بۆچی دیموکراسیەت بۆ کوردستان نابێت؟

مەشخەڵ كەوڵۆسی

پێش هەموو شتێک دەبێ بزانین دیموکراسییەت قۆناغێکی پێشکەوتووی هزری کۆمەڵایەتی و، نەریت و پەروەردە و فەرهەنگە. دیموکراسییەت پرۆسەیەکە و نەتەواو بوونی هەیە و، نەخاڵی کەماڵ. بە مانایەی لەکۆمەڵگە هەرە دیموکراتەکانیشدا، هێشتا دیموکراسییەت کامڵ نیە و، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کەموکووڕی زیاتری تێدا دەردەکەوێت.
دیموکراسییەت فەرهەنگی کۆمەڵگە دروستیدەکات نەک بڕیاری سیاسی، یان تەقلیدێکی کوێرانەی کۆمەڵێک نووسەر و، میدیای کلاسیکی. واتە: ئەگەر باکگراوندی کۆمەڵگە، نەریت و فەرهەنگی بەشێوەیەکی سروشتی نەگەشتبووە ئاستێک دیموکراسییەت داوا و قبوڵ و هەرس بکات، ئەوا ستەمێکی گەورە دەکەین، ئەگەر بمانەوێت بەبڕیاری سیاسی و، بە گوێرەی بانگەشەی بەتاڵی چەند موراهیقێکی بەحساب نوسەر، داوا بکەین بەزۆری زۆرداری دیموکراسییەت دەرخواردی کۆمەڵگەکە بدەین. چونکە ئەو کۆمەڵگەیە نەگەشتۆتە ڕادەی قبوڵکردنی دیموکراسییەت.
بەڕای موتەوازیعانەی خۆم، هەرگیز بڕوام بەوە نەبووە دیموکراسییەت بۆ کوردستان باشترین ئۆپشن بێت. نەک لەبەر ئەوەی دیموکراسییەت بژاردەیەکی خراپی مرۆڤە،یان لەبەر ئەوەی حەزم لە دیکتاتۆرییەت بێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەی کوردی بەهیچ شێوەیەک ئامادەنیە بۆ قبوڵکردنی دیموکراسییەت بە هەموو وردەکارییەکانییەوە.
من لەدوای ژماردنی هەزار خاڵی نێگەتیڤی دیموکراسی بۆ دۆخی کوردستان، دوو خاڵی دیکە لێرەدا دەخەمە بەرچاو:
یەکەم- لە بچوکترین و سادەترین جومگەیدا، دیموکراسییەت واتە ئازادی موتڵەقی تاک لەژیانی تایبەتی خۆیدا. ئازادی تاڕادەی خۆکوشتن و تاقیکردنەوەی هەموو ئاواتەکان. ئازادی تاڕادەی ڕووتبوونەوەی سەرشەقام و، زەواجی هاوڕەگەز، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی زەواج…هتد.
ئایا کۆمەڵگەی کوردی ئەم دیموکراسییەتە قبوڵ دەکات؟ با نەختێ بابەتیی بین! هەر بەڕاست کۆمەڵگەی کوردی قبوڵ دەکات لەسەر شەقامەکان بەئاشکرا کچ و کوڕەکان ژوانی ڕۆمانسی ببەستن؟ وەڵامی ئەو پرسیارە هەرە سادەیە بۆ ئەوانە بەجێدەهێڵم کە کوێرانە، باس لە دیموکراسییەت و کورد دەکەن.
دووەم- لەژیانی حیزبیدا، زۆرجار باس لە هێنانە پێشەوەی گەنج دەکرێت، وەک ڕووکارێکی هەبوونی دیموکراسییەت لەناو حیزبدا.
باشە کێ وتی پێویستە لەناو حیزبدا دیموکراسییەت هەبێت؟ کێ وتی لەناو دەزگاکانی دەوڵەتدا پێویستە دیموکراسییەت هەبێت؟ کێ وتی هێنانەپێشەوەی گەنج، بەشێکە لە پرۆسەی دیموکراسیبوون؟.
لەڕاستیدا بانگەشەی زۆر دەکرێت بۆ ئەو حاڵەتە، بەڵام ئەمریکا و ڕۆژئاوا کە خۆیان کرۆکی لیبراڵیزم و دیموکراسییەتن، گەنج لەکایەکانی حیزباتی و حوکمداری ناهێننە پێشەوە، کەسیش پێیان ناڵێت ئێوە دیموکراسیی نین!.
بۆچی کەس ناپرسێت: بایدن تەمەنی 90 ساڵە هێشتا بەهێزترین کاندیدە بۆ ئەوەی ببێتەوە بەسەرۆکی ئەمریکا، بۆچی کەس ناڵێت گەنجێک بکەنە سەرۆک نەک پیرەپیاوێکی ناوەد ساڵە؟.
ئەوەی کەکورد بیستوویەتی دیموکراسییەت وایە، پێچەوانەکەی ڕاستە و، کۆمەڵگە هەرە دیموکراسییەکان، پیرە خاوەن ئەزموونەکان دەبەنە پێشەوە، نەک گەنجێکی بێ ئەزموون کە بەەو و ڕۆژێک هەمووی تێکدەدات.
دواجار دەڵێم: دیموکراسییەت لەبەر ئەوە بۆ کوردستان نابێت، چونکە کۆمەڵگەی کوردی خێڵەکییە و، ناتوانێت مۆدیلێکی دیموکراسی بەرهەم بێنێت. ناشتوانێت قبوڵی مانا ڕاستەقینەکانی دیموکراسییەت بکات. بۆیە هێشتا زووە باسی دیموکراسییەت بکەین، چونکە ناگەینە ناوەڕۆکی بەتوێکڵەکەیشی تێرنابین.

ھەواڵی زیاتر