کوردی کە زمانە دایکمانە نایزانین

حەمەسەعید حەسەن

وەرگێڕان تەنیا گوێزانەوەی دەقێک نییە لە زمانێکەوە بۆ یەکێکی دیکە، بەڵکوو گوێزانەوەی تێڕوانێکی فیکری و ستاتکییە لە کولتوورێکەوە بۆ یەکێکی دی، تێڕوانینێک ئاوسە بە گەلێک بەها و مانا و دەربڕین کە لە کولتوورێکەوە بۆ یەکێکی تر جیاوازن. وەرگێڕان پردێکی پتەوی مەعریفییە، بەوی دیکەی جیاوازەوە، دەمانبەستێتەوە و بە ئاشنابوونمان بە ڕەمز و هێما هونەرییەکانی میللەتێکی دیکە، هۆشیاریمان دەوڵەمەند و نوێ دەبێتەوە و شتگەلیک فێر دەبین کە پێشتر نەمانزانیون و بە کۆمەڵگەیەک ئاشنا دەبین کە پێشتر پێی نامۆ بووین.

چونکە وەرگێڕ فیکر و چەمک و تێڕوانینی تازەمان پێ دەناسێنێت، دەرگای نوێ بە ڕووماندا دەکاتەوە و ئاسۆی تێگەییشتمان بەرینتر دەکات، دەتوانین بێ دوودڵی بە نوێکەرەوە و داهێنه‌ری لە قەڵەم بدەین. ئەوە وەرگێڕانە، وا دەکات لەگەڵ شارستانیی نوێدا بکەوینە گوتوبێژەوە و بواری ئەوەمان بۆ دەڕەخسێنێت، ئاستی مەعریفی خۆمان بە بەروارد لەگەڵ تێگەیشتن و لێکدانەوەی (گەل)ێکی تردا، تاقی بکەینەوە و سەفەرێکی ئەفسووناوی بە دنیای دابونەریتێکی نوێدا بکەین.

وەرگێران ئەو کاتە بایەخێکی ئەوتۆی نابێت، کە نە هیچی تازەی تێدا بێت، نە شتێک بخاتە سەر ئەوەی دەیزانین، نە بە ئەوی دیکە ئاشنامان بکات و نە بیرێک، نە تێڕوانینێک، نە سیستەمێکی لێکدانەوەی نوێ، بهێنێتە گۆڕێ. وەرگێڕان لە حاڵەتی وادا، هەم ماندووبوونی بێ بەرهەمی وەرگێڕی لێ دەکەوێتەوە، هەم دەبێتە باریش بەسەر شانی خوێنەرەوە، بۆیە نابێت دەزگاگەلی چاپ و پەخش، گرنگی بەو جۆرە وەرگێڕانانە بدەن.

نابێت بوار بدەین، کتێبخانەی کوردی ببێتە سەبەتەی خاشاکی بابەتە کولتوورییە پشتگوێخراو و ماوەبەسەرچووەکان. نابێت نە لە فیکر و نە لە شیعر و نە لە چیرۆکدا، ئەو بەرهەمانە بکەینە کوردی کە نە پێویستمان پێیانە و نە هیچی نوێمان پێ دەبەخشن. لە وەرگێڕانیشدا گرنگ زۆر و بۆر نییە، گرنگ کەم و پوختە، گرنگ چلۆنایەتییە نەک چەندایەتی. دەبێت بە وەرگێڕانی ئەو دەقانەوە خەریک بین کە بۆ خوڵقاندن، داهێنان، کرانەوە و خۆ نوێکردنەوە کۆمەکمان دەکەن، نەک ئەو بەرهەمانەی دەبنە کۆسپ لەبەردەم گەشەکردنماندا و بۆ پاشکۆیەتی و چەقبەستن لە پاشکەوتووییدا، بانگمان دەکەن. دەبێت وەرگێڕان لە کاری ئارەزوومەندانەی تاکەکەسییەوە، ببێتە کاری پیشەیی و دەزگایی.

ئەگەر لە بواری وەرگێڕاندا، خاوەنی ستراتیژێکی دیاریکراو نەبین و بێ بیرکردنەوە و بێ پلان، هەر هەڕەمەکییانە ئەم یان ئەو کتێب بکەین بە کوردی، ئەگەری ئەوە زۆرە سیستەمێکی فیکری بەسەر نەوەکانی داهاتووماندا بسەپێنین کە هیچ خزمەتێک بە بەرەو پێشبردنی کولتوورمان نەکات، ئاخر کتێب هەڵگری تێڕوانینە و وەک چۆن دەشێت تێڕوانینێکی گەش بێت، ئەگەری ئەوەیش لە ئارادایە، تێڕوانینێکی ڕەش بێت. دەبێت سەرقاڵی بە کوردیکردنی کتێبگەلی وا بین کە وەرگێڕانی هەر یەکێکیان ڕووداوێکی کولتووری بێت. یەکێک لە خەوشەکانی وەشانخانەکانی ئێمە ئەوەیە، کە کتێبێکی وەرگێڕدراو چاپ و بڵاو دەکەنەوە، پێشەکی پیشانی شارەزایەکیان نەداوە کە ئەمە دەکەوێتە خانی ناپاکییەوە.

ئەوە بە تەنیا بەس نییە کە زمانێکی بێگانەمان زانی، ئیدی دەست بە وەرگێڕان لەو زمانەوە بۆ کوردی بکەین، ئاخر دەبێت وێڕای شارەزایی لە هونەری وەرگێڕاندا، ئاشنای ئەو کولتوورەیش بین، کە نیازی وەرگێڕانمان لە زمانەکەیەوە هەیە. ئاخر ئەگەر وەک نموونە، شارەزای کولتوورێک نەبین، هیچ لەو قسە نەستەقانە حاڵی نابین کە تایبەتن بەو کولتوورە و بە زمانێکی ڕەمزی و هەڵخزاو خۆیان نمایش دەکەن. یەکێک لە کێشەکانی وەرگێڕان لەکن ئێمە ئەوەیە، کوردی کە زمانی دایکمانە، وەک زمانی نووسین نازانین و ڕووقایمی ئەوە شک دەبین، خەریکی وەرگێڕان بین. وەرگێڕان هەر گۆڕینی وشەی بێگانە نییە بە وشەی خۆماڵی، ئاخر تێکست وەک چۆن، مانایەکی دەرەکی و ڕووکەشی هەیە، دەشێت مانایەکی قووڵ و ناوەکیشی هەبێت، بۆیە ئەوە وەک کوفر وایە، لە مانای دیوی ناوەوەی تێکستێک تێنەگەین و هەوڵی وەرگێڕانی بدەین.

ھەواڵی زیاتر