مانای ئینتیمای من بۆ ئیسلام چییە؟

عومەر چنگیانی

هەردەم وەبیرهێنانەوە سوودگەیێنە، بۆیە لە بۆردی باڵای ئامادەکردنی گوتاری هەینی، بە ئەرکمان زانی هەفتەی ڕأبردوو ئەوە بێنینەوە یادی نوێژخوێنە بەڕێزەکانمان کە داخۆ (مانای ئینتیمای من بۆ ئیسلام چییە؟) و سەرەتا بە ئایەتی بیست و یەکی سورەتی (ئەلئەحزاب) دەستمان پێکرد، کە خودای گەورە دەفەرمێ: (بەڕاستی پێشەنگ و مامۆستایەتی جوان و باشتان لەڕێگای پەیامگەیێنەکەی خواوە دەست دەکەوێت بۆکەسانێک کە خوازیاری هیوای بەخوا هەیە و ئەو لەخۆ ڕازیکردن مەبەستە لای و خوازیاری دەستە بەربوونی باشی ڕۆژی سەڵایە).
خودای گەورە محەممەد پێغەمبەری ناردوە – دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت – تاوەکو ببێتە مامۆستای مرۆڤایەتی و کانیاوی ڕەحمەت و خێر بۆ ئوممەتەکەی هەتا ڕۆژی قیامەت، ئێمەیش وەکو ئوممەتی ئەم پێغەمبەرە – صلی اللە علیە وسلم – ئەبێ سەرچاوەی خێر و بەرەکەتبێ بۆ خۆیی و دەوروبەری و تەواوی کۆمەڵگا، چونکە دێنەکەی ئێمە ڕەحمەتە و پێغەمبەرمان – صلی اللە علیە وسلم – ڕحمەتە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی و مەخلوقاتی سەرزەمین، کەواتە ئینتیمامان بۆ ئەم دینە پیرۆزە وامان لێدەکات کە هەریەکێکمان مرۆڤێکی ڕاستەقینەی خودان ئیمانێکی تۆکمە بە خزمەتکردنی تەواوی بەشەریەت، چونکە ئەمە مانای ئینتمابوونمانە بۆ ئەم دینە لەهەر شوێنێبین خشتی بنیاتنەرین و ڕاگری شکۆی ئینسانەکانین لە هەموو کاتێ، ئەمەش پابەندبوون بە خوڕەوشتە بەرزەکانی ئیسلام . مسوڵمان دەبێ شانازی بکا بەم ئیسلامە لەبەر چەند هۆکارێک لەوانە، ئیسلام کۆتا پەیامی ئاسمانیە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی، شەریعەتی ئیسلام تەواوی شەریعەتەکانی دیکەی نەسخ کردۆتەوە، بۆ تەواوی مرۆڤایتی هاتووە بێ جیاوازی، ئەم ئیسلامە بۆ خۆشبەختی دنیا و قیامەتی مرۆڤەکان هاتووە.
واتای ئینتیما بۆ ئیسلام : ئیسلام نیعمەت و بەخششێکی مەزنی خودای گەورەیە و خەڵکی لەتاریکی دەردەهێنی زۆ ڕووناکی، خەڵکی سەردەمی پێش ئیسلام شانازییان بە باوک و باپیر و باپیریانەوە دەکرد و شوێن ئارەزووەکانیان دەکەوتن، دوور لەو مەبدەئە مرۆییە مەزنانەی کە شەریعەتی مەزنی ئیسلام هێنابوونی . ئەوان هۆنراوەیان ڕێکخست دەربارەی شانازی بە باوک و باپیران لە داگیرکردنی هۆزەکان، هەروەها هۆنراوە دەربارەی جوانی ژنان و، چەندین کاری تری لەو شێوەیەی سەردەمی جاهیلی .
واجبی ئێمە وەکو مسوڵمان :
ئەرکی مسوڵمانێک بەرامبەر ئەم ئایینە ئەوەیە کە ئینتمایەکی تەواو ڕاستەقینەی بۆ ئەم ئایینە هەبێت، فەرمانەکانی جێبەجێ بکات و دوورکەوێتەوە لە قەدەغەکراوەکانی، ئەوە بەس نییە بۆ کەسێک کە بڵێت من مسوڵمانم تەنها بەبێ جێبەجێکردنی ڕێنمایەکانی ئەم ئیسلامە، ئاستەمە ئایەتێک لە قورئاندا دەربارەی بوونی ئیمان بدۆزیتەوە ئیللا پەیوەست کراوە بە کردارەوە، واتە ئیمان ئەوەیە کە لەدڵدا جێگیربێ و لەکرداریشدا ڕەنگبداتەوە .
پێویستە مرۆڤی مسوڵمان ئەم ئیسلامە جێبەجێبکا وەکو عەقیدە و هەڵس و کەوت و مەنهەجی تەواوی ژیان، خودای گەورە وەسفی ئەو دەشتەکیانە دەکا کە بانگەشەی ئیمانیان دەکرد و لەڕاستیدا لە ئاکاریاندا ڕەنگی نەدەدایەوە.هەربۆیە دەبێ مسوڵمان ئەم ئیسلامەی بەجۆرێک خۆشبوێ دڵ و گیان و تەواوی هەڵسوکەوتەکانی داگیرکردبێ، خۆشەویستیت بۆ ئەم ئیسلامە وا دەکات ئینتمایەکی ڕاستەقینەت هەبێ نەک ئینتیمایەکی درۆیینە، ئەو خۆشەویستیەی کە وا بکات هەستی بە جێبەجێکردنی واجبەکانت بەرامبەر بەم ئیسلامە، خۆشەویستی واتە گوێڕایەڵی و ملکەچبوون، بۆ خودای گەورە.

ھەواڵی زیاتر