نامه‌ عاشقانه‌كانی غولامحسێن ساعدی

خالید فاتیحی

نامه‌ی 19
تاهیره‌ی ئازیزم…

دوای نامه‌ی دووه‌م كه‌ بۆم نووسی، ده‌ستم زۆردێشا، به‌ ناچاری ده‌ستی راستم له‌ گه‌چ گرت. ئێستا به‌شێك له‌ گه‌چه‌كه‌م لێكردۆته‌وه‌ و ئه‌نگوسته‌كانم وه‌ك سه‌رمازه‌ڵه‌ له‌ كونه‌به‌ردێك هاتوونه‌ده‌ر، ئێستا دیسان نامه‌ت بۆ ده‌نووسم.
ژیانێكی پڕ له‌ ماندوویه‌تی و رشانه‌وه‌ هه‌رچۆنێكبێ ده‌یگوزه‌رێنم. نۆرینگه‌كه‌م به‌هۆی دووری رێگا داخستووه‌ و ئێستا نیازم وایه‌ له‌ ئه‌میریه‌ جێگایه‌ك وه‌بینم. ئه‌ویش ته‌نیا بڕیاره‌. ماندوویه‌تی و بێتاقه‌تی روحی، فرسه‌تی ئه‌وكاره‌م نادا. به‌یانیان سه‌عات شه‌ش له‌ سه‌ربازگه‌ ئاماده‌م و سه‌عات دوازده‌ دێمه‌ده‌ر. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك كات تێپه‌ڕێنم بۆخۆم خواردن دروست ده‌كه‌م یان ئه‌وه‌تا له‌ ده‌رێ نان ده‌خۆم. پاشان له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌كه‌م درێژده‌بم و كتێب ده‌خوێنمه‌وه‌. ئه‌ویش ناتوانم بخوێنمه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌و گه‌رما تاقه‌ت پرووكێنه‌. ئه‌وجار كاتی ته‌نیاییم له‌ جیات ئه‌و بیده‌نگیه‌ی له‌ ته‌ورێز هه‌مبوو، ده‌نگ و هات و هاواری فرۆشیارو ده‌ستفرۆش و ته‌ق و تۆقی ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌سازانی گه‌ڕه‌ك بیست و چوار سه‌عاته‌ زرمه‌یان دێ.
شارێكی گه‌وره‌و ترسناكه‌. قه‌ره‌باڵغی و له‌ هه‌مووشی گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ تاهیره‌، مرۆڤ لێره‌ خۆی زۆر به‌ بچووك ده‌بینێ زۆر بچووك. خۆی به‌ ته‌نیاو بێكه‌س هه‌ست پێده‌كات. من ئاوام. چه‌ند جارێك ویستوومه‌ به‌ ته‌له‌فۆن قسه‌ت له‌گه‌ڵ بكه‌م، به‌ڵام هه‌ندێك بیرۆكه‌م بۆ هاتوون دوایی پێتده‌ڵێم. بڕیارم داوه‌ چه‌ند رۆژێك لێره‌ وه‌ده‌ركه‌وم و بێمه‌لات.
كاری من كاوێژكرندن و نه‌شته‌ری بیره‌وه‌ریه‌كانه‌، بیره‌وه‌ری ناته‌واوم هه‌ن.
ده‌ستم دێشێ و له‌وه‌ زیاتر ناتوانم بنووسم.
ماچتده‌كه‌م.
غ- س
20/6/1341 هه‌تاوی

نامه‌ عاشقانه‌كانی نووسه‌ری ناوداری ئێران، غولامحسێن ساعدی (1935-1985) كه‌ بۆ تاهیره‌ی كوزه‌گه‌رانی نووسیون.