ڕۆمان وەها نانووسرێت !

سەدیق سەعید ڕواندزی

بێگومان هیچ كردەیەك وەكوو نووسین، تایبەتی و خودی و كەسی و ئاڵۆز نییە. بەومانایەی لە هەر بوارێكی ئەدەبی و زانستی و هونەری بێت، نووسین جۆرێك لە تایبەتمەندی كەسی تێدایە و پیشەیەك نییە تا هەموو خەڵكی بیكات و فێری ببێت. نووسین بە گشتی، وەك ئەلف و بێ و پڕۆگرامەكانی خوێندن نییە، تاكوو لە ڕێی وانە گوتنەوە و خول و وۆركشۆپ، خەڵكی فێر بكەین. ئەوانەی وەها دەڕواننە نووسین، بە دڵنیاییەوە هێشتا لە نووسین نەگەیشتوون و وەك هەركارێكی دیكەی سادەی ژیان، بێ بەهایانە دەیبینن. ئەگەر نووسین بە خول و كتێب و فێركردن بووایە، دەبوو ئێستا لە سەدان هەزار قوتابی زانكۆ، بە هەزارانیان ڕۆماننووس و چیڕۆكنووس و شاعیر و ڕەخنەگر بوونایە، بەڵام ئێمە چەند هەژار موكریانی و هێمن موكریانی، حوسێن عارف و شێركۆ بێكەسمان هەیە؟ بەداخەوە كەسانێك وەها دەڕواننە نووسین، بۆیە دنیای نووسینی ئێمە، پڕ بووە لە تێكست و كتێبی بازاڕیی ئاست نزم و نابابەتی و نامەعریفی. هەڵبەتە، لە نێو ژانڕەكانی نووسیندا، لە دوای ڕەخنە و لێكۆڵینەوەی ئەدەبی، ڕۆمان قورسترین و ئاڵۆزترینییانە. ڕۆمان، وەك ئینسكلۆپیدیا وایە و دەبێ ڕۆماننووس، شارەزایی لە هەموو بوارێكەوە هەبێت، تا بتوانێت ڕۆمانێكی سەركەوتوو بنووسێت. ڕۆماننووسین هونەرە، بە كتێب و خوولی فێركاریی، فێری خەڵكی ناكرێت و ئەوانەشی وەها تێگەیشتوون، بێگومان هێشتا ماویانە، لە بەهاو گرنگی ڕۆمان بە گشتی بگەن. ئەگەر لە ڕێگەی كڵێشەسازییەوە، خەڵكی فێری ڕۆماننووسین بكرێت، ئەوا ئێستا نیوەی دنیا ڕۆماننووس دەبوو، بەڵام ئایا ئەمە وایە؟ كتێبی (چۆن ڕۆمان دەنووسرێ ) (1) كە ( گۆران سەباح) نووسیویەتی، گوایا كڵێشەیەكە بۆ ئەوەی خەڵكی پێ فێری ڕۆماننووسی بكات و وەك واعیزێك، وەعز دەدات و زۆر بە سادەیی و ئاسانییەوە، بڕوای وایە ڕۆماننووسین هیچ نییە و دەشێ هەموو كەس ببێتە تۆڵستۆی و دیستۆفسكی. لە هەمووشی سەیرتر دەڵێت قسەكانم وەك گوارە لە گوێت بكە. واتا هەر لە سەرەتادا، بوارێكی بۆ سەرنج و ڕەخنەیەك لە كتێبەكە نەهێشتۆتەوە و ئەوەی دەیڵێت، گەر پەیڕەوی بكەین بە دڵناییەوە دەبینە ڕۆماننوس، وەك ئەوەی ڕۆماننووسین پیشەی فیتەری، یان ئاسنگەریی و نانەوایی بێت. نووسەر لە دەسپێكی كتێبەكەیدا، چەند ڕێنمایەك دەنووسێت و دەڵێت:( خوێندنەوە گرنگە بۆ ڕۆماننووس بەڵام هێندەش نا، دەتوانیت بگەڕێیت و زانیاریی پەیدا بكەیت و ڕۆمانی خۆت بنووسی) بەردەوام دەبێت و ئەمجارەیان دەڵێت:( خوێندنەوە گرنگە بەس هێندەش نا) هەروەها( با ساڵانە ڕۆمانی : هەبێت و بڵاویبكەوە) . پێ دەچێ ئەم نووسەرە، ڕۆمان بە ئینسكلۆپیدیا تێ گەیشتبێت! بۆیە بڕوای وایە بە زانیاریی كۆكردنەوە و گەڕان، دەتوانین ڕۆمان بنووسین. لە ڕاستیدا كارەساتە نووسەرێك، كتێب بۆ چۆنییەتی فێربوونی ژانڕێكی گرنگی وەك ڕۆمان بۆ خەڵكی بە خەیاڵی خۆی بنووسێت، كەچی بەوپەڕی بێ بەهاییەوە بڕوانێتە خوێندنەوە، لە كاتێكدا نووسین بەرمەبنای ئەزموون و شەونخونییەكی دوور و درێژە لەگەڵ كتێب و خوێنەوە. بە بێ خوێنەوە، نە نووسین، نە نووسەری داهێنەر بوونی نییە. ئەوانەی بڕوایان وایە دەشێ بە بێ خوێنەوە ببینە نووسەر، ئەوانەن كە نووسین وەك نانەوایی دەبینن. ناشێ نووسەرێك بانگەشەی ئەوە بكات، قسەكانی لە گوێ بكرێن، كەچی لەو سەرەوە باس لەوە بكات خوێندنەوە زۆر گرنگ نییە كەمێكی بەسە. بە بێ خوێندنەوە، نە زمان، نە هزر و دنیابینی نووسین، فۆرمۆلە نابن وبە پێچەوانەوە خوێندنەوە بۆ هەموو كەسێك و بە تایبەتیش ڕۆماننووس گرنگە. لەوە سەیرتریش ئەوەیە دەڵێت ئاساییە ڕۆماننووسانی وەك دیستۆفسكی و تۆلستۆییت هەر نەخوێنبێتەوە. هەڵبەتە ئاساییە ئەو ڕۆماننووسە جیهانیانەت نەخوێنبێتەوە، بەڵام ئەوەی سەیرە و ئاسایی نییە ئەوەیە، بمانەوێت كەسێك بكەینە ڕۆماننووس، كەچی ئامۆژگاری ئەوەی بكەین كە نەخوێنێتەوە. لە بەشێكی دیكەی كتێبەكەیدا، نووسەر چەندین خاسیەتی كۆمەڵایەتی كەسایەتیـیەكان، وەك یەكێك لە توخمە سەرەكییەكانی ڕۆمان باس دەكات و چەندج بنەمایەك بە نموونە دەهێنێتەوە، كە پێویستە لە كەسییەتی نێو ڕۆمانەكان هەبن وەك:( ئەرك، ناو، خێزان و هاوڕێ، كێشە و گرفتی ژیان، خوو تەبیعەت، ترس) بەو مانایەی كارەكتەرەكانی ڕۆمان، وەك مرۆڤێك نابێ بەدەر بكرێ لەو ڕەهەندە دەروونی و هزریی و پەروەردەیانەی لە واقیعدا لە مرۆڤدا هەن، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئەگەر كارەكتەرەكانی ڕۆمانێك مرۆڤ نەبوون ( وەك كێڵگەی ئاژەڵان) ئایا ئەو ڕێسایانەی نووسەر باسیكردوون دەیانگرێتەوە؟ ئەوانیش دەبێ ئەرك و خێزان و هاوڕێیان هەبێت و بشترسێن؟ بێگومان لە قالبدانی كارەكتەری ڕۆمان، تەنها لە تووخمی مرۆڤدا و گشتاندن و جێگیركردنی وەك یەكێك لە مەرج و بنەماكانی ڕۆماننووسین هەڵەیە، چونكە مەرج نییە كارەكتەری ڕۆمان تەنها مرۆڤ بێت، بەڵكوو دەشی گیاندارێك بێت، بۆیە دە بێ ئەو سەربەستییە بە ڕۆماننووس بدرێت و نابێ كەسانێك بڕوایان وابێت، خەڵكی فێری ڕۆماننووسین دەكەن، كەچی بەو مەرج و تێگەیشتنانەی خۆیان دەیانەوێت. ئێمە وەها لە ڕۆمان گەیشتووین، بۆیە سەدان قەلەم بەدەست، لە ئێستادا وەك شیعر خوویان داوەتە ئەو ژانڕە گرنگ و مرۆیی و پڕ بەهایە و خۆیان بە تەنافی ڕۆماننووسین هەڵواسیوە، كە لە ڕاستیدا هیچ لە ڕۆمان نازانن. دواجار دەڵێم كەسێك ڕۆمان بە گوێرەكە بزانێت، چۆن ڕێگە بە خۆی دەدات كتێب بۆ چۆنییەتی فێربوونی نووسینی ڕۆمان بنووسێت؟! ئاخر گۆران سەباح، لە وتارێكیدا بە دڵشاد كاوانی دەڵێت:( كلك و گوێی ڕۆمانت بڕیوە) (2) وەك ئەوەی كاوانی قەساب بێت و ڕۆمانیش گوێرەكە ! ئایا ئەمە زمانی ڕەخنەییە؟ لەوە واوەتریش دەبێ زمانی ئەكادیمییەك بێت كە پێی وایە تەنها خۆی سوارچاكی گۆڕەپانەكەیە و نێوەندی ڕۆشنبیری كوردی پڕبووە لە فەعۆ؟! وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ خوێنەران جێدیڵین.

پەراوێزەكان:
1 چۆن ڕۆمان دەنووسرێت، گۆران سەباح، بڵاوكراوەی كولتوور، ساڵی چاپ 2022.
2بۆ ئەم وتارەی گۆران سەباح، بڕوانە گۆڤاری وانەر، ژمارە 13، ل .74

ھەواڵی زیاتر