پ.د نەزاکەت حوسێن
مرۆڤ لەسەرەتای بوونی لەسەر زەوی نەیتوانیوە بێ باوەڕ و ئایدۆلۆژیا بژی، هەمیشە شتێکی کردوەتە پەرستراوی خۆی و پەرستویەتی، ئیتر خوا بووبێت یان بەرد و دار و ئەستیرە و مانگ و ڕۆژ…هتد . خورافات و باوەڕیش بەهەندێک شتی نادیار هەر هۆکاری ئەو پێداویستیەی مرۆڤ بوون بە ئایدلۆژیا و بوونی پەناگایەکی رۆحی.
هەموو شۆڕشە پیشەسازیەکان شڵەژانێکی بۆ ژیان و ستایل و نۆرمی کۆنی ژیانی مرۆڤایەتی دروست کردووە، شۆڕشی پیشەسازی لەسەدەی ١٩ هەم، زۆرشتی تێکشاند و زۆرشتی ڕوخاند، بەشێک لەنۆرم و ڕەوتی ژیانی کۆمەڵگاکان کەلەسەری ڕاهاتبوون کردی بە تۆز وکردی بەحەوادا. خەڵک زۆر ترسا بەتایبەتی ئەوەی لێی دەترسا نەمانی باوەڕو ئەو ئیعتیقاد و دابونەریتە بوو کەلەسەری ڕاهاتبوون، بۆیە هەندێک پەنایان بۆ گەڕانەوە بۆ هەندێک دابونەریتی کۆنی خۆی و ئاینەکەی کەلەسەری بوو ن برد. نموونە چەند کەسێک لەهەندێک ناوچەی جیهان ئەوەندە ترسان لە لەدەست دانی باوەڕی کۆمەڵگەکەیان وەک لە چین کە ‘هۆنگ خیو’ کابرایەک بوو ئیدیعای ئەوەی کرد کە ‘مەسیح’ هاتوەتە ‘هۆنگ ‘ وئەوی کردووەتە برای خۆی لەسەر زەوی، کە ئاشتی بناغە بنێتەوە، گەڕا بەهەموو ناوچەکانی چین دا، هەزاران هەزار کەس شوێنی کەوت.بەهەمان شێوە لەسودان کەسێک بەناوی ‘مەهدی’ ئیدیعای پێغەمبەرایەتی کرد، بەڵام ئەوەی لەسەدەی ٢١ و سەردەمی زیرەکی دەستکرد دەگوزەرێت زۆر مەترسیدارتر و جیاوازترە هێشتا لەوەی شۆڕشەکانی پیشەسازی پێشوو خولقاندیان. ئێستا بەتەواوەتی ترسی لەدەست دانی مێشک و ئایدیا و باوەڕ و ئیمانی مرۆڤەکانە بەهەموو ئەوشتانەی لەپێشدا هەیبوون. ئێستا هیچ کام لەئاینەکان نە ئیسلام نە مەسیحی نە جولەکە هێشتا وەڵێمێکیان پێ نیە بۆئەوەی لەسەردەمی زیرەکی دەستکرد چۆن شوێنکەوتوانیان دەپارێزن، چۆن باوەڕو ئایدۆلۆژیاکەیان دەپارێزن. ئایا ئەو ئایدۆلۆژیای تەکنەلۆژیا دەیهێنێت ولە’سلیکۆن ڤالی’ و’بانگلۆر’ کە سەنتەری بەرهەم هێنان و بەڕێوەبردنی تەکنەلۆجیا و زیرەکی دەستکردن سەرچاوەدەگرێت، نابێتە سەرچاوە بۆ ئایدلۆژیای نەوەی نوێ و نەوەی سەردەمی زیرەکی دەستکرد. جیهان لەم سەدە پڕ مەترسیەدا هێشتا ئامادەگی و وەڵامی پێ نیە بۆ ئایدۆلۆژیەیەک کە باوەڕی خەڵکەکە بپاریزێت لەمەترسی دیجیتاڵی، ئومێد نیە بتوانێت ئەو بۆشاییە لە باوەڕ دروست بووە ئایدۆلۆژیایەکی بۆ بەرهەم بهێنێت، وەک لەسەردەمی شۆڕشی پیشەسازی و سەدەی نۆزدە کە بیری ‘سۆشیاڵیزم’ گەشەی کرد، ناکرێت بڵێین بەرهەم هات، چونکە ‘سۆشیاڵیزم ‘لە ١٨٠٠ کان هەبوو بەڵام بڵێونەبوو، لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی ئەو بۆشاییە لە باوەڕەی بۆ خەڵک دروست کرد’سۆشیاڵیزم’ جێگای بۆ گرتەوە و گەشەی کرد. کە توانی زۆر ژیانی خەڵک بگۆڕێت، ژیانی هەمووانی گۆڕی بەتەواوەتی، کلیلی سەرکەوتنی ‘سۆشیاڵیزم’ بریتی بوو لەوەی سەیری ئایندەیان دەکرد نەک رابردوو، تەکنەلۆژیایان دەخوێند، لەگەڵ گەشەسەندنی ئابوری بوون کەبەهۆی شۆڕشی پیشەسازیەوە دروست بووبن، شتانێکیان دەوت و توێژینەوەیان لەسەر دەکرد کەنزیک بوو لە گرفتە نوێیە سەردەمەیەکەیان و چارەسەری نوێیان دەدەۆزیەوە، دەرفەتە نوێیەکان شۆڕشی پیشەسازیان دەقۆستەوە، ئێستا لەناوەڕاستی شۆرشێکی پیشەسازی ترین کە بایۆتەکنەلۆجی و کۆمپیوتەر ساینسە و دیزاینی زیرەکیە، کە ئۆتۆمۆبیل و ئامێر بەرهەم نایەت، بەڵکو جەستە و مێشک بەرهەم دێت، کەچی قەیرانی باوەڕو ئایدۆلۆژیا ڕووی تێکردووین ئاینەکانی پێشوو کەنیسەو مزگەوت و کڵێساکان هیچیان نیە بیڵێن بۆ ئەم دەرفەت و گرفتە نوێیە کە ئیتر مرۆڤ گرنگ نیە بۆ ئابوری، بۆ ژیان، پێویستمان بە تەواوەتی ئایدۆلۆژیاییەکی نوێ و ئاینێکی نوێیە کە زۆر ئەگەرە سەرهەڵبدات لە ‘سلیکۆن ڤالی’ و ‘بلانگلور’ کە ئێستا دووسەنتەری ئیدارەو بەرهەم هێنەری تەکنەلۆجیاو زیرەکی دەستکردن نەک رۆژهەڵاتی ناوەرست، کە ئایدیایەکی وەها بدەنەمرۆڤ کە خۆشی وئارامی لەسەر زەویە بەهۆی تەکنەلۆجیاوە نەک دوای مردن. واتە ئایدۆلۆژیای تەکنەلۆجیاو سەردەمی زیرەکی دەستکرد باسی خۆشیە لەسەرزەوی نەک دوای مردن. واتە ئیتر مرۆڤ بێ باک دەکات لەباوەڕبوونی بەهەموو ئاینەکان.