منداڵی خەڵك

و: خالید فاتیحی

جه‌لال ئال ئه‌حمه‌د
بەشی دووەم و كۆتایی
سەرەنجام سواری خەتی حەوت بووین، تا مەیدانی (شا) كە دابەزین منداڵەكەم هەروا قسەی دەكردو پرسیاری دەكرد. لە یادمە جارێك گوتی : «دایە دەسینە كوێ‌؟» نازانم چۆن بوو، بێ ئەوەی ئاگام لێ بێ یەكسەر گوتم: «دەچینە لای باوكت.» منداڵەكە كەمێك لە ڕوخسارمەوە ڕاما، پاشان گوتی: «كامە باوكە؟»
ئیدی تاقەتم نەما گوتم: «گیانەكەم، دەزانی زۆر قسەدەكەی؟ ئەگەر زۆر قسە بكەی كێكت بۆ ناكڕم. ها!»
ئێستا چەندە دڵم دەسووتێ‌. ئەو جۆرەشتانە زیاتر دڵی مرۆڤ ئازار دەدەن. بۆچی دڵی منداڵەكەم لەو ساتەدا ئاوا شكاند؟ كاتێك لە ماڵ هاتینەدەر بەڵێنم بە خۆمدابوو، تا لەكارەكە دەبمەوە تووڕەنەبم و لە منداڵەكەم نەدەم، جنێوی پێنەدەم و بە میهرە بانییەوە لەگەڵی بجوڵێمەوە. بەڵام ئێستا چۆن ئاگر لە دڵم بەربووە! بۆ ئاوا بێدەنگم كرد؟ منداڵەكە ئیدی بێدەنگ بوو. لەگەڵ شاگردی شوفێرەكە، كە قسەی لەگەڵ دەكردو ئەدای بۆ وەدەر دێنان، شاگەشكە ببوو.
بەڵام وەسەر خۆم نەدەهێناو سەیری منداڵەكەشم نەدەكرد، كە بەردەوام ئاوڕی دەدایەوە.
لەمەیدانی (شا) گوتم ڕایبگرە. كاتێك دابەزین منداڵەكەم هەر پێدەكەنی، مەیدان قەرەباڵغ بوو، پاسەكان تێكیانەوە داویشت، بەڵام هەر حه‌په‌سا بووم له‌وه‌ی كارەكەم بكەم.
ماوەیەك هاتم و چووم. ڕەنگە نیو كاتژمێر زیاتر، پاسەكان كەمتر ببوون، هاتمە قەراخ مەیدانەكە، دە (شایی) م لەگیرفانم دەرهێناو دامە دەستی، منداڵەكەم سەری سووڕمابوو تەماشای دەكردم. هێشتا فێری پارە وەرگرتن نەببوو. نەمدەزانی چۆن حاڵی بكەم. لەو بەری مەیدانەكە تۆو كولەكە فرۆشێك هاواری دەكرد، بە پەنجە ئاماژەم بۆكرد گوتم: «لێم وەرگرەو بڕۆ، كێكی بكڕە. بزانم دەزانی بۆخۆت بكڕی!»
منداڵەكەم تەماشایەكی پارەكەی كرد، پاشان ڕووی لەمن كردو گوتی: «دایە ئەتۆس وەلە بابسین.!» گوتم: «نا، من لێرە ڕادەوەستم و ئاگام لێتە، بڕۆ بزانم دەتوانی بۆخۆت بیكڕی؟»
منداڵەكەم دووبارە تەماشایەكی پارەكەی كرد، دەتگوت دوو دڵەو نازانێ‌ شت بكڕێ‌. تائێستا كارێكی وام فێر نەكردبوو، پڕ بەچاوان تەماشای دەكردم. عەجیب نیگایەك بوو! دڵم زۆر تەنگ بوو حاڵم زۆر پەرێشان بوو، زۆری نەمابوو ژەوان ببمەوە. پاشان كە منداڵەكەم ڕۆیشت و ڕامكرد تا ئێستاش، هەتا ئەوڕۆژەی ئێوارەش كە لەبەر دەرگاو لای دراوسێكان لە حەژمەتان گریام، هیچ ئاوا دڵم پڕ نەببوو، زۆری نەمابوو بێهۆش بم. عەجیب نیگایەك بوو!
منداڵەكەم سەرگەردان مابوو، دەتگوت ئێستاش دەیەوێ‌ شتێكم لێ بپرسێ. نازانم چۆن خۆم بۆ ڕاگیرا، جارێكی تریش تۆو كولەكەم نیشانداو گوتم: «بڕۆ گیانەكەم ئەو پارەیەی بدەیەو بڵێ‌ دەنكە كولەكەم بدەیە، هەر ئەوەندە. بڕۆ ئافەرین!» منداڵەكەم تەماشایەكی دەنكە كولەكەكەی كردو پاشان وەك ئەوەی بیەوێ‌ وەك جاران بەهانەیەك بگرێ‌ و بگری گوتی: «دایە من تۆوم ناوێ‌ كسمیسم دەوێ‌.»
ئیتر خەریكبوو دڵم ڕاوەستێ‌. ئەگەر منداڵەكەم كەمێك خۆی ڕاگیر كردبا، ئەگەر كەمێك گریابا حەتمەن پەژیوان دەبوومەوە، بەڵام منداڵەكەم نەگریا. توڕەببووم، بێتاقەت ببووم، بەسەرمدا شیڕاند: «كشمیشیش هەیە، بڕۆ هەرچی دەتەوێ‌ بیكڕە. بڕۆئیدی!» لەجۆگای پەنا پیادە ڕۆیەكە بڵندم كردو لەسەر جادەی شەقامەكەم دانا، دەستم بەپشتیەوە ناو لەسەرخۆ پاڵم پێوەنا گوتم : «دەبڕۆ ئیدی دەنا درەنگ دەبێ.»
شەقامەكە چۆڵ بوو، لە ناوەڕاستی شەقامەكە تا ئەو سەری پاسێك، گالیسكەیەك دیار نەبوو، منداڵەكەم وەبەر بدا. منداڵەكەم دووسێ هەنگاو ڕۆیشت و گەڕایەوە و گوتی: «كسمیسی هەیە؟»
گوتم : «ئەرێ‌ گیانەكەم. بڵێ بایی دەشایی كشمیشم بدەیە.» ڕۆیشت.
منداڵەكەم گەیشتە ناوەڕاستی شەقامەكە، لەناكاو ماشێنێك هۆڕنی لێدا، لەترسان له‌رزم هاتێ. بێ ئەوەی بزانم چ دەكەم، غارمدایە ناوەڕاستی شەقامەكە، منداڵەكەم لەباوەش كردو بەغاردان هاتمەوە سەر پیادە ڕۆیەكە لەناو خەڵكدا خۆم پەنادا. ئارەق بە لەشمدا دەهاتەخوار و هەناسەم سوار ببوو، منداڵەكەم گوتی: «دایە سبووە؟» گوتم: «هیچ گیانەكەم، لەناوەڕاستی شەقام تیژ تێدەپەڕن و تۆش لەسەرەخۆ دەڕۆیشتی، زۆری نەمابوو بكەویە ژێر ماشێنەكە.»
كاتێك ئەوەم دەگوت زۆری نەمابوو لە پڕمەی گریان بدەم. منداڵەكەم هەروا كە لە ئامێزمدا بوو گوتی: «باشە دایە لە حەلزم دانێ‌، ئەوجال توند دەلۆم.» ڕەنگە ئەگەر منداڵەكەم ئەو قسەیەی نەگوتبا، لەبیرم چووبوو كە بۆ چ كارێك هاتووم، بەڵام ئەوقسەیە دووبارە منی وەئاگا هێنایەوە.
هێشتا فرمێسكی چاوەكانم نەسڕیبوونەوە، دووبارە كەوتمەوە بیری ئەوكارەی كە وەدوای كەوتبووم. بیری مێردەكەم كە لێم بەڕق داچووبوو. منداڵەكەم ماچ كرد. ئەوە دوا ماچ بوو لە كوڵمە كانیم كرد.
ماچم كرد و دووبارە لەسەر زەویم دانایەوە، بەگوێمدا چپاند: «خێرا بڕۆ گیانەكەم، دەنا ماشێن دێن.» هەمیسان شەقام چۆڵ بوو، ئەمجارە منداڵەكەم توندتر ڕۆیشت، هەنگاوە بچكۆلەكانی خێرا هەڵدێنان چەند جارێك ترسام كە نەكا هەنگاوەكانی تێك بئاڵێن و بكەوێ‌. كە گەیشتە ئەو بەری شەقامەكە ئاوڕی دایەوە و تەماشایەكی كردم. منیش دامێنی چارشێوەكەم لەبن هەنگڵم كۆكردبوونەوە خەریك بوو بڕۆم. هەركە منداڵەكەم بەرەو لای من وەرسوڕاو ئاوڕی دایەوە، لەشوێنی خۆم وشك بووم. ڕاستە نەمدەویست بزانێ‌ دەڕۆم، بەڵام بۆ ئەوە نەبوو كە لە شوێنی خۆم وشك ببووم و دەستەكانم هەروا لەبن باخەڵمدا مابوونەوە، ڕاست وەك ئەوكاتەی كە خەریكی پشكنینی گیرفانی مێردەكەم بووم-هەمان كۆنە مێردەكەم- كە مێردەكەم بەسەرمداهاتەوە، ڕاست وەك ئەوكاتی وشك هەڵاتم، دووبارە شەڵاڵی ئارەق بووم، سەرم بەردایەوە كاتێك بەهەزار زەحمەت سەرم بەرز كردەوە، منداڵەكەم ڕێكەوتبوو زۆری نەمابوو بگاتە لای تۆو كولەكە فرۆشەكە. كارەكەم تەواو ببوو، منداڵەكەم بەسەلامەتی گەیشتبووە ئەوبەری شەقامەكە، لەو كاتەدا بوو كە دەتگوت هەرگیز منداڵم نەبووە.
بۆ دواجار كەسەیری منداڵەكەم كرد، ڕاست وەك ئەوە وابوو كە تەماشای منداڵی خەڵكی دەكەم. وەك منداڵێكی تازە پێ هەڵگرتووی خوێن شیرنی خەڵك تەماشام دەكرد. ڕاست بەهەمانشێوە كە حەز لەسەیركردنی منداڵی خەڵك دەكەی، وام هەست دەكرد.
بەپەلە بەلای ئاپۆرای پیادە ڕۆیەكەدا سوڕامەوە، بەڵام یەكسەر ترسم ڕێنیشت. زۆری نەمابوو هەنگاوم شل بن و لە شوێنی خۆم بچەقم. ترسم لەوەی بوو مەبادا كەسێك هەستی پێكردبم، بەو هزرەوە مووی لەشم بوونە نەشتەر، هەنگاوم توندتر كرد. دوو كۆڵان خوارتر دەمویست بۆ كۆڵانە تەریكەكان لێهاڵێم و ڕابكەم. بەزەحمەت خۆم گەیاندبووە سەرەتای كۆڵانەكە، لە ناكاو تاكسییەك لەپشتمەوە، لەسەر شەقامەكە ئیستۆپی كرد. تەواوی لەشم وەك بی ناو ئاو لەرزی. پێموابوو پۆلیسی چوار ڕیانەكە تاقیبی كردووم و خۆی هاویشتۆتە ناو تاكسییەك و ئێستاش لەپشت سەرمەوە دابەزیووە، هەر ئێستا بازووم دەگرێ‌. نازانم چۆن ئاوڕم دایەوە و تەماشای دواوەم كرد وەكو بەنێك خاو بوومەوە. رێبوارەكانی تاكسییەكە پارەكانیان دابوو خەریك بوو ده‌ڕۆیشتن. هەناسەیەكی ئاسوودەم هەڵكێشا، بیرێكی ترم به‌خه‌یاڵداهات. بێ ئەوەی بزانم یان چاوم جێگایەك ببینێ سواری تاكسییەك بووم و دەرگاكەم توند پێوەدا، شۆفیرەكە پرتەو بۆڵەیەكی كرد و وەڕێكەوت. گۆشەیەكی چارشێوەكەم لە كەلێنی دەرگای تاكسیەكەوە چووبووەدەر. كاتێك تاكسی دوور كەوتەوەو دڵنیابووم، لەسەرەخۆ دەرگاكەم كردەوە، چارشێوەكەم لە كەلێنی دەرگاكە هێنا دەر و دەرگاكەم داخستەوە. پاڵم دایەوەو هەناسەیەكی ئاسوودەم هەڵكێشا.


سەرچاوە:
كتێبی (یادگاری خشكسالی های باغ) داستان –بچەمردم- انتشارات نیلوفر/1376

ھەواڵی زیاتر