بەگەورەدانان و ڕێزگرتنی سەحابە لە ئیمانەوەیە

عومەر چنگیانی

ئەرکێکی پیرۆزی سەرشانی هەر مسوڵمانیکە کە بەهای یارانی پێغەمبەر بزانێت – دروود و سڵای خوای لەسەربێت – و هەرکەسێ زانیاری هەبێ بە کەلامی خوای گەورە و سوننەتی پێغەمبەر – صلی اللە علیە وسلم – ئەوا چەندین ئایەت و فەرموودە دەبینێتەوە لەسەر گەورەیی و پێگەی سەحابە – خوایان لێ ڕازی بێت -، چونکە ئەوان باشترینی کەسەکانن لەدوای پێغەمبەران – سەلامی خوایان لەسەر-، کەوەک جەنابی مەحوی لە قەسیدەی بەحری نورەکەیدا دەفەرموێت:
ئەوی ساتێ لە بەر پێیا سەری تەسلیمی دانابێ
ئەبەد مالیک ڕیقابی گەردنی تەسلیمی شاهانە
قول و بەندە و غوڵام و خادیم و دەربانی بەر دەرگای
نەجاشی و توببەع و هیرقەل، عەزیزی میسر و خاقانە
کەسێ جێ هەڵتروشکانێکی لەو بەر قاپیە دەس کەوت
بە عاری دێ بڵێن ئەم جێگە وەک تەختی سولەیمانە
خودا پێداوەکانی فایزی ئیکسیری سوحبەت بوون
چ من، چی تۆ، مەلائیک، ئەنبیا خۆزگەی بە خۆیانە
هەواخواهی علیه الرحمه و الرچوانیان بۆ ما
ئەعادیشی علیه اللعنه بەشیان و بەسیانە
لێرەوە دەپرسین: کێن سەحابەی پێغەمبەر – صلی الله علیه وسلم -؟
سەحابە : ئەو کەسەیە (لەسەردەمی پێغەمبەر محمد – صلی الله علیه وسلم – ژیابێ و بینیبێتی و ئیمانی پێهێنابێ با کەمێکیشبێ دیتنکەی و لەسەر ئیمانیش وەفاتی کردبێ).
گەورەیی سەحابە و ڕێزگرتن و خۆشەویستیان واجبە .
دەستپێکردنی دینی ئیسلام لەسەر دەستی پێغەمبەرمان بوو صلی اللە علیە وسلم لەگەڵ سەحابە، سەحابە هەموو تواناو ماڵ و هێزیان لەڕێگای خودا سەرف کرد و بەخشیان، هەموو مەبەستێکیشیان ڕازیبوونی خودای گەورەبوو، خودای گەورەش لە هەموویان ڕازی بوو، هەروەک خوای گەورە لە سەد هەمین ئایەتی سورەتی(تەوبە)دا دەفەرمێت:
(ئەوانەی پێشەنگ بوون لە بڕواهێنان، کۆچەر مەککەیی، یان یارمەتیدەرە مەدینەییەکان بوون، ئەوانەیش کە لەدووی ئەوان هاتوون بە باشە و خوا لەوان ڕازییە و ئەوانیش لەخوا ڕازین و لە ڕۆژی دواییشدا خوای گەورە بەهەشت و باغ و ڕەزو خۆشی و جۆگاو بارێکی زۆری نەبڕاوەی بۆ ئامادە کردوون و ئەوەیش بەختەوەری و سەرکەوتنێکی گەورەیە).هیچ گومانێک نیە مادام کەسانێک ئەمە پێگەکەیانبێ کەواتە خۆشویستنیان لەسەر باوەڕداران واجبە و دەبێ ڕێزیان لێبگیرێ وەکو گوێڕایەلیەک بۆ خودای گەورەو خۆشەویستیەک بۆ پێغەمبەرمان صلم الله علیه وسلم، هەروەها وەکو وەفایەک بۆ ڕابەرایەتی و دامەزراویان لەسەر ڕاستە سەقامی ئەم دینە، ئەلێرەدا دەبێ بزانین خۆشویستنیان لە ئیمانەوەیە.
ڕۆنەچوون لەناو ناکۆکیەکانی نێوانیان:
ڕێزگرتن لە هاوەڵان ئەرکی سەرشانی باوەڕدارانە، چونکە ئەوان ئاڵای ئیسلامیان هەڵگرتوو بەبەرزی هێشتیانەوە و گەیاندیانە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای زەوی، بۆیە ڕێز و گەوڕەیێان لەسەر تەواوی نەوەکانی موسڵمانان هەیە، بۆیە ئێمەش تەنها ناویان بەخێردەهێنین، بەهۆی ئەو هەموو فەرموودەیەی کەلەسەر گەورەیی و ڕێزیان هاتوە، هەروەها واجبە خۆمان بپاڕێزین لە تانەدان لە سەحابەکان، واجبە لەسەر ئیمانداران تەنها بە باشە باسی سەحابە بکەن جا تاک تاکەبێ یان باسی هەموویان، ئەگەر هەندێ هەڵەیش وارد بوبێ لەسەحابەکان چونکە ئەوان مرۆڤن خۆ فریشتە نین، چونکە یان ئیجتیهادیان کردوە یانیش بەهۆی گومان باشی خۆیان کارێکیان پێ چاک بوەو کردویانە نەک بەهۆی بێ ئیمانی و فەسادی و عینادیانەوە بوبێ، ئەمە باشترین ڕێگاو گومانە کە بتوانین خۆمان لە تانەدان لە باشترینێ سەردەمەکان بپارێزین . هەروەک زۆرێک لەو ناکۆکیانەی کە تۆمارکراون ناڕاستن و درۆن و نابێ گوێی پێبدرێ، بەتایبەتیش ناکۆکی و ڕاجیایی نێوان خولەفای ڕاشیدین و هەروەها دە موژدە پێدراوەکە بە بەهەشت ( العشرە المبشرە ) چونکە هەریەکێ لەوان چەندین ڕێز و گەورەی و چاکەیان هەیە، پێغەمبەرمان صلی اللە علیە وسلم کاتێ وەفاتی کرد لە هەموویان ڕازیبوو .
ئەم شێوازە جوانترین هەڵسوکەوتە بەرامبەر بە سەحابەکان، ڕەفتار کردن بە پێچەوانەی ئەمە لەنەزانی و فاسقیەوەیە، کولاندنەوەی برینێکی ساڕێژنەکراوە و دروستکردنی فیتنەیە بۆ موسڵمانان کە خێری پێوە نیە و تەنها مایەی دووبەرەکی و خەم و ڕق و کینە و دووژمنایەتیە .

ھەواڵی زیاتر