شەکر ڕشتن بە تامی ژەهر

حەیـــــات مەجـید

لە دونیای ئەمڕۆدا ژەهرەکان زۆرن کە بە شێوەی جیاواز دەڕژێنە ناو کۆمەڵگاوە ئایە لە ڕێگەی راگەیاندنەوە بێت یا لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە بێت بە ئاسانی دەپرژێتە ناو خێزان و ماڵەکان، بە تایبەت ئەم کچە بەناو مۆدێل و ریکلام چیانە رۆژانە ژەهر دەڕێژنە ناو کۆمەڵگاو بە تایبەت ناو توێژی گەنجانەوە، لە ئێستادا دەیان ئەپی جۆراو جۆر و هەن گەنجەکان مووتویان بوون رۆژانە بەکاری دەهێنن و زۆربەی قسە هەلەقوو بەلەقەکانی کەسانی دەم رووت و نا رۆشنبیر دەکەنە ترێندی سۆشیال میدیا. بێ گوێدانە تەمەنی بەکارهێنەر، دەیان وشە و رستەی نەشیاو بەکاردێت بێ گوێدانە دابوو نەریت و پرانسیپە کۆمەڵایەتیەکان.
رەنگە ژەهری ئەمان کەمتر نەبێت لە ماددە هۆشبەرەکان، یەکێکی تر لە ژەهرەکانی ئەم بەناو مۆدیلانە ئەوەیە زیاتر کچی گەنج ئەکەونە ژێر کاریگەریان و ئاسەواری زۆر خراپ لەسەر بیرکردنەوەیان بەجێ دەهێڵیت، کە رەنگە بە وا بیربکەنەوە ئەم کچانە زۆر بە زووی دەگەن بە هەموو شت بەتایبەت ماڵی جوان و سەیارەی مۆدێل بەرز و گەڕان و سەفەری وڵاتان، ئەمە جگە لە ریکلامی زۆریان بۆ جوانکاری ساغ کردنەوە مەیکەب و دەرمانی جۆراو جۆری جوانکاری و کێش دابەزاندن و کێش زیاد کردن، بە بێ پابەند بوون بە هیچ رێنماییەکی تەندروستی.
ئەمانە هەموو لە لایە، لە لایەکی ترەوە ئەم لاسایی کردنەوەیەی کچانی گەنج وا دەکات بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیک سارد ببنەوە لە پرۆسەی خوێندن و هەوڵدانیان بۆ دەرگایەک تا کۆپی ئەم جۆرە ئافرەتانە بکەنەوە، هەم ژیانی خۆیان لەناو دەبەن هەم خێزانەکانیان تووشی کێشە دەکەن.
بۆیە پێویستە لەسەر تووێژەرە بەرێزەکان لە قوتابخانەکان، مامۆستایان دایکان ئاوی گوێی کچە تازە پێگەشتوو گەنجەکان بدەین دور بن لە ئاکاری ئەو جۆرە کچانە کە تەنها ژەرێکن لەناو کۆمەڵگەدا، خۆیان خەریک بکەن بە خوێندن و شتی بەسودەوە تاکو بە خەیاڵیش بیر نەکەنەوە ئەو ژەهرانە بچنە ناو خوێن و ژیانیان بەرەو فەشەلیەت بروات و دواتر پەشیمانی دادی بی دادیان نادا، لە کاتێکدا لە لێدوانی ئەو مۆدێلانەدا دەردەکەوێت کە زۆر پەشیمانن بەس رێگە چارەی تریان نیە، زۆربەیان خێزانەکانیان دەست بەرداریان بوون ئەمە جگە لەوەی بەر نەهی کۆمەڵگا کەوتوون.