان بەسەر ئەوانی دیکەدا بسەپێنین. ئازادین لەوەی مەی دەخۆینەوە یان نا، ئاخر پێوەندیی بە خودی خۆمانەوە هەیە. کەسی جوان، بە مەستی جوانترە، با ئۆباڵی هەڵەی خۆمان، نەخەینە ئەستۆی مەی.
شەریعەت پاپۆڕێکە، زەریای حەقیقەت تەی دەکات، ئەوی عاشقی خوابێت، درەنگ یان زوو، خۆی فڕێ دەداتە زەریاکەوە.
با ڕقیشمان لێ هەڵبگرن، نابێت لە گوتنی ڕاستییەکان سڵ بکەینەوە. سۆفی تا ڕادەی دڵرەقی، قسەلەڕووە و لێ ناگەڕێت هیچ کەموکوڕییەک، بەبێ ڕەخنە تێبپەڕێت. سۆفی کاتی خۆی بە ڕاگرتنی دڵی کەسانی گێلەوە بەفیڕۆ نادات. هەرچەندە هەموو قسەیەک، بۆ هەموو گوێیەک ناگونجێت، بەڵام شەمسی تەورێزی ئەو ڕێسایەی ڕەچاو نەدەکرد و هەمیشە لە هەموو جێیەک قسەی خۆی دەکرد. (بۆ ئەوەی ئاوریشمەکە بژی، پێویستە کرمەکە بمرێت.) تەورێزی دەیزانی دەبوو قوربانی بە ژیانی خۆی بدات، بۆیە وای دەگوت، هەر وایش کەوتەوە. شەمس پێی وابوو، پیاوچاک کەسێکە سەر بە هەموو مرۆڤایەتی بێت، نەک سەر بەم یان ئەو ئایین.
عیشق ئاوی ژیانە، ژیان بەبێ عیشقێکی پاکژ وەک بارێکی گران وایە، ئاخر عیشق کرۆکی ژیانە و شتێکی دیکە نییە، لە عیشق گرینگتر بێت.
کە عاشق دەبین، پێویستە چل ڕۆژ چاوەڕێ بکەین، بۆ ئەوەی لە هەستمان دڵنیا ببین، ئەوسا ڕازی خۆشەویستی بۆ دڵخوازەکەمان بدرکێنین.
شەمسەددینی تەورێزی دەیگوت:
ئەگەر دڵت شوێنێکی بۆ خۆشەویستی تێدا نەبوو، نە نوێژ و ڕووژوو دادت دەدەن، نە حەجی ماڵی خوا.
دۆزەخ ئەوەیە، ئینسان گوناهێک بکات و بە ئازاری ویژدانەوە گینگڵ بدات.
بۆ ئەوەی خەڵکی لەبەر خۆشەویستی نەک لەپێناوی پادداشتدا، خوایان خۆش بوێت، حەزم لێیە ئاگری دۆزەخ بکوژێنمەوە و ئاگر لە بەهەشت بەر بدەم، ئاخر خۆشەویستی: مەبەستە، لەپێناوی مەبەستێکدا نییە.
عاشق بۆیە دەبێت بە قارەمان، چونکە عیشق ترس لە دڵیدا ناهێڵێت. ئەگەر زەریا هەموو دونیا قووت بدات، مرواری چ باکی هەیە؟
مەولانا جەلالەددینی ڕۆمی دەیگوت:
شیعرەکانم پێوەندییەکی ئەوتۆیان بە منەوە نییە، من وشەکان دەگوێزمەوە و هیچی تر، من تەنیا ڕۆڵی قەڵەمێک دەگێڕم، ئەمری پێ کراوە، ئەو پەیڤانە تۆمار بکات.
هەتا عاشق نەبین، مەحاڵە لە عیشق تێبگەین. لوتکەی بەختەوەری ئەوەیە، ڕۆحی ئینسان بە بادەی عیشقی خودا مەست ببێت.