کە گوێدان بە محەڕەمیش نامێنێت!

عومەر چنگیانی

خۆزگە ئەوکاتەی بابەتێک دەنووسم و خوێنەر هەست دەکات شتی دووبارەی تیدایە، بەڕێزیان لەوە تێبگەیشتنایە کە ئەو دووبارەکردنەوەیە بە بێ هۆکار نییە و لە هەموو هۆکارێکیش لە پێشتر مانەوەی ئەو تەم ومژانەیە، کە لەدوو توێی هەر نووسینیکمدا ئاماژەی پێدەکەم و گۆڕانکاری نەهاتن بەسەریاندایە، مەگەر بەرەو خراپتر بوون، لەوەتەی بیرم بێت و بنووسم لە مانگی محەرەمدا کە دەبێ بەهای خۆیی هەبێت لە ڕووی نێو دەوڵەتی و دەوروبەر و دراوسێ و داگیرکار و دابەشکارانی خاکی کوردستانەوە، هەمیشە لەناو خۆ و دەرەوەدا بۆ ئێمە محەرەم کارەساتهین بووە، ئیتر مەولەوی بڵێت:
شورای عاشورا دیسان بەزمی بەست
محەرەم ئاما و مەحرەم چوو لە دەست
یاخود نەبەزی ئەحە بچکۆل لە حوزەیرانی١٩٩٤دا کە دەیکردە محەرەمی ئەوساڵە بڵێ:
عاشورایە و سلێمانی لەخاچ دەدرێ
وڵاتمان لە ئێستادا لەنێو چەند قەیرانێکدایە و نووسینی ئیمڕۆم بیرهێنانەوەی لایەنێکی حوکمی شەرعی شەڕ و پێکدادانە لە مانگی محەڕەمدا دەیدەم بەگوێی ئەوانەدا کە لەژێر پەردەی ئاییندا شەلم کوێرم ناپارێزم خاک و گەل و دۆز و هەموو شتێکی کوردیان کردووەتە ئامانج و سێرەیان لێگرتووین و، ئێستا ئێمە لە دەیەی یەکەمی سەرەتای مانگەکەداین و دەستپێکی ساڵی ١٤٤٦ی کۆچییە، کە بە ئەرکی دەزانم تیشک بخەمە سەر مانای دوو ئایەتەی ٣٦و ٣٧ـی سوورەتی (بەرائە، تەوبە)، کە دەفەرمێت: (بەڕاستی ژمارەی مانگەکانی ساڵ بریتین لە دوانزە مانگ: محەڕەم، سەفەر (صفر)، ڕەبیعی یەکەم، ڕەبیعی دووەم، جەمادیی یەکەم، جەمادیی دووەم، ڕەجەب، شەعبان، ڕەمەزان، شەوال، زیلقەعیدە و زیلحیجە؛ لە کتێب و پەیامەکەی خوادا لەو ڕۆژەوە کە ئاسمانەکان و زەوینی تێدا ئافراندووە و، چوار لەو دوانزەیە مانگی حەرامن، واتە شەڕ و کوشتار تێایاندا ڕێگاپێدراو نیە ـ محەڕەم و رەجەب و زیلقەعیدە و زیلحیجە ـ ئەمە ئایین و دینی هەڵسەنگێنراو و پەسەندکراوی خوایە و نەکەن تیایاندا ستەم لە خۆتان بکەن، لە هەمان کاتدا ئەوکاتەی بێبڕوایان رێگای کوشتار هەڵدەبژێرن لەگەڵتان و ئەوەیان دەوێت بێ سنوور و بێ سێ و دوو شەڕیان لەگەڵ بکەن، وەک چۆن ئەوان بێ سنوور و بە گشتگیری شەڕتان لەگەڵ دەکەن، دەرەنجامیش ئەوە فەرامۆش نەکەن کە خوا پاڵپشت و پشتیوانی تەقواکارانە* ئەوانەی وا لەبەر بەرژەوەندی خۆیان دەست دەخەنە حورمەتی مانگەکان و حەرامکردنی مانگێک دوا دەخەن تا لەو مانگەی پێیان خۆشە شەڕەکەیان بکەن، ئەوە جۆرێکە لە زێدەکفر و هەقوەشێری، ئەوانەی کە بێبڕوان، خەڵکی پێ گومڕا دەکەن؛ دەچن ساڵێک حەڵاڵی دەکەن و ساڵێک حەرامی دەکەن، بۆئەوەی ژمارەی مانگە حەرامەکان بشێوێنن و ئەوەی خوا حەرامی کردووە بیشەرعێنن و حەڵاڵی بکەن، بە ڕاستی کاری بەدیان لە بەرچاو جوان کراوە و ئەڵڵا ڕێنمایی کەسانێک ناکات کە بێبڕوا بن).
وشەی (النسییء) نەسیء کە لە توێی ئایەتی دووەمدا هاتووە، ئەو بەرژەوەندی خۆ ڕەچاوکردنەی بێبڕوایانە، کە دەچوون شەڕکردن و پەلاماریان بۆ خۆیان حەڵاڵ دەکرد و، دەیانگوت: ئەم مانگەی کە حەرامە، حەرامەکەی دوا دەخەین و لە مانگێکی تردا قەرەبووی دەکەینەوە! جا وەک بە ناونیشانی گوڵخەرمانەکەمدا دیارە و هێمایە بۆی، دیارە کە دەسەڵات و بۆ دەسەڵاتی سیاسی بەدەست هێنان کارکردن لە ژوور (نەهی و نابێ و ڕێگرییە) کانی شەرعەوە بوو، با قورئانیش زۆر ڕاشکاوانە و بە ڕوونی حوکمەکانی بەدیار خستبێت، وەک دەبینین لای ئەوانە، هیچ کاریگەرییەکی نییە و جێبەجێکردنی فەرمانی بە ناو سەرچاوەیەکی ڕۆحانی یان سیاسییەکی ژێر عەبا و مەندیل خۆحەشارداو، دەخرێتە پێش ئاوڕدانەوە لە کەلامی خواوە کە قورئان بێ، هەربۆیە وەک بیرهێنانەوەیەک بۆ هەموولایەک دەڵێم: مەروانی کوڕی محەمەد کە نازناوی (حمار) کەری هەبوو، وەک کۆتاییەکانی دەسەڵاتی ئومەوی، کە مەترسی کۆدەتاکردن بەسەریاندا پەیدا دەبێت، نەسری کوڕی سیابی والیی خوراسان نامەشیعرێکی بۆ دەنێرێ کە تەواوی مەترسی و پێشهاتەکان بەرجەستە دەکات تێیدا و دەڵێ:
أری تحت الرماد ومیض جمر
ویوشك أن یكون له ضرام
فإن النار بالعودین تذكی
وإن الحرب مبدوها كلام
فإن لم یطفها عقلاء قوم
یكون وقودها جثث وهام
فقلت من التعجب لیت شعری
أأیقاض أمیة أم نیام
فإن یقظت فذاك بقاء ملك
وإن رقدت فانی لا ألام
بەمانا خۆڵەکەوەی پڕ لە ئاور دەبینم و ئاور بە دوو دانە چیلکە هەڵدەگیرسێت و سەرەتای هەر جەنگێکیش شەڕەقسەیە و گەر خیرەتمەندانی قەوم نەیکوژێننەوە، سووتەمەنییەکەی سەرولاشە دەبێت هەربۆیە بە سەرسامییەوە دەپرسم: ئەرێ ئومەوییەکان بە خەبەرن یان خەوتوون گەر بەئاگا بێنەوە ئەوا دەسەڵاتیان دەمێنێتەوە گەر هەر دەشخەون گلەییم لەسەر نییە، لەکۆتاییدا سەعدی ئاسا دەڵێم:
مراد ما نصیحت بود و گفتیم
حوالت با خدا کردیم و رفتیم

ھەواڵی زیاتر