ماددەی هۆشبەر و کاریگەرییە خراپەکانی

نیان ئەحمەد

ماددەی هۆشبەر پێنچ هەزار ساڵ پێش ئێستا لەلایەن سۆمەریەکان بەکار هاتووە بۆ چارەسەری نەخۆشی، واتا ئەم خاکەی کە پێی ئەوترێت عێراق یەکەم شوێنی چاندنی ئەفوین هۆشبەر بووە، پاشان بە پێی قۆناغەکانی ژیان و پەیوەندیە سەربازی و بازرگانیەکان ئاڵۆگۆڕی کەلتوری لەگەڵ میللەتانی ناوچەکە چاندنی خاش خاش پەڕیوەتەوە بۆ وڵات و کۆمەڵگەکانی تر، وڵاتانی وەک (کۆلۆمبیا، تایلەند، ئەفغاستان، میانمار، بلقان و بۆسنا، خیبەر) چەند وڵاتێکی تر … ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵیەکان بازرگانی پێوە دەکرێت دەنێردرێتە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لەڕێگەی ترانزێتی چەند وڵاتێک، بەتەواوی وڵاتانی ڕۆژئاوای هەراسان کردووە و کۆنترۆڵیان پێ ناکرێت و کاریگەری هەیە لەسەر لایەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆشنبیری و سەربازی …تد، کۆمەڵگا دەکاتە کۆمەڵگایەکی تەمبەڵ و نەخۆش و بێبەرهەم، ئەم تیرۆرە سپییە بووە بە کێشەیەکی نێودەوڵەتی، کۆمەڵگای لەیەک ترازاندووە، کۆمەڵگای کوردیش بەدەر نییە لەم تیرۆرە سپییە و حاڵەتەکان زۆر و مەترسیدارن، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر زوو هەستی بەم مەترسیە گەورەیە کردووە. یاسایەکی تایبەت بە ماددەی هۆشبەر کارتێکەرە عەقڵیەکان ژمارە (1) ساڵی (2020) دەرکرد بۆ سزادانی ئەو کەسانەی بازرگانی پێوە دەکەن یاخود بەکارهێنەرن، بەپێی ماددەکان سزاکان دیاری کراوە، پاشان حکوومەتی هەرێم دوو لیژنەی تایبەتی دروستکرد بە نوێنەرایەتی چەند وەزارەتێکی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوە و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە مەترسی ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵیەکان، کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی پاک بووە و هەر بە کلتوور بە شتێکی عەیبەیان زانیوە هەرکەسێ ماددەی هۆشبەر بەکار بهێنێت و ئەو کەسەیان بە کەسێکی کەم و شەرمەزار هێنەر تەماشا کردووە، بەداخەوە گەنجەکانمان بە هۆی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و بێکاری و هەژاری کێشەی کۆمەڵایەتی و هاوڕێ و کێشەی ئابووری و نزمی ئاستی هۆشیاری خێزانەکانیان بە تایبەتی دایک و باوک و بە بێئاگایی کەوتوونەتەنە ناو داوی تیرۆری سپی، بەداخەوە کوردستان کەوتووەتە حاڵەتێکی مەترسیدار بەهۆی واڵایی سنورەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و بەرهەمێنەر و زۆر بەخراپی لەم تیرۆرە سپییە تێوەگلاوە، هۆشیاری تاک بۆ خێزان زۆر گرنگە کە منداڵ و گەنجەکانیان هۆشیار بکەنەوە لە مەترسی ماددەی هۆشبەر کە چەندین دەرەنجامی خراپی بەدوادا دێت، وەک نەخۆشی دەرونی و بێ هێزکردی ماسولکەکان و گۆشەگیری نەخۆشی دڵ و لاوازبوونی هەستە وروژێنەرەکان، نەخۆشی شەکرە و بیرچوونەوە و شێرپەنجەی سییەکان بچووک بوونەوەی مێشکۆکە زۆر نەخۆشی تری بەدوادێت، لێرە وەک ئامۆژگاریەک بۆ دایک و باوکان تکایە ئاگاداری منداڵەکانیان بن بەتایبەتی سۆشیال میدیا ژووری جیا و تایبەت، لێپرسینەوە لە هاتوچونیان، لێپرسینەوا لە ناسینی هاوڕێکانیان، چاودێری کردنیان بۆ کافتریا و درەنگ هاتنەوەیان، پێویستە هەر دایک و باوکێک کە هەستیان کرد منداڵەکانیان هەڵسوکەوتیان نامۆیە بە زووترین کات لایەنی پەیوەندیداری لێ ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی نەگاتە حاڵەتێک لە کۆنترۆڵ کردن و چارەسەری ئەستەم بێت، لەبەر ئەوەی کاریگەری نەرێنی ئەوەندە خراپی هەیە بە ئەندازەیەک کە هەڵوەشاندنەوەی خێزان و کۆمەڵگای بەدوادێت، ڕێژەی تاوان و دزی کردن و کێشەی کۆمەڵایەتی و بەدڕەوشتی تا دەگاتە هەڕەشە بۆ سەر چواردەوریان.

ھەواڵی زیاتر