قابیل و ئینجیل

حەمەسەعید حەسەن

خۆسیە ساراماگۆ (١٩٢٢ – ٢٠١٠) کە ١٩٩٨ نۆبڵی لە ئەدەبدا وەرگرتووە و ڕەنگە بەناوبانگترین ڕۆمانی (نابینایی) بێت، گەلێک ڕۆمانیشی بە پشتبەستن بە ئایین و ئەفسانە نووسیوە، لەوانە (ئینجیل لەسەر زاری مەسیحەوە) کە بریتییە لە دووبارە گێڕانەوەی ژیاننامەی عیسا، بە شێوازی تایبەت بە خۆی کە عیسای وەک ئینسانێکی ئاسایی وێنە کێشاوە، ئینسانێک کە هەم خواست و ئارەزووی هەیە و هەم ترس و دڵەڕاوکێ. ساراماگۆ لەو کارەیشیدا ڕۆمانی نووسیوە، دیرۆکی نەگێڕاوەتەوە، لایەنی ئینسانی گرتووە، نەک (سەروەر،) بایەخی بەم دونیا و بە زەمین داوە، نەک بە غەیب و بە ئاسمان.

ساراماگۆ کە کۆمۆنیستێکی دژە جیهانگیری بوو، لە ڕۆمانی (لەسەر زاری مەسیحەوە)دا، بە دوو باڵی خەیاڵ و دیرۆک، دەفڕێت و قەڵای بیر و بۆچوونە جێگیرەکان دەڕووخێنێت، پرسیار و گومان دەورووژێنێت و ئەو ڕابردووە ڕیسوا دەکات کە بە ناوی ئایینەوە ئەو هەموو خوێنە ڕژاوە، ئاخر لای ئەو ئینسان بۆ ئەوە نەخوڵقاوە لە پێناوی ئیماندا بکوژرێت، بۆ ئەوە هاتووەتە دونیاوە، بژی و چێژ لە خۆشییەکانی ژیان وەربگرێت.
ساراماگۆ لە ڕۆمانی (ئینجیل لەسەر زاری مەسیحەوە)دا، لەنێو بەلەمێکی ڕاودا، بۆ ماوەی چل ڕۆژ، لە ناوەندی زەریایەکدا، مەسیح و شەیتان و سەروەر کۆ دەکاتەوە. سەروەر هەوڵ دەدات مەسیح بەوە قایل بکات کە بە چارەنووسی خۆی ڕازی ببێت، چونکە تەنیا بەو قەدەرە، شکۆمەندی و نەمریی مسۆگەر دەکات. لە (گوتوبێژ)ەکاندا، ئەوە تەنیا سەروەرە دەپەیڤێت، بەڵام مەسیح تەنیا پرسیاری لێ دەکات، پرسیاری ئاسایی و ئینسانی، لەو پرسیارانەی هەر مرۆڤێکی ئاساییی ئەم سەر زەمینە دەیکەن، وەک:
(ئایا دوای لە خاچدانی من، چی ڕوو دەدات؟
بۆ سەرکەوتنی ئایین، چەند جەنگ و چەند ڕووباری خوێن پێویستن؟)
شەیتان کە گوێی لە ڕووباری خوێن دەبێت، دەترسێت و بە سەروەر دەڵێت: (من ناتوانم ئۆباڵی ئەو هەموو خوێنە وەئەستۆ بگرم، بۆیە پێشنیاز دەکەم، من بسڕنەوە و لە بوون فڕێم بدەنە دەرەوە!) پێشنیازەکەی شەیتان ڕەت دەکرێتەوە، بەو پاساوەی شەیتان و سەروەر دووانەیەکن، لێک جیا ناکرێنەوە و بزربوونی هەر یەکێکیان بزربوونی ئەوی تریشیانە. لای کریستیان و جوو، سەروەر بە مانای: لە هەر کوێ ستەم هەبێت، لەوێ دەبم، دێت، کە مەسیح لە خاچ دەدرێت و سەروەر بە هانایەوە ناچێت، وا هەست دەکات فریو دراوە و دەڵێت: (خەڵکینە لە سەروەر ببوورن، ئاخر نازانێت خەریکی چییە!)
کە ئەو ڕۆمانە سەرەتای ساڵانی نەووەدی سەدەی ڕابردوو، بڵاو دەبێتەوە، کاردانەوەی توندی بە دوادا دێت، هەم لەلایەن کەنیسەوە، هەم لە لایەن کۆنپارێزانەوە و هەم لەلایەن دەسەڵاتدارانی پورتوگالیشەوە، ئیدی ساراماگۆ وەک دەربڕینی ناڕەزایی، بۆ تاراوگە، بۆ یەکێک لە دوورگەکانی کەناری هەڵدێت و تا کۆتایی ژیانی لەوێ دەمێنێتەوە.
(نیکۆس کازانزاکی)یش (١٨٨٣ – ١٩٥٧) ڕۆمانێکی هەیە، ناوی لێ ناوە: (دوا فریودانی مەسیح،) جیاوازییەکەی لەگەڵ ڕۆمانی (ئینجیل لەسەر زاری مەسیحەوە)ی ساراماگۆدا ئەوەیە، کازانزاکی لە هەوڵی ئەوەدایە، مەسیح بەرەو ڕەها، بەرەو ئاسمان و بەرەو لای خودا ببات، بەڵام ساراماگۆ سەرقاڵی ئەوەیە، مەسیح بکاتەوە بە ئینسانێکی ئاسایی، بەرگی پیرۆزی، لە چیرۆکە ئایینییەکان دابماڵێت و سەرلەنوێ دایانبڕێژێتەوە. تەقەلای ساراماگۆ بۆ ئەوەبوو، ئینسان لە هەژموونی وەهم ڕزگاری ببێت و ئاکاری دونیایی کە ڕێز لە ئینسان بگرێت، جێی ڕەوشتی ئایینی بگرێتەوە کە ئینسان بە کۆیلە دەکات.
قایین، کە لای ئیسلام بە قابیل ناوی هاتووە، ڕۆمانێکی دیکەی ساراماگۆیە، (گێڕانەوەیەکی جیاوازە) بۆ تەورات و باس لە وێڵبوون و بزربوونی قابیل دەکات کە لە دوای کوشتنی هابیلی برایەوە، بەر نەفرەتی خوداوەند دەکەوێت. قابیل لە یەکێک لە سەفەرەکانیدا، ئەبراهام دەبینێت کە خەریکە ئیسحاقی کوڕی بکاتە قوربانی بۆ سەروەر. ئیسحاق کە ڕزگاری دەبێت لە بابی دەپرسێت: کە هیچ زیانێکم بۆ تۆ نەبووە و کوڕی تاقانەی تۆم، بۆچی دەتویست وەکوو بەرخ سەرم ببڕیت؟ کوڕم ئەوە خواستی من نەبوو، هی (سەروەر)مان بوو کە دەیویست لە پتەویی باوەڕ و لە گوێڕایەڵی و ملکەچیم دڵنیا ببێت. ئەو سەروەرە کێیە کە داوا لە باب دەکات، کوڕی سەرببڕێت؟ باوکە من لەو ئایینە تێناگەم. کوڕم تێبگە، چونکە ڕێگەچارەیەکی ترت نییە.
نووسەر کە لایەنی ئینسان دەگرێت، مێژوو وەک ململانێی نێوان خەڵک و سەروەر پیشان دەدات کە لەگەڵ یەکدا ناگونجێن و لە یەکتری حاڵی نابن. خەڵک قولـلەی بابل ڕۆ دەنێن تا پێی بگەنە ئاسمان، سەروەر دەیڕووخێنێت، خەڵک لە بناری چیای (سینا)دا، گوێرەکەی زێڕین دەپەرستن، بەر نەفرەتی سەروەر دەکەون، خەڵک شوورە بە دەوری شاری ئەریحادا رۆ دەنێن، سەروەر شوورەیان دەڕووخێنێت، شاریان وێران و خۆیان قڕ دەکات. ئەوەیش بۆ خۆی پارادۆکسێکە، قابیل لەسەر کوشتنی تاقە کەسێک، توندترین سزا دەدرێت، کەچی لە پێناوی ئیماندا، ڕووباری خوێن هەر هاژەی دێت!
لە (قایین)دا، کار لەسەر دووانەی گوناهـ و سزا دەکرێت. ڕۆمانەکە پشتی بە گێڕانەوە گەورەکان قایمە، بەڵام نەک وەکوو لە سەرچاوە دێرێنەکاندا هاتوون، بەڵکوو بە فۆرمی نوێ و ناوەڕۆکی جیاوازەوە، ئاخر ساراماگۆ لە داروپەردووی کەلاوەکانی مێژوو، تەلاری مۆدێرنی ڕۆناوە. لە ڕۆمانی (قایین)یشدا خەیاڵ سوریالییانە دەخرێتە گەڕ و وەک زۆر لە ئیشەکانی دیکەی، کۆمێدیای ڕەش و بە تەوسەوە پەیڤین، پانتایییەکی بەرینیان داگیر کردووە.
*
(١) خوسیە ساراماغو، الإنجیل یرویە المسیح، ترجمە: سهیل نجم.
(٢) خوسیە ساراماغو، قایین، ترجمە: صالح علمانی، دار دال ٢٠١١ دمشق.
(٣) عبدالمجید الحسیب، المتخیل الدینی عند البرتغالی ساراماغو.

ھەواڵی زیاتر