هێزی پارتی لە تەبایی و یەکڕیزیی نێوخۆدایە

شێرکۆ حەبیب

ماوەیەکە سۆشیال میدیای هەندێ کەس و لایەن کە لە تووشی بوونی فۆبیای پارتی چارەسەر نەکراون، هەموو باسەکانیان پارتییە. هەڵبەتە فۆکس خستنە سەر پارتی، گەورەیی و گرنگی پارتی دەردەخات، هەمدیس قەوانە کۆن و سواوەکەی جاران دووبارە دەکەنەوە، گوایە لە ناو پارتی باڵ باڵێن هەیە ئەویش باڵی مەسرور بارزانی و باڵی نێچیرڤان بارزانی، نەیارانی کورد بە گشتی و پارتی بەتایبەتی لە ساتەوەختی سەرکەوتنەکانی پارتی ئەو زووڕنایە لێ دەدەن، بێ ئەوەی بە مەرامی خۆیان بگەن کە هەڵبەتە بەو مەرامەش ناگەن، چونکە لە ناو پارتی باڵ باڵێن نییە ئەوەش هۆکاری گەشەکردن و هێزی پارتی یە، لە ناو پارتی چ مەسرور بارزانی یا نێچیرڤان بارزانی هەمان ڕێز و خۆشەویستیان هەیە لە لایەن سەرکردایەتی و سەرجەم کادیران و هەڤاڵانی پارتی، لە مێژووی پارتی باڵ باڵێن نەبووە و ئەگەر هەشبێت ئەوە باڵی سەرۆک مسعود بارزانی یە کە سەرجەم سەرکردایەتی و کادیران سەر بەو باڵەن، هەمووی پێشمەرگەی ئەون.
هۆکاری نەبوونی باڵ لە ناو پارتی دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی پارتی ساتێک دامەزرا یەک بۆچوون و یەک بیرۆکە و یەک باڵ بوو هەروەها بۆ ئەوە بوو کەوا خزمەتی گەلی کوردستان بکات و مافە ڕەواکانی دابین بکات، لەسەر بنەمایەکی دیموکراسی، پارتی هەر لەسەرەتاوە بۆ ئەو مەبەستە دامەزرا نەک بۆ دژایەتی هیچ لایەنێکی کوردستانی، بەڵکو بە پێچەوانەوە باوەشی بۆ هەموو ئازادی و دیموکراسی خوازان کردەوە، بۆیە دەبینین پارتی هەر لەسەرەتای دامەزراندنی تاکە حزبە لە ماوەی تەمەنی وەک حزبێکی سەرەکی و بەهێزی کوردستانی لە گۆڕەپانەکە لە خەبات بەردەوامە، پارتی لەگەڵ ئەوەشدا بناغەیەکی توکمە و بەهێزی هەیە ئەویش ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمرە، ئەو ڕێبازەی داڕێژەری بنچینەکانی ژیان و پێکەوە بوون لەسەر بنەما دروست و ڕەواکانی پێکەوە ژیان و تەبایی و بنچینە سەرەکیە کۆمەڵایەتییەکانە.
بێگومان لە ناو پارتی وەک حزبێکی دیموکراسی بۆچوون و ڕای جیاواز هەیە کە ئەمەش لە بەرژەوەندی و خزمەتکردنی میللەتە، لە ئاکام ئەو ڕاو بۆچوونە جیاوازانە دەکەنە یەک هاوکێشەی هاوبەش و یەک بڕیار، و ئەگەر هەر جیاوازییەک لە بیروڕا گەیشتە قۆناغێکی بێ بڕیار ئەوە پارتی خۆش بەختانە مەرجەعێکی هەیە کە لە سایەی چەتری ئەو مەرجەعە هەموو کارێک چارەسەر و ئاسان و هێور دەبێتەوە ئەویش مەرجەعمان سەرۆک بارزانی یە.
هەڵبەتە لەم کات و ساتەدا نەیارانی پارتی ئەو بابەتە دەورژێنن چونکە لەسەرو بەندی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانین و ترسی ئەوەیان هەیە پارتی زۆرینەی دەنگ بەدەست بێنێ، بۆیە دەیانەوێ دووبەرەکی بخنە ناو ڕیزەکانی پارتی، ئەوان بەو هیوایەن ئەندامانی پارتی دەنگ نەدەن بە بیانووی باڵ باڵێن و ڕەخنە و گلەیی، ئەو جۆرە لایەن و کەسانە تا ئیستا شارەزای کادیری پارتی نەبوون، هەر چەند کادیران ڕەخنەیان هەبێ بەڵام کادیری دڵسۆز هەردەم پشت و پەنان بۆ حزبەکەیان، ئەوانەی بەو خەیاڵەی خەون دەبینن دەبووایە پەند لە مێژوو وەربگرن کە مامۆستاکانیان سەرکەوتوو نەبوون لەو پیلانانە، مەحاڵە ئەمڕۆ بتوانن کاریگەریان لەسەر کادیری دڵسۆزی پارتی هەبێ، تەنانەت ئەوانەی لە پارتی جیابوونەوە گەڕانەوە ناو پارتی ساتێک نەیان توانی ببنە بەدیلی پارتی.
ئایا باشتر نییە بۆ تەبایی و یەکڕیزی نێو ماڵی کورد هەموو پێکەوە هەوڵ بدەن لە پێناو مافەکانی میللەت، لەجێگای ئەو هێرشە ترسنۆکانە و ئەو دژایەتی کردنەی پارتی؟