خه‌باتی ئافره‌تان پێویستی به‌ شه‌پۆلێكی نوێی فێمینیزمی هه‌یه‌؟

زیــــــبا تـەهـــــــــــا

فێمینیزم یەکێکە لە کۆنترین بزووتنەوەکانی مێژووی جیهان، هه‌ڵگری پێناسه‌و دیدگای جیاوازه‌ بەڵام ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ خاڵی هاوبه‌ش بۆ ناساندنی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ بریتییه‌ له‌ کۆتاییهێنان بە جیاکاری جێندەری و هێنانەدی یەکسانی جێندەری. لەپێناو ئەو ئامانجەشدا، به‌پێی گۆرانكاری سه‌رده‌م و قۆناغه‌كان چەندین شه‌پۆلی فێمینیزم دروستبوون. هه‌ریه‌ك له‌وانه‌ ئامانجێكی دیاریكراوی هه‌بووه‌، شەپۆلی یەکه‌م له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوون كه‌ کۆمەڵگه دان بەوەدا بنێت ئافره‌ت سه‌ربه‌خۆیه‌ نەک موڵکی كه‌سێكی دیكه‌، ده‌بێت سه‌ربه‌خۆی بپارێزرێت و له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه‌ خاوه‌ندارێتی نه‌كرێن، له‌كاتێكدا فێمینیزمی شەپۆلی دووەم كه‌ لە ساڵانی شەست و حەفتاکان دروستبوو لەسەر رێچكه‌ی فێمینیزمی شەپۆلی یەکەم بنیات نرا، ئاڵنگاری ئه‌و هزره‌ی ده‌كرد كه‌ ده‌بێت ئافره‌تانیش له‌گه‌ڵ پیاوان له‌مافه‌ مه‌ده‌نیه‌كان یه‌كسان بن به‌تایبه‌ت له‌رووی كاتژمێری كار و موچه‌وه‌، هه‌ر له‌سه‌ر رۆشنایی ئه‌وه‌ بوو كه‌ له‌هه‌ندێك وڵاتدا یاسای موچه‌ی یه‌كسان ده‌رچوو، به‌مه‌ش گۆرانكارییه‌كی گه‌وره‌ له‌كاری بزووتنه‌وه‌ی ئافره‌تاندا روویدا و هۆكارێك بوو كه‌ ئافره‌تان به‌ خواستێكی زیاتره‌وه‌ خه‌بات بكه‌ن و پێداگیری له‌ هێنانه‌دی ئه‌و مافانه‌دا بكه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌وه‌ لێیان زه‌وتكرابوو.
بەهۆی سەرکەوتنه‌كانی فێمینیزمی شەپۆلی دووەم، ئافره‌تان لە ساڵانی نەوەدەکاندا ماف و دەسەڵاتی زیاتریان وه‌رگرت. توانیان بیر لە ره‌هه‌نده‌كانی تری ناسنامەی بوون و گرنگی خۆیان له‌كۆمه‌ڵگه‌دا بکەنەوە، هه‌رچه‌نده‌ ره‌وتی دووه‌م و سێهه‌م له‌هه‌ندێك بیركردنه‌وه‌دا به‌ریه‌كه‌وتن له‌نێوانیاندا روویدا هه‌ریه‌كه‌یان به‌ئاراسته‌یه‌كی جیاواز ده‌یانویست مافه‌كان به‌ده‌ستبهێنن، به‌ڵام ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌ له‌رووی تێگه‌یشتن و تایبه‌تمه‌ندی كۆمه‌ڵگه‌كانه‌وه‌ رووبه‌رووی كێشه‌ و ئاسته‌نگ بۆوه‌، فێمینیزمی شەپۆلی سێیەم زیاتر هۆشیاری ڕەگەزی بوو، لە کاتێکدا فێمینیزمی شەپۆلی یەکەم و دووەم تا ڕادەیەکی زۆر جیاوازی ڕەگەزی لەناو ڕەگەزدا پشتگوێ خستبوو له‌كاتێكدا شەپۆلی سێیەم گرنگی پێده‌دا.
هەندێک کەس پێیانوایە ئێمە هێشتا لە شەپۆلی سێیەمی فێمینیزمیداین، چونکە شەپۆلی چوارەم ئەوەندە گه‌شه‌ وگۆڕانکاری له‌كاری بزووتنەوەکە نه‌كردووه‌. بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی ئامانج و بیرۆكه‌ی نوێ بۆ ده‌ستبه‌ركردنی مافەکانی ئافره‌تان و له‌هه‌مانكاتدا به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی توندی كۆمه‌ڵگه‌ له‌هه‌ندێك بواردا، زۆر بۆچوون هه‌یه‌ ئێمە لە شەپۆلێکی نوێی سه‌رهه‌ڵدانی فێمینیزمیدا دەژین. سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیا و چالاکییەکانی سۆشیال میدیا بزووتنەوەکەی والێكردووه‌ لەسەرهه‌مان هزری شەپۆلی سێیەم، شه‌پۆلی چواره‌م بنیاد بنێت و جیهان به‌ته‌واوی له‌مانای چه‌مكه‌كانی ئازادی و سه‌ربه‌خۆی و به‌هێزی ئافره‌تان تێ بگه‌یه‌نێت،و به‌شێوازێكی مۆدێرن له‌رێگه‌ی ته‌كنه‌لۆژیاوه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان پشتگیری بۆمافی ئافره‌تان زیاد بكات.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و بۆچوونه‌ جیاوازانه‌ كۆمه‌ڵگه‌ پێویستی به‌ شه‌پۆلێكی نوێ هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی بتوانێت ئه‌و ماف و خواستانه‌ی له‌پێشودا نه‌هاتونه‌ته‌دی، له‌ئێستادا به‌هۆی گۆرانكارییه‌ خێراكانی كۆمه‌ڵگه‌وه‌ كه‌ خواسته‌كان زیاتربوون، ده‌بێت به‌شێوازێكی نوێ پێداگیری له‌ده‌سته‌به‌ركردنیان بكرێته‌وه‌ و پێویسته‌ خه‌باتی ئافره‌تان به‌ره‌و هه‌نگاوێكی نوێ بچێت كه‌ ئه‌ویش كۆتایی هێنان بێت به‌داكۆكیكردن به‌و مافه‌ سه‌ره‌تاییانه‌ی ده‌بێت ئافره‌تانیش وه‌ك پیاوان خاوه‌نی بن و له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌گه‌ز جیاوازیان له‌گه‌ڵدا نه‌كرێت، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ كه‌ زۆرینه‌ فێمینیست و چالاكوانانی بواری ئافره‌تان پێیانوایه‌ هه‌نگاوه‌كانی دروستبوونی شه‌پۆلی چواره‌م ده‌بێت خێراتر و جددیتربكرێت، له‌سه‌ر ئاستی جیهان دیدگا و ئاراسته‌یه‌كی دیاریكراوی بۆ دابندرێت بۆئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگه‌كانی جیهان پێی ئاشنا بن و له‌رێگه‌ی یاساوه‌ ئه‌و مافانه‌ی كاریان له‌سه‌ر نه‌كراوه‌، چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی بۆ بدۆزنه‌وه‌ و كاری له‌سه‌ربكه‌ن.
سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان