یادداشتەڕۆمان

حەمەسەعید حەسەن

گەلێک جیاوازی لە نێوان ڕۆمان و یادداشتەڕۆماندا هەن، ڕۆمان بە ئاسمانی خەیاڵدا لە شەققەی باڵ دەدات، بەڵام یادداشتەڕۆمان بە موو لە شاڕێی واقیع لا نادات. ڕۆمان سەرقاڵی سەرلەنوێ ڕۆنانەوەی دونیایە، بەڵام یادداشتەڕۆمان ئاوێنەیەکی ڕاستگۆیە، ڕووداوەکان وەک خۆیان نمایش دەکات. لە ڕۆماندا، نووسەر دەستکراوە و ئازادە، خۆی ڕووداوەکان دەخوڵقێنێت و وەک پێی پەسەندە پاش و پێشیان دەخات، بەڵام لە یادداشتەڕۆماندا، نووسەر دیلی دەستی ڕاستی و دروستی و ڕیزبەندیی ڕووداوەکانە و ڕاستگۆیانە و کرۆنۆلۆگیکاڵ دەیانگێڕێتەوە.

کە خەریکی گێڕانەوە بووین، پێویستمان بە ئەفراندنی زەمینەیەکی گشتیی گونجاو هەیە، ئاخر هەموو ڕووداوێک لە هەلومەرجێکی تایبەتیدا دەقەومێت و پێویستی بە شوێن و کاتی لەبار و کارەکتەری شیاو دەبێت. ڕیتمی گێڕانەوە، نە دەبێت هێندە خێرابێت کە پەلەی پێوە دیاربێت و خوێنەر تووشی هەناسەبڕكێ ببێت، نە دەبێت هێندە خاو بێت، وەک لە قوڕدا چەقیبێت و خوێنەر خەو بیبابتەوە. لە یادداشتەڕۆمانی (سێگۆشەی سنوور)ی (سەلام عەبدوڵڵا)دا، ململانێ لە نێوان پێشمەرگە و ڕژێمی بەعسدایە، نووسەر هەرچەندە تازەکی لە زیندانی ڕژێم هەڵاتووە و بەعس تاڵاوێکی زۆری بە گەروویدا کردووە، بەڵام لە سەرجەمی بەرهەمەکەیدا خاوەنی گوتارێکی کرژ نییە، نەک هەر قسەیەکی سووک بە دوژمن کە بە هەق فاشیست بوو، ناڵێت، بەڵکوو تەنانەت هانا بۆ گوتەیەکی زبریش نابات، هەر دەڵێیت فەرهەنگی نووسینی لە ڕق و لە وشەی ڕەق خاڵییە.

یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی یادداشتەڕۆمان، پێبەندبوونە بە نووسینەوەی ڕاستییەکانەوە، ئاخر نووسەر دەبێت بێلایەن بێت و مافی ئەوەی نییە، خەیاڵ تێکەڵ بە ڕووداو بکات، یان خۆی وەک قارەمان نیشان بدات و لە قازانجی خۆی بپەیڤێت. لە یادداشتەڕۆمانی (سێگۆشەی سنوور)دا، سەلام عەبدوڵڵا کە کارەکتەری سەرەکی و گێڕەرەوەی هەمووشتزانی کارەکەیە، ڕاستگۆیانە ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە و چی کردووە و چی دیتووە، ئەوانە دەڵێت. کە بۆسە بۆ کاروانێکی دوژمن دەنێنەوە و لەبری سەیارەی سەربازی، زرێپۆشیان لێ پەیدا دەبێت، چونکە چەکی سووکیان پێیە، بێ تەقە دەکشێنەوە. کە بە هەڵە ڕێیان دەکەوێتە گوندێکی دیوی ئێران و لە مزگەوتی دێدا ئابڵووقە دەدرێن، دوای هەندێک خۆگیڤکردنەوە، چەک دادەنێن. کە پێشمەرگە تازەکی پێوەندیی بە شۆڕشەوە دەکات و ئەزموونی پارتیزانیی نییە، تا ڕادێت ئەم هەڵە دەیداتە دەست ئەو هەڵە. هەرچەندە ساڵێک و چەند مانگێکە شۆڕش هەڵگیرساوەتەوە، جێپێی پێشمەرگە لاوازە، کەچی کە دەنگۆی گوتوبێژ بڵاو دەبێتەوە، بە خۆشی و بە گەرمییەوە پێشوازیی لێ دەکرێت. چی ڕووی داوە، نووسەر ڕاستگۆیانە ئەوە دەگێڕێتەوە، بەچاوپۆشین لەوەی خۆی خەونی بە چییەوە بینیووە.

جۆرجی زەیدان کە ڕۆمانی مێژوویی دەنووسی، پشتی بە دیرۆکی ئیسلام دەبەست، بەڵام ئەو ڕووپەلانەی مێژووی ئیسلامی بەسەر دەکردەوە کە تژیبوون لە ڕۆچوون و دواکەوتن و تێکشکان، نەک ئەو لاپەڕانەی بە گەش و پرشنگدار لە قەڵەم درابوون. سەلام عەبدوڵڵا چونکە باسی سێ چوار مانگێکی سەرەتای ساڵی دووەمی شۆڕشی نوێ دەکات و ئەو وەختەیش پێشمەرگە بێجگە لە گەڕان بۆ خۆناساندن، چالاکییەکی ئەوتۆی نەبووە، بۆیە زێدەڕۆیی نەکردووە، دەستپاکانە، بێ دەستتێوەردانی هونەری کە هەر دەبوو وا بکات، ئەو بەسەرهاتانەی گێڕاوەتەوە کە خۆی تێیاندا بەشداربووە.

ڕاستگۆییی هونەری لە یادداشتەڕۆماندا ئەوەیە، نووسەر بابەتییانە جیهانێکی ڕاستەقینە، ململانێ و ڕووداوی ڕیالیست، هەستی ڕاستی لە دڵەوە هەڵقوڵاو تۆمار دەکات و هەم دەوروبەرەکەی ژینگەیەکی ڕاستەقینەیە و هەم کارەکتەرەکانیشی هەموویان کەسانی ڕاستەقینەن. وەک چۆن ڕیکۆردەرێک، چی بڵێین، ئەوە تۆمار دەکات، یادداشتەڕۆمانیش هەمان مێتۆد، لەبەرچاو دەگرێت و چی ڕووی داوە، ئەوە دەنووسێتەوە. لە ڕۆماندا هەموو شتێک دەچێتەوە سەر خەیاڵ، بەڵام یادداشتەڕۆمان هەموو ڕەگەز و وردەکارییەکانی دەچنەوە سەر ژیانی ڕاستەقینە و نووسەرەکەی شایەتێکی هەقبێژە، چی گوزەراوە ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە.

یەکێک لە کارەکتەرەکانی یادداشتەڕۆمانەکە، ئەنوەری مەجید سوڵتانە کە لە شاخ یەکەمین بەرپرسی نووسەر (گێڕەرەوە) بووە، کە وەک ناڕاستەوخۆ باسی کردووە، لەو شەهیدەدا هەر چی خەسڵەتی فەرماندە هەیە، هەبووە. ئەو نە بارگرانی بووە بەسەر گوندنشینەکانەوە، نە کێشەی بۆ دروست کردوون، بەوەی بچێت نزیکی دێ، ڕێ لە سەرباز بگرێت. ئەو سەروەختی شەڕ، لە سەنگەری پێشەوەدا بووە، بۆ ئێشکگرتن کام کات سەخت بووە، ئەو وەختەی بۆ خۆی داناوە، لە ڕێوباندا، لە پێش هەمووانەوە ڕۆییشتووە، بەڵام بۆ قوتاربوون لە مەترسی، هاوڕێیەکانی پێش خۆی خستووە.

لە ڕۆماندا، دووبارەکردنەوە ئەگەر بە هۆشیارییەوە بێت و بۆ مەبەستێکی دیاریکراوبێت، یەکێکە لە پێویستییەکانی کارە هونەرییەکە. لای یەشار کەمال کە ئافرەتێکی بەستەزمان ئەتک دەکرێت و بە نیازی پۆخڵ، چەندان جار بەسەرهاتەکەی پێ دەگێڕنەوە، ئەوە پەردە هەڵماڵینە لەسەر ڕووی دزێوی بیرۆکراتیزم و ڕیسواکردنی بەراوەژوو وەرگرتنی سوودە لە پلە و پۆست. لە (سێگۆشەی سنوور)دا ئەوەی کە زوو زوو باس لە برسییەتی پێشمەرگە و شەکەتبوونی بە دەست هەورازی کووڕەوە دەکرێت، ئەوەی زوو زوو باسی شەڕی تاقەتپڕووکێن لەگەڵ سرووشتی سەختدا، بە تایبەتی سەروەختی بەفر و کڕێوە، سەر هەڵدەداتەوە، کەم و زۆر بە زیانی درامای کارەکە شکاوەتەوە، ئاخر ڕیتمی ڕۆمانەکەی خاو کردووەتەوە.

(بە ڕاستی هیلاک و شەکەت و ماندوو بووم.) وەک چۆن خشتێک لە دیوارێک دەربهێنین، پێوەی دیارە، هەر وایش دەبێت، ئەگەر وشەیەکمان لە ڕۆمانێک دەرهێنا پێوەی دیار بێت. دەشێت ئەم گوتەیە، بۆ (بەدگۆڕان)ی کافکا و (پیرەمێرد و زەریا)ی هەمەنگوای و (نامۆ)ی کامۆ ڕاست بێت، بەڵام ئاخۆ کورد نووسەری وا شک دەبات، یەک وشەی زیادە لە ڕۆمانیدا نەبێت؟ کە بە کوردی دەنووسین، ئەوە کوفر نییە، هانا بۆ وشەی عەرەبی ببەین، بەڵام تەنیا کاتێک کە چاری دیکەمان نەبێت. کە دەنووسین، ڕەنگە هەم لە دەربڕیندا بەخت یاوەرمان نەبێت، هەم مانای وشەیەک بە دروستی نەزانین و بە هەڵە بیخەینە ڕستەوە، ئەوە بۆیە وەشانخانە پێویستی بە زمانزان هەیە، تا پێش بڵاوکردنەوە، بە زمانی کتێبدا بچێتەوە.

جیمس جۆیس گوتوویەتی: (خۆم چۆنم، هەر وایش خۆم پیشان دەدەم،) سەلام عەبدوڵلایش هێندە ڕاستگۆیانە دەنووسێت، خودی خۆی لە نووسینیدا بە ئاسانی دەناسینەوە. ئەو ڕوون دەنووسێت، بەڵام باسی خەمێکی قووڵ دەکات و یەکێکە لەوانەی ئەگەر نووسینی شک نەبردبا هەستی بە ئازادی نەدەکرد. لایەنێکی گەشی نووسینی ئەوەیە، خوێنەر چێژی لێ دەبینێت، ئاخر بە دەم گێڕانەوەی مێژووی ڕاستەقینەی بەرخودانەوە، بە دونیایەکی ئەفسووناوی ئاشنامان دەکات و پێمان دەڵێت: زۆر جار ڕووداو لە فانتازیا سەرسووڕهێنترە.
*
(*) سەلام عەبدوڵڵا، سێگۆشەی سنوور، خانەی موکریانی ٢٠١٥ هەولێر.

ھەواڵی زیاتر