یەکدەنگی کورد لە کەرکووک زامنی سەرکەوتنە

شێرکۆ حەبیب

ئەگەر ناکۆکی نێوان ماڵی کورد زیانی دۆزی ڕەوای کورد لێبکەوێتەوە، ئەوە ناکۆکییەکانی کەرکووک لەدەستدانی ئەو شارەی لێدەکەوێتەوە و بەرپرسیارەتیش دەکەوێتە ئەستۆی هەموو لایەک، کەرکووک شارێک نییە حکوومەتی عێراق ئارەزوومەند بێت بگەرێتەوە سەر کوردستان کە بە هەموو بەڵگەنامە مێژوویەکان شارێکی کوردنشینە بەر لەوەی دەوڵەتی عێراق دروست بێت، بەهۆکاری بوونی نەوت و دۆزینەوەی لە ساڵی ١٩٢٧ نەک هەر ڕژێمی پادشایەتی بەڵکو زل هێزەکانی ئەو کات دژی ئەوە بوون کەرکووک وەک شارێکی کوردستانی بناسرێت، هەر چەندە سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق لە عەرەب و تورکمان و ئاشوری لە خۆ دەگرێت، بەڵام زۆرینەی کوردن.
گرنگە لە کەرکووک یەک هەڵوێستی نیشتمانی زاڵ بێت بەسەر هەموو بەرژەوەندییەکان بۆ ئەوەی ببێتە ڕێگر لە پلانی شۆڤێنی و نەیارانی میللەتەکەمان، هەڵبەتە دەبێ ڕەچاوی پێکەوە ژیان و تەبایی لەگەڵ لایەنە ڕەسەکانی دیکە بەهەند وەر بگیرێت کە ئەمەش دەبێتە مایەی ئارامی شارەکە.
هەوڵەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو شەرە هەر لەسەر دەمی پادشایەتی دەستی پێکردوە و لە هەوڵی سڕینەوەی مۆرکی کوردەواری ئەو شارە بوون تا ئەمڕۆ، کە بەداخەوە تا ئیستاش کێشەکان چارەسەر نەکراون بە گوێرەی برگەی ١٤٠ی دەستووری هەمیشەی عێراق.
کورد قوربانی زۆری داوە بۆ پارێزگاریکردن لە کوردستانیەتی کورد بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و باوکی رۆحی کورد مستەفا بارزانیی نەمر کەوا سازشیان لەسەر کوردستانی کەرکووک نەکردووە، بەڵکو مستەفا بارزانیی نەمر شۆرشێکی لەو پێناوە دانا نەک واز لە کوردستانی کەرکووک بێنێت، ئەمڕۆش دەبینین سەرۆک بارزانی هەوڵەکانی بۆ هێور بوونەوەی بارودۆخی کەرکووک و گەڕانەوەی بۆ باوەشی کوردستانی دایک بەردەوامە لەگەڵ ڕێز گرتن لە بوونی نەتەوە ڕەسەکانی تر.
گومان لەوە دانییە کەوا لایەن هەیە دەیەوێت جیاوازی و دووبەرگی لە نێوان کورد لەو شارە دروست بکات کە بەداخەوە هەندێ لایەنی کوردی چوونەتە ژێر کاریگەری ئەو بیر و هزرە شۆڤینانە کە دەیانەوێت پێگەی کورد لە کەرکووک لاواز بکەن بە هاوکاری دەرەکی.
ئەمرۆ لە هەموو کات گرنگ ترە کورد سەرجەم ناکۆکییەکان وەلاوە نێ لە پێناو کوردستانیەتی کەرکووک و یەک دەنگ و هەڵوێست بن بۆ ئەوەی کەرکووک مۆرکی ڕەسەنی کوردایەتی لە دەست نەدا چونکە کەرکووک دڵی کوردستانە بە لە دەست دانی خوانەخواستە کوردستان بوونی نامێنێ.
گرنگە ڕێز لەو هەڵوێست بۆ چوونانە بگرن کە پشتوانی لە تەبایی و پێکەوە ژیان دەکات و هەموو پێکهاتە ڕەسەنەکان کۆ دەکاتەوە و مەرج نییە قەوارەی ئەو لایانە گەورەیە یا بچووکە گرنگ هەوڵە نیشتمانی و دڵسۆزیەکە.
دەڵێن کەسێکی بەساڵا چوو پیشەی بەرگ دووری بوو، ڕۆژێک ویستی پەندێک فێری نەوەکەی بکات پێی وت ئەم مەقەسە زۆر بەنرخە لە باب و باپیران بۆم ماوەتەوە، پارچەیەک قوماشی گەورەی هێنا بە مقەسەکە کردیە چەندین پارچەی بچووک و نەوەکەشی چاودێری دەکات کاتێک لە بڕینی قوماشەکە تەواو بوو مەقەسەکەی فرێ دایە سەر زەوی بەر پێی و دەرزیەکی بچووکی هێنا پارچە بچووکە لەت لەتەکانی بەیەکەوە دوری و کراسێکی جوانی لێ دروست کرد لە کۆتایی دەرزیەکەی خستە ناو کڵاوەکەی سەری، نەوەکەی حەپەسا و سەیری باپیری کرد و بە سەرسوڕمانەوە لێی پرسی “باپیرە تۆ ماوەیەک باسی گرنگی ئەو مەقەسەت بۆ کردم و دەبێ بایەخی پێبدەن، کەچی ئیستا فرێتداوەتە سەر ئەرز و ئەو دەرزیە بچووکت لەسەر سەرت دانا”؟! باپیرە وتی؛ کوڕم ئەو مەقەسەت بینی ئەو پارچە قوماشە گەورە جوانەی لەت لەت کرد، و ئەو درزیە بچووکە یەکی خستنەوە، گرنگ ئەوەیە ڕێز لەوە بگرین کە هۆکاری یەکخستنە نەک پارچە پارچە کردن.
وەک عەرەب گوتەنی (الحلیم بالاشارەتی یفهم).

ھەواڵی زیاتر