دەروێشەكانی مەسعود بارزانی لە جیبۆتی

مەشخەڵ كەوڵۆسی

لەو چركەیەدا كە مرۆڤ واهەست دەكات دەنگی بە هیچ لایەك ناگات و، داگیركەران هەموو دەرگاكان دادەخەن. چركەیەكی سیحراوییە و بێ ئەوەی بە خۆت بزانیت ملیۆنان مرۆڤی ئازادیخوازی جیهان، چاویان لەسەر تۆیە، لە تۆوە جوانترین نیگا وەردەگرن.
لێرە چەندین ڕۆشنبیرو ڕۆژنامەنوسم بینی، ئەوانیش وەكو كورد خاوەنی كێشەی قوڵی نەتەوەیین. ئەوانیش دابەشكراون و شكۆی نەتەوەییان كراوە بە قوربانی بەرمیلێك نەوت!!.
شاكر گوتی: من مامم مرد، بۆ ئەوەی بتوانم بەشداری لە پرسەكەی بكەم، پێویست بوو ڤیزا وەربگرم و بچمە تەنزانیا. بە كورتی ماڵ لە ساحێب ماڵ حەرامە.
ئەو كە پۆستێكی باڵای لە حكومەتی جیبۆتی و وەزارەتی ڕۆشنبیری ئەو وڵاتە هەیە، بە حەسرەتەوە گوتی: كێشەی ئێمەش وەكو كێشەی كوردە، بە پۆست و پلە و پایە بۆ كەسێك چارەسەر نابێت، بەڵكو پێویستە مافی دەوڵەت بۆ نەتەوەی عەفەر بگەڕێتەوە.
لەولاوە (مەهد) گوتی: ڕاستە ئێمە پلە و پۆستمان هەیە، بەڵام خۆ كێشەی نەتەوەكەم بە پۆستێكی من چارەسەر نابێت. تاكە چارەسەر ئەوەیە مافی دامەزراندنی دەوڵەت بۆ ئێمە بگەڕێتەوە.
ئێمە چەندین جار پێكەوە دانیشتین و، بەردەوامیشین لە دانیشتن.
سەرجەم هاوڕێكانمان زانیاری زۆر باشیان لەسەر كوردستان هەیە. بەتایبەتی زۆر سەرسامن بە پرۆسەی ڕیفراندۆم.
شاكر كە سەرپەرشتاری گروپەكەیە دەڵێت: ئێمە بەردەوام چاودێری پرۆسەی ڕیفرندۆممان دەكرد. كۆدەبوینەوەو بە كۆمەڵ گوێمان بۆ وتارەكانی مەسعود بارزانی دەگرت…
هەروەها دەڵێت: ئەو هەڵوێستانەی نیگابەخشی ئێمە بوون و، خوێنی ئازادی لە دەمارەكانمان دەجوڵاند، بە تایبەتی كاتێ گوتی: هەموو دنیا دژمان بێت، ئێمە بڕیاری گەل جێبەجێ دەكەین و ڕیفراندۆم دەكەین. ئەو هەڵوێستانە كوردیان بەتەواوی بە ئێمە ناساند.
هاوڕێكانمان هیوادارن پەیوەندی كورد و عەفەر زیاتر ببێت، هیوادارن ڕۆژێك لە ڕۆژان بە دیداری مەسعود بارزانی شادببن.
گوتم: ئێوە دەروێشەكانی مەسعود بارزانین لە جیبۆتی.. نوێنەری گەلێكی ژێردەستەن ئێمەش هیوادارین ڕۆژێك بێت سەردانی كوردستان بكەن و، چاوتان بە دیداری پیری تەریقەتی ڕیفراندۆم گەش بێتەوە.

ھەواڵی زیاتر