هەزار درهەمی بدەنێ

حەمەسەعید حەسەن

ڕەفیق سابیر دەنووسێت: “گەلی عێراق شانازییەکی گەورەی پێ بڕا، کاتێک کەسایەتییەکی گەورەی ئازادیخواز و مۆدێرنی وەک مام جەلال دەبێت بە سەرۆکی کۆماریان. جەنابی مام جەلال وەک ماندێللا، دەتوانێت مانا و ناوەڕۆکێکی نوێ بە پۆستی سەرکۆمار بدات و وەک سیاسەتمەدارێکی ڕووناکبیر و بەئەزموون، کە هەموو ژیانی خۆی بۆ خەبات دژی ستەم و بۆ ئازادیی گەلەکەی تەرخان کردووە، دەتوانێت کۆمەڵی عێراقی بە کولتووری سیاسیی نوێ ئاشنا بکات.”(١)

ئایا ئەو قسانە لە ئاخاوتنی نووسەرێکی ئەکادیمیک دەچن یان لە هی کەسێکی ماستاوچی؟ مام جەلال لە بەهاری (١٩٦٦)ەوە، تا ئاداری ١٩٧٠ شانبەشانی لەشکری عێراق، کوردی دەکوشت و کوردستانی کاول دەکرد. لە ڕوانگەی مەسعوود بارزانییەوە، “جاشە کۆنەکان لەچاو جاشی شەست و شەشدا، لە فریشتە دەچوون.”(٢) لە شۆڕشی نوێشدا، هەر لە کۆتاییی (١٩٧٦)ەوە، تا کۆتاییی ١٩٨٦ خەریکی شەڕی نێوخۆ بووە و تا گولـلەیەکی بە داگیرکارەوە ناوە، لای کەم دووی بە کوردەوە ناوە. لە بەهاری (١٩٩٤)یشەوە تا پاییزی ١٩٩٨ دیسان هەر سەرقاڵی، قەلاچۆکردنی کورد بووە و تەنانەت بۆ قڕکردنی کورد، جاڕی (نەفیر عام)یشی داوە. کەواتە تالەبانی هەژدە سالی تەمەنی بۆ کوشتنی کورد تەرخان کردووە. ڕەفیق سابیر پێشتر و هەنووکەیش هەر لەدووی قازانجی خۆی وێڵ بووە و وێڵە، نە کۆمۆنیست بووە، نە کوردستانی و نە سەربەخۆییخواز، ئەگەرنا ئەوەی لە بیر نەدەچووەوە کە جەنابی مام جەلال، لە سەرەتای ئایاری ١٩٨٣دا، قڕی خستە شیوعییەکانەوە، ئەگەرنا گۆرانیی بۆ باڵای کۆماری عێراقێک نەدەچڕی کە باشووری کوردستانی داگیر و ئەنفال کردووە.

شۆڕشی ئەیلوول بۆیە تووشی نسکۆ هات، چونکە وابەستەی ئێران بوو، ئەگەرنا دوای ڕێککەوتنامەی جەزائیری نێوان ئێران و عێراقیش هەر درێژەی دەبوو. کورد دەرس لە ئەزموونی خۆیەوە فێر نابێت، ئەگەرنا چارەنووسی شۆڕشی تازەیشی بە ئێرانەوە نەدەبەستەوە. پێوەندیی یان ڕاستتر وابەستەییی کورد بە ئێرانەوە، لە شۆڕشی ئەیلوولدا، هەرەس و لە شۆڕشی نوێشدا، ئەنفال و بای مەرگی لێ کەوتەوە.

تاڵەبانی بۆ ئەوەی بەعس ناچاری سازش بکات، پاسداری گەیاندە بیرەنەوتەکانی کەرکووک، بەعس بە ئەنفال وەڵامی ئەو دۆستایەتییە قووڵەی نێوان پاسدار و هەڵۆی سووری دایەوە. تاڵەبانی بۆ ئەوەی گوشار لەسەر دۆڵی جافەتی کەم بکاتەوە، ئێرانی هێنایە هەڵەبجەوە، عێراق بە کیمیاباران، وەڵامی ئەو پێوەندییە پتەوەی نێوان کورد و ئێرانی دایەوە. تاڵەبانی ئەگەر سەرقاڵی شەڕی نێوخۆ نەبووبێت، کوردی دووچاری ئەنفال و کیمیاباران کردووە، کەچی ڕەفیق سابیر لەپێناوی دەستکەوتی خۆیدا دەنووسێت: “جەنابی مام جەلال هەموو ژیانی خۆی، بۆ خەبات دژی ستەم و بۆ ئازادیی گەلەکەی تەرخان کردووە.”

لەکن تاڵەبانی، بەرژەوەندیی حیزب لەسەروو قازانجی باڵای کوردەوەیە، ئەوە نەبوو هەڵەبجەی کردە قوربانی دۆڵی جافەتی، چونکە سەرکردایەتیی حیزبی لێبوو! ئەوە نەبوو بۆ پاراستنی گیانی چەکدارانی حیزب، نەیهێشت خەڵکی هەلەبجە، پێش ئەوەی بای مەرگ هەڵبکات، شارەکەیان بەجێ بهێڵن! ئایا تاڵەبانی بە مەبەستی خەبات دژی ستەم و بۆ ئازادیی گەلەکەی، چوار ساڵ لە هەواری بەکرەجۆ بارگە و بنەی خستبوو؟ تاڵەبانی ئەگەر قۆناغێک لە ژیانی خۆی شک ببات، شیاوی پێداهەڵگوتن بێت، ئەو پێنج ساڵەیە کە دەکەوێتە نێوان بەیاننامەی ئادار و نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولەوە، ئاخر لەو قۆناغەدا، چونکە هیچی بەدەست نەبوو، هیچ زیانێکیشی بە کورد نەگەیاند.

١٥ی ٤ی ٢٠٠٥

(١) ڕەفیق سابیر، سەرۆک کۆماری ئازادی، کوردستانی نوێ، ژ: ٣٦٤١ ل ٨ ڕۆژی ١ی ٤ی ٢٠٠٥ سلێمانی.
(٢) مسعود البارزانی، البارزانی والحرکة التحرریة الکردیة، المجلد الثالث، الجزء الأول.

ھەواڵی زیاتر