کێن ئەوانەی قەیرانی ئینتیمایان خوڵقاندووە؟

ڕێکار مەلا حەسەن

ئینتیما، ئەگەر چی لە ڕووی هزری و فەرهەنگییەوە مانا گەلی زۆر دەدات و بۆ بابەتگەلی زۆریش پێویستە لە مرۆڤدا هەبێت، بەڵام ئەوەی دەمانەوێت قسەی لێوە بکەین “ئینتیمای نەتەوەیی” ە کە لێرەدا جوگرافیایەک، مێژوویەک، کلتوورێک، زمانێک، پاڵنەرە بۆ ئەوەی هەبێت. بەڵام بێگومان پاڵنەری زۆریش هەیە بۆ ئەوەی ئەو ئینتیمایە بەرەو لاوازی و قەیران ببات؛
بازرگانانی خەونی گەنجان
هەرێمی کوردستان، لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ ەوە بە دیاریکراوی، کرانەوەیەکی خێرای بەڕووی جیهاندا دەست پێکرد. لەلایەک دەرگای واڵا کرد بۆ هەمموو جیهان و لەلایەک خۆیشی لەپێناو دۆزەکەی لە دەرگای هەموو وڵاتانی دا. لەم کرانەوەیەدا گەنجانی کورد پشکی گەورەیان هەبوو، دونیا بینیان فراوانتر بوو، دواتریش پێشکەوتنە خێراکانی تەکنەلۆژیا و سۆشیال مێدیا، نەوەیەکی یونێڤێرساڵی پێشکەش کرد، کە هەم ئارەزوو دەکات پێش بکەوێت هەم پەلەی ئەوە دەکات بە شەو و ڕۆژێک خواستەکانی دەی بێت. ئەم گەنجانە، بەداخەوە لەو سنوورەی هەرێمی کوردستان کە بەڵگە نەویستە تیایدا هەست بە بێ باکیەک دەکرێت بەرامبەر نیشتیمان، گەنجان ئاسانتر بوونەتە کاڵای قاچاغچی و بازرگانانی خەونی گەنجان و بە درۆی ڕەشی بەهەشتی هەندەران ماڵە و ماڵ لاوێک، گەنجێک، فریو دەدەن و لایان ئاسانە تەسلیمی ڕەحمەتی دەریای قوڵ و نەبڕاوەی بکەن. ئەو قاچاغچی و بازرگانانە لە پێناو باشتربوونی ژیانی خۆیان لێرە، گەنجان ڕەوانەی چارەنوسسی نادیار دەکەن!
شڵەژاوی دۆخی سیاسی و بێ متمانەیی
بەهۆی ئەو تەمومژە سیاسییە نالەبارەی کە هەرگیز ئاسمانی هەرێمی کوردستانی جێ نەهێشتووە، شڵەژاوییەک لە پەیوەندیی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەردەوام هەستی پێدەکرێت و لایەنە سیاسییەکان متمانەیان بە یەکتر لاوازە و هەمیشە هەوڵی ئەوەیان داوە، لە دەرەوەی کوردستان پاڵپشت و دۆستیان زۆر بێت. ئەمە لە سیاسەتدا ئاکتێکی خراپ نییە، بەڵام بە مەرجێک کاریگەریی ئەوە دروست نەکات تەرویج بە سیاسەت و فرمانی ئەوان بکرێت لە ناوخۆدا. بێگومان ئەوە ڕوونە کاتێک هەرێمی کوردستان هاواری سەربەخۆیی کرد، دیار بوو کێ سەرمەشق بوو لە کاتێکدا هەمووان کەڕ بوون لە هاواری و ژەهری خۆیان لە ڕێی پەیامە شەڕانگێزەکانیانەوە بۆ دەناردین. ئەوەی پێویستمانە چەترێکە و لە سایەیدا نزیکبینەوە و گرفتی نیشتیمانەکەی خۆمانی لە ژێردا تاوتوێ بکەین بەو پەڕی متمانەوە.
میدیای ژەهر ڕشێن
ئەوەی ناکرێت لەم بابەتەدا نادیدە بگیرێت، ڕۆڵی ڕاگەیاندنە. لێساوی فەوزەوەی و میدیای نابەرپرس و زەقکردنەوەی دەیان مانشێتی نائومێدکەر و تاقەتپڕوکێن لە فەوزای سۆشیال میدیادا، ئەوەندە کاریگەریی هەبووە لەسەر دەروونی هاووڵاتیانی ئەم نیشتیمانە، کە ئیتر ناکرێت لە بەرامبەریدا پرسیاری بەها و ئەتەکێت و میدیای تەندروست بکرێت. لە کاتێکدا هەمووان درک بە مەترسییەکە دەکەین زۆر جێگای سەرسوڕمانە کاکی سەرنووسەر لە پەیجەکەی خۆیەوە دڵی لای بینەری ماڵپەڕ و پەیج و کەناڵەکەی بێت. لەولاشەوە لێشاوێک بینەری نائومێد و گەنجی خێر لە خۆ نەدیو بە تاسەوە چاوەڕێی ئومێد و هیوایەکە بۆ ژیان. ئەمە پێویستی بە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی نییە و ڕاستییەکی حەتمیە کە ئەو سەدان هەواڵە سەیروسەمەرەی ناڕاست و دوور لە مۆڕاڵانە چ کاریگەرییەک بەسەر میزاج و دەروونماندا دەهێنن.
چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم قەیرانەدا بکەین؟
لە بابەتی ڕووبەڕوو بوونەوەی قەیرانی ئینتیمای نەتەوەییدا، هەموو تاکێک بە ئەندازەیەکی یەکسان ڕۆڵی بەردەکەوێت لە هەر پێگە و پۆستێکدا بێت، بەرپرس و نابەرپرس، ڕۆشنبیر و ناڕۆشنبیر، دەکرێت فەرمانبەرێکی ئاسایی لەسەر مێزە بچکۆلانەکەی خۆیدا لە فەرمانگەکەی گەورەترین ڕۆڵی هەبێت، بە پێشکەشکردنی ئەو ئەرکانەی کە هەستی پێدەکات و لەسەر شانێتی. دەکرێت مامۆستایەکی ئایینی لەم ڕووەوە شۆڕشێکی فکری بەرپا بکات، یا مامۆستایەک لە قوتابخانەکەی یا نووسەرێک، شاعیرێک، سیاسیەک، بازرگانێک، هاوولاتیەکی ئاسایی.. ئەم قەیرانە قەیرانێکی مەعنەوەییە و خۆمان قەیرانەکەمان خوڵقاندووە و دەبێت خۆشمان بەرپرسیارێتی هەڵبگرین و ڕووبەڕووی بوەستینەوە. ئەوەی پیویستە دروستکردنی زەمینەیەکی پەروەردەیی و ئیرادەیەکی بەهێز و ئاشتکردنەوەی گەنجان و نیشتیمانە، بەو ڕێگە ڕاستەی ئێستا حکوومەتی هەرێم دەستی پێکردووە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا بەرهەمەکەی دەبینین.

ھەواڵی زیاتر