لیبرالیزم له‌ دنیای ئێستادا

دانا شوانی

ده‌كرێ بڵێین لیبرالیزم (Liberalism) تا ئێستا ئایدۆلۆژیایەکی سەرکەوتوو بووە، چونکە لە سەدەکانی 17 و 18 و 19ی فیۆدالیزم و کەنیسە و شانشینی خۆسەپێنی به‌ره‌و پانتای مێژوو بردووه‌، و لە سەدەی بیستەمیشدا، مارکسیزم و فاشیزمی تێکشکاند. ڕۆژئاوای نوێ و جیهانی مۆدێرن بە گشتی وێنەیەکی لیبڕاڵی بەدەستهێناوە و ئەمەش دەرئەنجامی سەرکەوتنی لیبرالیزم بوو بەسەر ڕکابەرە ڕاستڕەو و چەپەکانیدا.
لیبرالیزم جەختێکی تایبەتی لەسەر تاکگەرایی، ئازادیخوازی، عەقڵانییەت، یەکسانیخوازی یاسایی و سیاسی، لێبوردەیی، ڕەزامەندی و دەستوور کردووەتەوە. هەروەها چەمکی “ماف” یەکێکە لە چەمکە بنەڕەتییەکانی لیبرالیزم. جەختکردنەوەی لیبرالیزم لەسەر ئازادی لە ڕاستیدا جەختکردنەوە بووە لەسەر “رزگاری”؛ ڕزگارکردنی تاكه‌كان لە هەژموونی ئەرستۆکراسی فیۆداڵی و دەسەڵاتی کەنیسەیی و ستەمی پاشا. ڕزگاری واتە نکۆڵیکردن لە بەربەستە دەرەکییەکان؛ ئەو ئاستەنگانەی کە ڕێگری لە گەشەسەندنی بەهرە و تواناکانی “تاكه‌كان” دەکەن.
لە بەرامبەر مارکسیزمدا، لیبرالیزم ئایدۆلۆژیایەکی ڕاستڕەوییە، چونکە بەرگری لە ئازادیی ئابووری و دەستێوەردان نەکردن یان کەمتر دەستوەردانی حکومەت لە ئابوورییدا دەکات، بەڵام لە بەرامبەر كۆنزه‌رڤاتیزم، ئایدۆلۆژیایه‌كی چەپه‌، چونکە بەرگری لە یەکسانی یاسایی و نکۆڵیکردن لە ئەرستۆکراسی و پێدراوه‌ بۆماوەییەکان دەکات. بۆیە چ لە ڕووی کات و لۆژیکەوە لیبرالیزم لە شوێنێکدا لە نێوان كۆنزه‌رڤاتیزم و مارکسیزمدا دادەنرێت. بەڵام لە ڕووی مێژووییەوە كۆنزه‌رڤاتیزم و مارکسیزمی تێکشکاندووە و بۆ پەراوێزی مێژووی مرۆڤایەتی دووری خستونه‌ته‌وه‌.
هەندێک لە بیرمەندان، لیبرالیزم بە سێ لایەنی ئابووری و سیاسی و ئیپیستمۆلۆژیا دەزانن. ئەم سێ لایەنەی لیبرالیزم هەوڵی لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم سەرمایە و مافە سیاسییەکانی مرۆڤ و گەشەی مەعریفەیان داوه‌. لیبرالیزمی ئابووری، ئازادی سەرمایە و سەرمایەدارەکانی دەویست و مەرجی ئەمەش لە قۆناغی سەرەتایی گەشەسەندنی لیبرالیزمدا، ڕزگارکردنی کۆمەڵگا بوو لە خراپەی ئەرستۆکراسی فیۆداڵی. لیبرالیزمی سیاسی، ویستی ڕەفتاری سیاسەتمەداران بە یاسایی بکات و لێپرسینەوەیان لەگەڵ خەڵک و بەشداری سیاسی خەڵک بکات لە دیاریکردنی چارەنووسیان و بۆ بەدیهێنانی ئەو داواکاریانەش پشتی بە مافە بێبەشنەکراوەکانی مرۆڤ و بێ دەستبەسەردانەبووەکان بەستبوو. مەرجی لیبرالیزمی سیاسی ڕەتکردنەوەی ستەمی سیاسی بوو کە بە شێوەیەکی سەرەکی لایەنێکی شاهانەی هەبوو. هەروەها لیبرالیزمی ئیپیستمۆلۆژی دژی ستەمی کڵێسا بوو و جەختی لە ئازادی و دۆگما و خورافات و بت و شتەله‌ بیرنەکراوەکان دەکردەوە. لیبرالیزمی ئیپیستمۆلۆژی دژی تاکە سەرچاوەی زانین بوو.
لەو سەردەمەدا، واتە لە سەدەی ١٦ و ١٧ بەدواوە، زانستی نوێ لەگەڵ کەنیسەدا ململانێی هەبوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی پەیوەندییەکی قووڵ لە نێوان زانست و لیبرالیزمدا سەرهەڵبدات. لیبرالیزمی ئابووری بەرگریکاری سەرمایەداری بوو و سەرمایەداریش ڕۆڵێکی تایبەتی هەبوو لە گەشەسەندنی زانستدا. واتە لیبرالیزم یارمەتی گەشەی سەرمایەداری دا بە پاڵنانی فیۆدالیزم لە گۆڕەپانی مێژوو و سەرمایەداریش یارمەتی گەشەی زانستی دا و لەگەڵ هاتنی زانستە نوێیەکان، ڕوونکردنەوە ئۆنتۆلۆژی و سروشتیگەراییەکانی ئایینی مەسیحی لاواز بوون و کەوتنە گومانەوە، و ئیتر کڵێسا تاکە سەرچاوە نییە لە جیهانی مۆدێرن، بە زانین دادەنرا و سەرچاوەیەکی باڵاتر نەبوو بەسەر سەرچاوەکانی تری زانین.
پێش سەرهەڵدانی لیبرالیزمی ئیپیستمۆلۆژی، دڵنیایی شتێکی سادە و ئاسان بوو، بەڵام فەیلەسوفە لیبراڵەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری بە باسە زانستییەکانیان پێوەری دڵنیایییان بەرزکردەوە و نیشانیان دا کە هەڵە لە تێگەیشتنی مرۆڤدا بەڕێکەوت نییە، بەڵکو سروشتییى و سیستماتیکییه‌. هەموو ئەمانه‌ دژی دەسەڵاتی کڵێسا بوون. لیبرالیزم بە گشتی ئایدۆلۆژیای چینی ناوەڕاستە. واتە نە دان بە ئیمتیازاتی ئەرستۆکراتی چینە باڵاکانی دونیای کۆن ده‌نێت و هاوڕا نییە لەگەڵ لەناوچوون یان سنووردارکردنی توندی ئازادی چالاکیی ئابووریی هاووڵاتیان بە ئامانجی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی بێ چینایەتی.
لیبرالیزم بوونی چین و توێژە جیاوازەکان لە کۆمەڵگادا بە شتێکی سروشتی و بەرهەمی جیاوازی بەهرەی تاکەکان دەزانێت، بەڵام هاوکات دان بە مافی “بزاوتی کۆمەڵایەتی”دا دەنێت و هیچ کەس و چینێک بە خاوەنی بۆماوەیی، یاسایی نازانێت و ئیمتیازاتی هەمیشەیی، و ماف و دەرفەتی یەکسان بنەمای گەیشتن بەو پێگەیەی کە بە یەکسانی دەزانرێت؛ هەرچەندە باوەڕی بە دروستکردنی دۆخێکی یەکسان بە شێوەیەکی دەستکرد نییە لە ڕێگەی دەستوەردانی کۆی حکومەتەوە لە ژیانی ئابووری هاووڵاتیان، بەڵام لیبرالیزمی مۆدێرن لە سەدەی بیستەمدا، بە بەراورد لەگەڵ لیبرالیزمی کلاسیکی سەدەی نۆزدە و هەژدە، تەسلیمی دەستکاریکردنی هەڵوێستی ئابووری و دەستێوەردانی حکومەت لە ژیانی ئابووریدا بوو، تا ئەو ڕادەیەی کە زیان بە ئازادییە سەرەتاییەکان ناگەیەنێت و یەکسانی زیاتریش دروست دەکات لە نێوان هاوڵاتیاندا. لەم ڕووەوە لیبرالیزمی مۆدێرن لە نێوان لیبرالیزمی کلاسیک و سۆشیالیزمی کلاسیکدا دانراوە. لیبرالیزمی کلاسیک بانگەشە بۆ کەمترین دەستێوەردانی حکومەت دەکات و سۆشیالیزمی کلاسیک بانگەشە بۆ زۆرترین دەستوەردانی حکومەت دەکات لە ژیانی ئابووریدا.
لیبرالیزمی مۆدێرن نە بەرگری لە دەستێوەردانی کەم و نە زۆرترین دەستێوەردان دەکات؛ بەڵکو بەپێی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری، شوێنێک لە نێوانیاندا هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی تا دەتوانێت لە هەمان کاتدا یەکسانی و ئازادی دابین بکات. بەم مانایە، ئازادی تەنها بە مانای ئازادی لە ئاستەنگە دەرەکییەکان نییە، بەڵکو مرۆڤ دەبێت توانای پەرەپێدانی خۆی و پەرەپێدانی بەهرەکانیشی هەبێت. ئەم توانایە پەیوەندی بە زیادبوونی توانای دارایی تاكه‌كانه‌وه‌ هەیە.
ئەم بۆچوونە کە لەلایەن فەیلەسوفە لیبراڵەکانی سەدەی بیستەمەوە پێشنیارکرابوو، بەتایبەتی جۆن ماینارد کینز، بەڵام بناغەکەی لەلایەن جۆن ستوارت میلەوە لە سەدەی نۆزدەهەمدا پێشنیارکرا، بوو بە بنەمای لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی یان سەرهەڵدانی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی لە کۆمەڵگا لیبراڵەکاندا؛ حکومەتێک کە کەم تا زۆر ئازادی سەرمایەدارە گەورەکانی سنووردار کرد ئه‌وه‌یش لە پێناو زیادکردنی ئازادییان بە پاراستنی مرۆڤ لە پێنج بەڵا کۆمەڵایەتییه‌كان (پێویستی، نەزانی، بێکاری، هەژاری، نەخۆشی) کە ژیانی تاک لەناو دەبەن.
لیبرالیزم جەخت لەسەر ئازادی دەکاتەوە. بنەمای ئەم ئازادیخوازییە، ئەنترۆپۆلۆژیای لیبرالیزمە. لیبراڵەکان مرۆڤیان لە بنەڕەتدا بە بیری باش و نیازپاکی و خاوەن ڕەوشتی باش دەزانی. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پێیانوابوو ئەگەر مرۆڤەکان ئازاد بن، بە سروشتی خۆیان بە یارمەتی عەقڵی دەستەجەمعی، ڕێگەیەکی باشتر هەڵدەبژێرن و پێویستیان بە زۆرەملێی ده‌وڵه‌ت و زۆرەملێی کەنیسە و ملکەچی ئایدۆلۆژیا و حکومەتە تۆتالیتارییەکان نابێت. بە بڕوای لیبراڵەکان ئەوانەی هەوڵی مرۆڤ سنووردار دەکەن، ڕەشبینن و ڕقیان لە مرۆڤە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش، کۆمەڵگەیەکی “داخراو” دروست دەکەن کە تێیدا “توندوتیژی” و “نالێبوردەیی” بەرامبەر بە هاووڵاتیان ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ بنه‌ماكانی.

ھەواڵی زیاتر