سەد ساڵ بۆ تێگەیشتن لە قیر، سەد ساڵیش بۆ ئینتیدابی ئیداری

مەشخەڵ كەوڵۆسی

هەفتەی پێشوو لەم گۆشەیەدا باسی زەرورەتی ئینتیدابی ئیداریم كرد، ئەوەندەی بوار هەبوو ئاماژەم بەو هۆكارە بابەتییانە كرد كەوادەكەن، بەجۆرێك لەجۆرەكان ئینسانی كورد بخرێتە ژێر ئینتیدابی ئیدارییەوە.
ڕەنگە هەندێك پێیان وابێت ئەو قسەیە لە شان و شەكەوتی كورد كەم دەكاتەوە، یان لەشكۆی دێنێتە خوارەوەو، جۆرێكە لەسوكایەتی. بەڵام لەكوێی دنیادا هەیە، ئەگەر پزیشێكی باسی نەخۆشینی كەسێك بكات و ڕێگەی چارەسەری پێ نیشان بدات، بەسوكایەتی دابنرێت؟. هەر بەڕاستی پیشەی پزیشك سوكایەتییە كاتێك دەیان هەزار نەخۆشین لەكۆمەڵگە دەدۆزێتەوە؟ بێگومان نەخێر.
مەبەست لەهەر ڕەخنەیەكی بنیاتنەر ئەوەیە ڕێگەیەكی ئاسان بۆ چارەسەر بدۆزێتەوە. تەنانەت لەجیهانی میدیایشدا، ئەوە بە میدیای سێیەم دادەنرێت. بەو مانایەی ناكرێت ئێمە هەر خاڵە نێگەتیڤ یان پۆزەتیڤەكانی كۆمەڵگە ببینین و، لەوە بترازێت نەتوانین توخنی هیچ دیاردەیەكی تر بكەوین.
پێم وایە باشترین دڵسۆزی بۆ كورد، ئەوەیە كەموكووڕییەكانی پیشان بدەیتەوە، لێنگەڕێیت بەو كۆڵە سلبیاتەوە بەرەو سەدەی داهاتوو بچێت. ئێستا ئێمە لەسەردەمێكداین، هیچ شتێك نیە شاراوەبێت، كۆمەڵگەكانی كراوەو مەكشوفن و، تەكنەلۆژیا سەرجەم سنورەكانی بەزاندووە. تۆ ناتوانیت ئیدیعای ئەوە بكەیت كە كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتووت هەیە، لەكاتێكدا سەدان هەزار فلتەر لەبەردەستدان بۆ سەلماندنی پێچەوانەی ئەو ئیدیعایە.
زۆر بەكورتی: قبوڵكردنی واقیع و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی ڕاستەقینەی كێشەكان، باشترن وەك لەوەی بەپاساوی شكۆ و مەسەلە دەرونییەكانەوە، ڕێگەنەدەیت كەس باسێكی دەردەكانت بكات.
ئەوە ڕاستییەكی حاشا هەڵنەگرە كە كۆمەڵگەی كوردی بەدەست كۆمەڵێك كێشەی زۆر قووڵەوە دەناڵێنێت و، كورد ناتوانێت بەو كێشە قووڵانەوە بچێتە ناو سەدەی داهاتوو، هاوكات ناتوانێت بەردەوام بێت لە بەڕێوەبردنی خۆی. بڕواناكەم هیچ كۆمەڵگەیەك بە ئەندازەی كۆمەڵگەی كوردی بڕوانامەی تێدابێت، بەجۆرێك دەتوانین بڵێن: هەر كۆڵانێك چەند بڕوانامەیەكی بەرزی تێدەكەوێت، بەڵام بەهەموومان نەمانتوانیوە تاكە یەك دەزگای ڕاستەقینە دروست بكەین.
دواكەوتنی ئێمە و، نەخۆشییەكانمان بەئەندازەیەك قووڵن، نزیكەی سەد ساڵێكە قیر هاتۆتە كوردستان و مرۆڤی كورد جادەی قیری دیوە، بەڵام تا ئێستا لەوە تێنەگەیشتووە كە جادەی قیر بۆ ڕۆشتنی ئۆتۆمبیلە، نەك بۆ ئەوەی بكرێتە مەزادخانە و سەوزەو میوەی لەسەر بفرۆشرێت، یان شەوان بكرێتە چاخانە! تۆ ناتوانیت خۆت لەو شكستە پەروەردەییە بدزیتەوە، ناتوانیت خۆت بێ ئاگا بكەیت لەوەی كاتێ هاووڵاتییەك دەچێتە بەردەم هەر فەرمانگەیەكی حكومەت، لە خزمەتگوزاری فەرمانگەكەوە تاكو دەگاتە بەڕێوەبەر ئەو هاووڵاتییە بەكۆیلەی خۆیان دەزانن، خۆ ئەگەر دەزگاكە یەكێك لەدەزگا ئەمنییەكان بێت، ئەوا ئیتر خوا قوەتی هاووڵاتییەكە بدات و، بەرگەی سوكایەتییەكان بگرێت!.
ئەوە كێشەی نێوناخی تاكی كورد و پەروەردەی كۆمەڵگەیە، كە فەرمانبەر لەگەڵ خۆیدا دەیباتە فەرمانگەكە، شكستەكانی ژیانی خۆی، ڕق و توڕەیی خۆی، تەسفیە حسابی خۆی لەسەری هاووڵاتییدا خاڵی دەكاتەوە. بەهاكانی خۆی دێنێتە ناو فەرمانگەكە، كابرا كوڕی ئاغایە، پێی وایە ئەبێت وەك كوڕە ئاغایەك لەفەرمانگەكەی ڕەفتار بكات و، هاووڵاتیی كۆیلەی ئەوە.
مەسەلەكە لەوە دەرچووە بشارێتەوە، بەجۆرێك دەتوانم بەدڵنیاییەوە بڵێم: هەر زاتی ئینسانی كورد، هی ئەوە نیە بتوانێت دامەزراوە دروست بكات، یان ئامادەیی تێدابێت پێرەوی لەیاسا بكات. یان لەدەرەوەی بەرژەوەندی خۆی بەرژەوەندی كەسی تر ببینێت.
ئەو فەرهەنگە خێڵەكییەی كۆمەڵگەی كوردی لەسەر پەروەردەكراوە، ڕێگەنادات بەدروستكردنی موئەسەسە. دەبێت لەڕەگەوە چارەسەری ئەو پرسە قووڵە بكرێت. بۆ ئەوەش لانی كەم سەد ساڵێكمان دەوێت. سەد ساڵ بۆ ئەوەی مرۆڤی كورد تێبگات لەوەی شەقامی قیر بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبیلە. سەد ساڵ بۆ ئەوەی فەرمانبەر تێبگات موراجیع كۆیلەی ئەو نیە. تاكە ڕێگەش بۆ ئەوە، ئەوەیە سەقافەتێكی شارستانی ئێمە بخاتە ژێر ئینتیدابی ئیدارییەوە، فێری ئەلف و بای ئیدارەمان بكات. نوختە سەری دێڕ.