حەمەسەعید حەسەن
خوێ و برین
له کۆمێدیای ڕه‌شدا، نووسه‌ر که ژیانێکی تاڵ ده‌داته به‌ر ڕووناکی، هه‌میشه به‌رگێکی شیرینی له‌به‌ر ده‌کات، ئاخر به‌و جۆره، وه‌رگر زووتر پێشوازیی له کاره‌که ده‌کات، ئاخر ئه‌و به‌رگه شیرینه که له گاڵته چێ ده‌کرێت، وا ده‌کات که‌سی هه‌ڵچوو، هێور ببێته‌وه و ئه‌وی ماندوویشه، بحه‌سێته‌وه. ئه‌گه‌ر نووسه‌رێک هه‌بێت، تۆڵه‌ی زۆرلێکراوان بسێنێته‌وه، ڕه‌نگه ته‌نیا نووسه‌ری کۆمێدیای ڕه‌ش بێت. کۆمێدیای ڕه‌ش له خه‌ڵکه‌وه نزیکه، به شێوازێکی ئاسان ده‌نووسرێت و ده‌رۆزه‌ی پێکه‌نینی وه‌رگر ناکات. ئه‌وه زاده‌ی نەفامییە، ئه‌گه‌ر به چاوێکی سووکه‌وه سه‌رنجی نووسه‌رانی کۆمێدیا بده‌ین و پێمان وابێت، ئه‌رکی وان، ته‌نیا وه‌پێکه‌نین هێنانی ئه‌وانی دیکه‌یه و هیچی تر. گه‌وره‌ئه‌دیبانی دونیا، ئه‌وانه بوون که کۆمێدیایان به‌رهه‌م ده‌هێنا، وه‌ک: سێرڤانتێس، ڤۆڵتێر، مۆلێر، بێرنارد شۆ، مارک توین، گۆگۆڵ و عه‌زیز نه‌سین.
که (پووشکین ١٧٩٩ – ١٨٣٧) (ده‌روونه مردووه‌کان)ی (گۆگۆڵ ١٨٠٩ – ١٨٥٢)ی پاشای کۆمیدیای ڕه‌ش ده‌خوێنێته‌وه، به حه‌سره‌ته‌وه ده‌بێژێت: (خودایه گیان، ڕووسیا چه‌ند کڵۆڵه!) شانۆنامه‌ی (پشکنه‌ر)ی گۆگۆڵ، یه‌کێکه له‌و شاکارانه‌ی ده‌که‌ونه خانه‌ی ئه‌ده‌بی کۆمێدیای ڕه‌شه‌وه. که بۆ یه‌که‌مین جار له ١٩ی ئه‌پریلی ١٨٣٦دا، به ئاماده‌بوونی نیکۆڵای یه‌که‌می سیزاری ڕووسیا نمایش ده‌کرێت، سیزار ستایشی کاره‌که ده‌کات و ده‌ڵێت: (هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌و ڕه‌وشه خراپه به‌رپرسن، پێویسته سه‌رکۆنه بکرێن، یه‌که‌م که‌س خۆم.) ڕه‌نگه ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی سیزار، به‌ڵگه‌یه‌ک بێت بۆ ئه‌وه‌ی، سه‌رهه‌ڵدانی کۆمێدیای ڕه‌ش و گه‌شه‌کردنی، پێویستی به ژینگه‌یه‌کی دیموکرات هه‌یه که تێیدا ڕێز له بیروڕای جیاواز بگیرێت.
ئه‌رنست هه‌منگوای (١٨٩٩ – ١٩٦١) پێی وایه، هه‌موو ئه‌ده‌بی ئه‌مریکایی، له کتێبی (سه‌رچڵییه‌کانی ههککهلبێری فاین)ی (مارک توین)ه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. مارک توین (١٨٣٥ – ١٩١٩) له‌و ڕۆمانه‌یدا که یه‌کێکه له نموونه باڵاکانی ئه‌ده‌بی کۆمیدیای ڕه‌ش، جۆره ڕه‌خنه‌یه‌کی گاڵته‌ئامێزانه‌ی هێنده زبری ڕه‌چاو کردووه، هه‌ر له‌وه ده‌چێت، خوێی به برینه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌وه کردبێت. له ڕوانگه‌ی بێرنارد شۆوه، تاقه بلیمه‌تێک که پیشه‌سازیی سینه‌ما به‌رهه‌می هێنابێت، چارلی چاپلنە (١٨٨٩ – ١٩٧٧) که پێی وایه، (هه‌ر ڕۆژێک له ژیانمان بێ گاڵته ده‌رباز بووبێت، ئه‌و ڕۆژه‌مان له‌کیس چووه.) چارلی چاپلن، به فیلمی دیکتاتۆر(١٩٤٠) به‌گژ هیتله‌ر و نازیزمدا ده‌چێته‌وه و هۆلۆکۆست که ئه‌و وه‌خته هێشتا ده‌نگی نه‌دابووه‌وه، ده‌داته به‌ر ڕووناکی. ئایا ئه‌وه لوتکه‌ی هونه‌ر نییه، به شێوه‌یه‌کی گاڵته‌جاڕی، کاره‌ساتی قه‌لاچۆکردنی میلله‌تێک به‌سه‌ر بکه‌ینه‌وه و نیشانه‌یش بپێکین؟
هه‌نری بێرگسۆن ده‌ڵێت: (ئینسان وه‌ک چۆن تاقه گیانداره له مه‌ینه‌تیدا ده‌ژی، تاقه گیانداریشه پێده‌که‌نێت.) ئه‌وه بۆیه نووسه‌ری کۆمیدیای ڕه‌ش، له هه‌نگێک ده‌چێت، پێمانه‌وه ده‌دات، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به ئازار بکه‌ین، یان: کارێک ده‌کات له خۆشی‌دا بگرین، گاڵته‌مان به ئازار بێت و پێش ئه‌وه‌ی به‌ڵاکان پێمان پێبکه‌نن، ئێمه به‌وان پێبکه‌نین. ئه‌گه‌ر ئه‌و چه‌که نه‌بووایه، هیچ دوور نه‌بوو، ڕۆحمان تووشی داخوران هاتبا، ئاخر کۆمێدیای ڕه‌ش دژهبروسکهیهکه له داڕمانی ده‌روونی ده‌مانپارێزێت. هه‌رچه‌نده (دۆن کیخۆته)ی قاره‌مانی ڕۆمانه‌که‌ی سێرڤانتس (١٥٤٧ – ١٦١٦) له‌ناو وه‌همدا ده‌ژیا، که‌چی ئه‌وه سه‌دان ساڵه ئه‌و به‌رهه‌مه، به ڕاستی له ناوماندا ده‌ژی.
کۆمیدیای ڕه‌ش هانا بۆ ورووژاندنێک ده‌بات که تا ئاستی بریندارکردن ده‌ڕوات و ئه‌و باس و بابه‌تانه به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه که وه‌ک تابوو وه‌هان و سڵ له سانسۆر ناکاته‌وه. (ناپاکی له نیشتمانه‌که‌م ده‌که‌م.) ئه‌وه ناونیشانی کتێبێکی موحه‌ممه‌د ماغووتە (١٩٣٤ – ٢٠٠٦) که ئایرۆنی و پارادۆکسی له هه‌ناویدا هه‌ڵگرتووه و هێنده بوێرانهیشه تا ئاستی ئه‌وه‌ی تووشی حه‌په‌سانمان ده‌کات. ماغووت یه‌کێکه له‌و نووسه‌رانه‌ی له کاره‌ساتدا، پێکه‌نین ده‌دۆزێته‌وه و قۆشمهکانیشی هێنده تاڵن، به‌ره‌و گریان هانمان ده‌ده‌ن. عه‌ره‌ب گوته‌یه‌کی هه‌یه ده‌ڵێت: (دژوارترین به‌ڵا ئه‌وه‌یه که ده‌بێته هه‌وێنی پێکه‌نین.) زه‌که‌ریا تامیر ئه‌دیبێکی دیکه‌ی عه‌ره‌به که توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه، له زه‌ریای تراژیدیادا، مرواریی کۆمیدیا ببینێته‌وه. (که‌ری تۆپیو له گورگ ناترسێت،) ناونیشانی یه‌کێک له ئیشه‌کانی عه‌زیز نه‌سینه که کۆمیدیای ڕه‌شی لێ ده‌چۆڕێت. ئه‌و نووسه‌ره ئینساندۆسته ده‌ڵێت: (هه‌ر شتێکی باش بزانم، له دایکمه‌وه فێری بووم، کاتێک دایکم به داوی ڕه‌نگاوڕه‌نگ سه‌رقاڵی چنین ده‌بوو، من له داوه ڕهنگینهکانیدا، فرمێسکه‌کانی و تیشکی چاوانیم به‌دی ده‌کرد، بۆیه له‌کن من، پارچه‌یه‌ک له‌وانه‌ی دایکم ده‌یچنین، له هه‌موو کتێبه‌کانم به‌هادارتره.)